
دلاوەر جەوهەر
نووسەر
بنیادنانی نیشتمان: ڕوانگەی بارزانی بۆ سێ بنەماکە

هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی، ئەم سێ بنەمایە تەنیا دروشمی ڕازاندنەوە نین، بەڵکو بنەمان بۆ بنیادنانی دەوڵەت لەسەر بنچینەی دادپەروەری و سەقامگیری. سەرۆک مەسعود بارزانی ئەم بەهایانەی لە وتار و بڕیارەکانیدا چەسپاندووە، کە ڕێڕەوی پەیوەندیی نێوان کوردستان و بەغدایان لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003ەوە کێشاوە.
هاوبەشیی ڕاستەقینە: بنچینەی پەیوەندیی کورد لەگەڵ عێراقدا
لە کۆنفرانسێکی ساڵی 2013دا، سەرۆک بارزانی بژاردەیەکی ڕوونی خستە بەردەم بەغدا: یان هاوبەشییەکی ڕاستەقینە، یان هەرلایەک ڕێگای خۆی دەگرێتەبەر، و ڕوونیکردەوە کە پاشکۆیەتی بە تەواوی ڕەت دەکرێتەوە “یان دەبینە هاوبەشی ڕاستەقینە، یان هەریەکەمان ئەو ڕێگایە هەڵدەبژێرین کە بە گونجاوی دەزانین". هەروەها لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ بەغدا لە تەمموزی 2024 جەختی کردەوە: ئەو پەیوەندییەی چاوەڕوان دەکرێت، لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە و پێویستیی بوونی هاوبەشییەکی بنیادنەرانە دادەمەزرێت، چونکە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان تەنها لە ڕێگەی هاریکاریی ڕاستەقینەوە بەدیدێن، نەک کێبڕکێی بەردەوام "سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا... جەخت لە پەرۆشیی هەرێم دەکاتەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگای نوێ بۆ گفتوگۆ ئەمەش بەدی نایەت مەگەر بە بەلاوەدانانی ناکۆکییەکانی ڕابردوو".
سازان: ڕێبازێک بۆ گفتوگۆ و حوکمڕانیی بەکۆمەڵ
لە نیسانی 2025، بارزانی لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب ڕایگەیاند: "تاکە چارەسەر بۆ دۆخی عێراق گەڕانەوەیە بۆ بنەماکانی (هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان) و پابەندبوون بە دەستوورەوە." ئاماژەی بەوەشکرد کە دەستووری عێراق، کە %85ـی گەل دەنگی پێداوە، بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە و دەکرا عێراق لە چەندین کێشە بەدوور بگرێت ئەگەر هەمووان پێوەی پابەند بوونایە. لە کۆنفرانسی یەکگرتنی یەکێتیی قوتابیان و لاوان (ئایاری 2025)، دووپاتی کردەوە: "هاوبەشی بێ هاوسەنگی نابێت" و ڕەتی کردەوە لەپێناو مووچەدا دەستبەرداری کەرامەت بن، جەختیشی کردەوە کە سازان شتێکی ژیانییە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە شەفافیەت و دادپەروەری.
هاوسەنگی: مسۆگەرکردنی مافی پێکهاتەکان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سامان
دووبارەکردنەوەی بنەمای هاوسەنگی لەلایەن بارزانییەوە بە ڕوونی دەردەکەوێت کاتێک باس لە مافەکانی کوردستان لە بودجە و دۆسیەی نەوتدا دەکات. بەڕێزیان ڕەخنەی لە هەوڵی سەپاندنی بڕیار لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە گرت بەبێ بەشداریکردنی هەرێم، و جەختی کردەوە کە "ئەگەر عێراق سەقامگیریی دەوێت، دەبێت بە سازان بەڕێوەببرێت، ئەمەش کلیلی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە". لە کاتی گفتوگۆکانی کۆمپانیای BP لەگەڵ بەغدا بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، بارزانی پێداگریی لەسەر پێویستیی بەشداریکردنی حکومەتی کوردستان کرد بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی کە هیچ لادانێکی دەستووری ڕوونەدات و هاوسەنگیی نێوان هەردوو لا بپارێزرێت.
کرداری بەرجەستە بۆ بەهێزکردنی سێ بنەماکە
ڕێکخستنی پەیوەندییە ئەمنییەکان: لە ئایاری 2021، بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی کۆبووەوە بۆ ئەنجامدانی هەماهەنگیی ئەمنیی هاوبەش دژی ڕێکخراوی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، و جەختی کردەوە کە هاریکاری گرنگە و بنەماکەی سازانە کۆبوونەوەی هاریکاریی بنیادنەرانە لەنێوان پێشمەرگە و هێزە فیدراڵییەکانی عێراق.
گرێبەستە گەورەکانی وزە: لە ئایاری 2025، بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانی، لەڕوانگەی تێگەیشتن لەروئیای سەرۆک بارزانی و بەپاڵپشتی جەنابیان سەرپەرشتیی واژۆکردنی دوو ڕێککەوتنی گرنگی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کرد بە بەهای 110 ملیار دۆلار بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی غاز و نەوت لە کوردستان و عێراق، کە ئاماژەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژی کە پشتگیری لە گەشەپێدانی هاوبەش و هاوسەنگی لە بەکارهێنانی نیشتمانیی سامانەکان دەکات.
پوختەی ڕوانگە – ڕوانگەی نیشتمانی لەسەر زاری بارزانییەوە
لەکۆی هەڵوێستەکانییەوە، ڕوون دەبێتەوە کە بارزانی سەیری ئەم بنەمایانە تەنیا وەک دروشم ناکات، بەڵکو وەک جەوهەری ئەو عەقڵە سیاسییە دەیانبینێت کە پەیوەندیی هێزەکان لەناو دەوڵەتدا ڕێکدەخات:
-هاوبەشی پێویستی بە بەشداریی کردەیی هەیە لە بڕیارداندا.
-سازان پێویستی بە گەڕانەوە هەیە بۆ گفتوگۆ و دەستوور.
-هاوسەنگی مافەکان دەپارێزێت و دەسەڵات و سەرچاوەکان بە دادپەروەری دابەش دەکات.
هەروەک بارزانی لە زیاتر لە بۆنەیەکدا دەریبڕیوە:"هاوبەشی بێ هاوسەنگی نابێت... گەلی کوردیش سواڵی مووچە ناکات." و ئەوەی کە عێراق تەنها بە پابەندبوون بە دەستوور و بنەماکانی دادپەروەریی نیشتمانی بۆ هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی بنیاد دەنرێت.
بەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین کە بارزانی تەماشای ئەم بنەمایانەی نەک وەک سیاسەتی کاتی، بەڵکو وەک چوارچێوەیەکی نەگۆڕ بۆ حوکمڕانی کردووە، و نموونەیەکە کە ئامانج لێی بووژاندنەوەی عێراق و کوردستانە لە ڕێگەی هاریکاری و دەستوور و ڕێزگرتن لە فرەییەوە.
هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان
قوڵایی ستراتیژی پارتی بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ سەرجەم لەیەنەکان لە کوردستان و عێراق، کۆڵەکەی ئەجێندای لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ پەرلەمانی عێراق.
پێمان وایە؛ بونیادنانی نیشتیمان پێویستی بە هزرێکی دروست، ستراتیژێکی گونجاو و واقیعی، جیهانبینییەکی فراوان و هەمەچەشن، کۆکەرەوەی حەماسەتی گەنجان و حیکمەت و ئەزموونی بەتەمەنەکانە.