سیاسی
ئیسماعیل عەبدولعەزیز مستەفا
ئیسماعیل عەبدولعەزیز مستەفا

نووسەر

دەزگای خێرخوازیی بارزانی: بیست ساڵ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی

دەزگای خێرخوازیی بارزانی: بیست ساڵ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی
دەزگای خێرخوازیی بارزانی: بیست ساڵ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی

ئەمساڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی لە ساڵی 2005ـەوە یاد دەکاتەوە.  دەزگای خێر خوازیی بارزانی لە ژێر ڕۆشنایی وتەیەکی بارزانی نەمر "شانازیە بۆمرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت" دامەزراوە.

لەم ماوەیەدا بەردەوام بووە لە جێبەجێکردنی ڕۆڵێکی پێشەنگانەی مرۆیی و بەرجەستە بووە لە پێشکەشکردنی هاوکاری و پاڵپشتی بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی شەڕ و کارەساتەکانەوە، زیانیان بەرکەوتووە، چ لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چ لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بەبێ جیاوازی لەسەر بنەمای ڕەگەز، ئایین، نەتەوە  یان ئایدیولۆژیا جیاواز .

ئەم دەزگایە پڕ بەرهەمە  لە لایەن بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی دەستەی دامەزرێنەرانەوە دامەزرا، کە بە دیدێکی مرۆیی ڕوون و ئیلهام وەرگرتن لە بیرکردنەوەی ، سەرۆک مەسعود بارزانی، ئایکۆنی گەورەی نیشتمانی و مرۆیی، سەرکردایەتیی کرد.

سەرۆک بارزانی هەر لە یەکەم ڕۆژەوە گرنگییەکی زۆری بە دامەزراوەکە داوە و لە هەموو قۆناغەکانی گەشتەکەیدا لە ڕێگەی ڕێنماییە ژیرانە و بەدواداچوونی کەسیی خۆیەوە ئامادە بووە. بوونی ئەو تەنیا ڕەمزی نەبوو، بەڵکو مەیدانی و مرۆیی بوو. 

ئەم دەزگایە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوکارییەکانی گەیاندە ئەو کەسانەی کە زیاتر لە وڵاتێکدا لە کاتی کارەساتەکاندا زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش وایکردووە پشتگیرییەکەی ببێتە هێمای دڵسۆزی و بەرپرسیارێتی.

جەنابی مەسرور بارزانی دڵی لێدانی دەزگاکە  بووە، ماندوونەناسانە کاردەکات بۆ چەسپاندنی نەریتێکی بەخشین و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، دڵنیابوون لەوەی کە دەزگاکە بە ڕاستگۆیی لەگەڵ بەها بێ پایەکانی  بارزانیدا بمێنێتەوە: خزمەتکردنی مرۆڤایەتی، ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و وەستان لەگەڵ کەسانی نەدارو هەژار لە کاتی سەختیدا.

لە سایەی ئەم پاڵپشتییەی بەڕێز مەسرور بارزانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووەتە یەکێک لە دیارترین ڕێکخراوە مرۆییەکانی هەرێم و مۆدێلێکی جیهانی بۆ هاوخەمی، دادپەروەری و کاری خۆبەخشی بە کوالیتیەکی بەرز.

ئەندامێتی نێودەوڵەتی و متمانەی جیهانی

وەک لوتکەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەندامێتی  لە ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (ECOSOC) بەدەستهێناوە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە کاریگەری و متمانە پێکراوییەکانی لەناو سیستەمی مرۆیی جیهانیدا.

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، دەزگاکە دەیان نامەی پێزانینی لەلایەن وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پێگەیشتووە، کە ستایشی ڕۆڵی کاریگەرانەی کردووە لە گەیاندنی فریاگوزاری بۆ پەنابەران و پاڵپشتیکردنی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە، بەتایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان و کارەساتە سروشتییەکاندا.

دەزگاکە لە یانزە سێکتەری جۆراوجۆری سەرەکی کاردەکات، دیارترینیان: ئاسایشی خۆراك و ئاو ئاوەرۆ و پەناگە و پەروەردەو پەرەپێدان و یارمەتی نەختینە و پاراستن و تەندورستی و کەلوپەلی ناخۆراکی و بەڕێوەبردنی هەماهەنگی کەمپەکان و فریاگوزاریی خێرا. ئەم پسپۆڕییانە توانای دەزگاکە نیشان دەدەن بۆ وەڵامدانەوەی گشتگیر و یەکگرتوو بۆ پێداویستییەکانی کۆمەڵگاکان کارە مرۆیەکان .

