مەسرور بارزانی لە پارلەمان

لێکدانەوەیەکی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیەتی بۆ پارلەمانی کوردستان

مەسرور بارزانی لە پارلەمان
مەسرور بارزانی لە پارلەمان

مەبەستی ئەم گوتارە هەڵسەنگاندنی ئاستی ڕۆشنبیری سیاسی پارلەمانتارانی خولی پێنجەم نییە، بەڵکو لێکدانەوەیەکی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیەتی بۆ پارلەمانی کوردستان. 

لەو ساتەوەی کە ئاشکرابوو مەسرور بارزانی کاندیدی پارتیە بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت، لێکدانەوەکان بەو ئاڕاستەیەوە دەچوون، کە خەڵکی کوردستان لەژێر سایەی کابینەی نۆهەمدا شاهێدی حوکمڕانیەکی پۆلیسی و ئەمنی دەبن و، ڕاوبۆچونەکان لە چوارچێوە دەگیرێن و هەموو جۆرە دەنگێکی ئازاد کپ دەکرێن. ئەویش چونکە کاندیدەکەی پارتی پێشینەی ئەمنی هەیە و جگە لە ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش، بەرپرسی ئاژانسی پاراستنیش بووە. هەندێک کەسیش هەبوون کە قوباد تاڵەبانیان بە مێردمنداڵی سیاسی لەقەڵەم دەدا و بە کەم تەجروبەیان دەزانی. ساڵێک زیادتر بەسەر حوکمڕانی مەسرور بارزانی تێپەڕی و، نە ڕەشبگیر دەستیپێکرد، نە سەرانی ئۆپۆزسیۆن تیرۆر کران، نە دەرگای پارلەمان قفڵی لێ درا، نە کەرامەتی ئینسان لەم هەرێمەدا ئاستی حورمەت لێگرتنی لەچاو ساڵانی پێشوو کەمی کرد، نە ئیدارەی حکومڕانیش هەرزەکارانەبوو. بە پێچەوانەی پێشبینیە نادروستەکان، سەرۆکی حکومەت موبادەرەی چوونە پارلەمانی کرد، لە ڕاستیدا بە هەمووانی گوت: `` انکە حساب پاک است، از محاسبە چ باکست``.

سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، زۆر بە ڕاشکاوانە و بە ڕاستگۆیانە سێ پەیامی گرنگیان گەیاندە پارلەمانی کوردستان. پەیامی یەکەم: ئاسەواری دوو ئیدارەیی ماوە، ئەم کێشەیە لە پڕۆسێسدا چارەسەر دەکرێت، چونکە دوو ئیدارەیی بە ڕۆژێک دروست نەبووە هەتا بە ڕۆژێکیش چارەسەر بکرێت، بەڵکوو جزوری مێژوویی خۆی هەیە. پەیامی دووەم: گەندەڵی هەیە، ئەوە ش بەرهەمی ڕۆژێک و کابینەیەک نییە هەتا بە شەو ڕۆژێک چارەسەر بکرێت. چاکسازی و ڕیفۆرم ئیشی پڕۆسێسین. پەیامی سێیەم: کێشەی قەیرانی دارایی بە تەنیا پێنەدانی مووچەی فەرمانبەران نییە، بەڵکو لەوە گەورە ترە و چارەسەرکردنی بە شەو ڕۆژێک ناکرێت، زۆر فاکتۆر دەوری تێدا دەبینن. گرنگترین خاڵ لە هەر سێ پەیامەکەدا لە ڕاسگۆیایەتی. مە سرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی خۆیان لە خەڵک نەکردە سیحرباز و بڵێن هیچ کێشەمان نییە و بەم زووانە هەمووی چارەسەر دەکەین. 

لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕەخنە و پرسیارەکانی ئوپۆزسیۆن، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە میزاجی پۆلیسی و ئەمنی و وەک مێردمنداڵ  ڕەفتاریان نەکرد. بە پێچەوانەوە سوپاسی ڕەخنەکانیان کردن و سەرنجەکانیان بە هەند وەرگرتن. بەڵام تەسلیمی عەواتفیش نەبوون، تەراجوعیان لە بەرنامەی حکومەتیش نەکرد. بەواتایەکیتر تەسلیمی هاژوهوژی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چەپڵەڕێزانی سەرجادە نەبوون. چونکە حکومەت دەبێت ئیدارەی کۆمەڵگە بدات، نەک لەدوایەوە بڕوات. ئەو سیاسەتمەدارەی کە بۆ ڕازیکردنی دڵی خەڵکی ناڕازی، هەزار و یەک پەیمانی درۆ بە خەڵک دەدات، تەنیا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاتی خاڵک ڕازی بکات و بەشان و باڵیدا هەڵبدەن، ئەوە کەسایەتیەکی لاواز و مەسڵەحچیە. مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە پێگەیەکی بەهێزەوە چونە پارلەمان، ڕاستگۆ و ڕاشکاو بوون، هەروە ها بە هێزەوە هاتنە دەرێ. بۆیە لەوانەیە ئەم سەردانە سەرەتایەک بێت بۆ هەماهەنگی پارلەمان و حکومەت لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستان.