
دلاوەر جەوهەر
نووسەر
ڕەهەندی نیشتیمانی لە ململانێی سیاسیدا

پرسی شوناس و ناسنامەی نیشتیمانی و نەتەوەیی لە 100 ساڵی ڕابردوو زۆرترین بەرخوردی لە نێوان نەتەوە جۆراوجۆرەکانی عێراق دروست کردووە، لە نێویاندا هەردوو پێکهاتەی کورد و عەرەب.
تاکی عێراقی هەڵگری تەنیا ناسنامەی عێراقی نییە؛ لە پاڵیدا هەڵگری کۆمەڵێک ناسنامە و شوناس و پێناسی ترە، کە زۆر جار کێشمەکێشم لەسەر پێشخستنی گرنترین لە نێوان گرنگەکان، لە لایەن خاوەن پاشخانە هزرییە جیاوازەکان دروست دەکات، ناسنامەی نیشتیمانی، نەتەوەیی، کلتوری، مەزهەبی و تائیفی.
لە جیهانی مۆدێرن کە پێکەوەژیانی نێوان کولتوور، ئایین و نەتەوەکان یەکێکە لە خواست و بنچینە سەرەتاییەکانی بوونیادنانی کۆمەڵگەی سەقامگیر و هاوچەرخ، کە نیشتیمان وەک چوارچێوەیەکی جوگرافی دیاریکراو کۆیان دەکاتەوە و بەرەو یەک چارەنووس و قەدەر ئاراستەیان دەکات، لە هەموو ڕەهەندە شوناسییەکانی تر پێویستترە کە بکرێتە شوناسی سەرەکی سەرجەم نەتەوە و شوێنکەوتەی ئایین، ئایینزا، مەزهەب، تائیفە و ئایدیۆلۆژیای دیکەی سیاسی.
کوردستانیبوون؛ بەو مەفهومەی نیشتیمانی هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانە، بە تەنیا موڵکی هیچ حزب، نەتەوە، ئایینزا، ڕەوت، تەیاری ئایدیۆلۆژی و سیاسی نییە، بەڵکو موڵکی سەرجەم دانیشتووانی ئێستا و نەوەکانی داهاتوومانە؛ بۆیە خەمی کوردستانیبوون و پاراستن لەو شوناسە نیشتیمانییە ئەرکی سەرەکی سەرجەم تاک و خێزانەکانمانە. پێویستە ئەرکی سەرەکی پەروەردەیی نەوەکانی ئێستا و داهاتوو بریتی بێت لە قوڵکردنەوەی ئینتیما و خۆشەویستی بۆ ئەم نیشتیمانە، کە ئازادی، سەربەستی و خۆشگوزەرانی هەموومان پابەندە بە ئازادی و سەربەستی، ئاوەدانی ئەم کوردستانە.
جیاوازییە سیاسییەکان نابێ ببنە هۆکاری لەرزۆککردنی ئینتیمای نیشتیمانیبوون (کوردستانیبوونمان)، دەکرێ تەرازووی هێز لە داهاتوو لە نێوان لایەنە سیاسییەکان گۆڕانی بەسەر بێت، ئایدیۆلۆژیای سیاسی بگۆڕێت، فۆڕمی حوکمڕانی قابیلی دەستکاریکردن و پێداچوونەوەیە، بەڵام شوناسی نیشتیمانی پێویستە کۆلکەی هاوبەشی نێوان سەرجەم هاونیشتمانییان بێت و هەمیشە بە نەگۆڕی بمێنێتەوە، هێڵی سوورە؛ بە هیچ پاساو و بیانووەک نابێت سازشی لەسەر بکرێت.
گرژییەکانی ئەم دواییەی سووریا، ئەو ڕاستیەی بۆ هەموو لایەک دەرخست، کاتێک ڕۆڵەکانی نیشتمان، پشت لە شوناسی نیشتیمانی دەکەن لە پێناو پێناسی نەتەوەیی و ئایینی و تائیفی، نیشتیمان دەبێتە گۆمی خوێن، کانگای نائارامی، ژێرخان، سەرخانی ژێر پێدەخرێ و بەرەو داڕووخانی یەکجاری و قەدەرێکی نادیار هەنگاو دەنێت. بە پێچەوانەوە؛ ئەو کۆمەڵگە فرە کولتوور و نەتەوانەی پرسی نیشتیمانیبوون دەکەنە چەق و خاڵی هاوبەشی کۆکەرەوەی سەرجەم هاونیشتیمانییان و چاوپۆشی لە جیاوازییەکانی تر لە پێناو نیشتیمانیبوون دەکەن، ئارامی و ئاسایش سەراپای نیشتیمان دەگرێتەوە و بەرەو ئاسۆییەکی گەش هەنگاو دەنێن.
کوردستان؛ نیشتیمانی سەرجەم هاووڵاتییانە بە سەرجەم دەنگ و ڕەنگ و پێکهاتە جیاوازەکانەوە، پاراستنیشئ ئەرکی سەرەکی هەموومانە. گەورەترین خزمەتیش بەم نیشتمانە تۆخکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان و فەراهامکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاونیشتیمانییان و قوڵکردنەوەی ئینتیمای کوردستانیبوون و پێشخستنیەتی بەسەر سەرجەم پێناسەکانی دیکە.