پشتگیری پەروەردە و بنیاتنانی داهاتوو

دەزگاکە گرنگییەکی تایبەت بە کەرتی پەروەردە دەدات، ساڵانە دەیان قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان نۆژەن دەکاتەوە و بنیاد دەنێتەوە کارەبای 24 کاتژمێری لە ڕێگەی تیشکی خۆرەوە دابین دەکات، جگە لە دابینکردنی پێداویستی پەروەردەیی بۆ قوتابیان بۆ پاڵپشتیکردنی خوێندنی فەرمی و نافەرمی بۆ بنیاتنانی نەوەیەکی شارەزا و خوێندەوار.. ئەم پشتگیرییە یارمەتیدەر بووە لە دابینکردنی ژینگەیەکی باشتری فێربوون بۆ تەواوی نەوەکانی منداڵان و گەنجان.

ژیانێک شایستە تر بۆ بێ باوکان و بێ هاوژینان 

یەکێک لە پرۆگرامە کاریگەرەکان سپۆنسەری بۆ ئازیزان و بێهاوژینانە، کە لە ڕێگەی خواپێداوانی کوردستان و مانگی سووری ئیماراتەوە کۆمەکی  دەکرێن . تا ئێستا مانگانە  زیاتر لە 17 هەزار منداڵی بێ باوک مانگانە سودمەند بوون لەم بەرنامەیە، کە ژیانێکی شکۆمەندانە و دەرفەتی خوێندنیان بۆ بەرەو پێش خستووە.

تیمەکانی فریاگوزاری خێرا و ڕزگارکردن

لە دۆخی کارەساتدا، دەزگاکە کە تیمی فریاگوزاری ڕاهێنراوی هەیە  کە لە راهێنەران و پسپۆڕان و ڕزگارکەرانی پێکهاتووە و بە نوێترین ئامێرەکان . ئەم تیمانە توانیویانە چەندین قوربانی لە ناوچە جیاجیاکانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستان ڕزگار بکەن.

پەنابەران و ئاوارەکان 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی ژمارەیەکی زۆر کەمپی پەنابەران و ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات و خۆراک و شوێنی نیشتەجێبوون و چاودێری تەندروستی و پەروەردەی بۆ دابین دەکات، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە دیارترین ڕێکخراوەکانی فریاگوزاری لە عێراقدا.

لە دەرەوەی سنوورەکان

چالاکییەکانی دامەزراوەکە تەنیا بە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان یان عێراق سنووردار نییە، بەڵکو بۆ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان درێژ بووەتەوە و پڕۆژەی مرۆیی لە زۆرێک لە ولاتانی پێویست جێبەجێ دەکات و وەڵامی بانگەوازە بەپەلەکان دەداتەوە لە حاڵەتەکانی بوومەلەرزە و لافاو و شەڕی چەکداریدا.

ئەرکێکی بەردەوام لە خزمەتکردن بە مرۆڤایەتی

بیست ساڵ تێپەڕیوە و ئەو پرەنسیپەی کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەری دامەزرا، هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە: “خزمەتکردنی مرۆڤایەتی لەژێر ناوی بارزانی لە هەر شوێنێک بێت، بەبێ جیاوازی”. ئەم دامەزراوەیە کە لە کارەسات و تەحەددایانەوە لەدایک بووە، بووەتە ئایکۆنێکی مرۆیی ئیلهامبەخش، کە لە ناوچەکە و جیهاندا پەسەند کراوە.

لەگەڵ چوونە ناو دەیەی سێیەمی خۆیدا، دامەزراوەکە پابەندبوونی خۆی بە بەردەوامبوونی گەیاندنی پەیامەکەی دووپاتدەکاتەوە، هەوڵەکانی دوو هێندە دەکات بۆ گەیشتن بە خەڵکی پێویستدارتر، و بنیاتنانی داهاتوویەکی دادپەروەرانەتر بۆ مرۆڤایەتی.