برسیکردنی خەڵک لە پێناو ڕاگرتنی پڕۆژە و خزمەتەکانی مەسرور بارزانی

برسیکردنی خەڵک لە پێناو ڕاگرتنی پڕۆژە و خزمەتەکانی مەسرور بارزانی
برسیکردنی خەڵک لە پێناو ڕاگرتنی پڕۆژە و خزمەتەکانی مەسرور بارزانی

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، بە کردار سەلماندوویەتی کە چۆن لە ڕۆژە سەختەکاندا گەلەکەی پاراستووە. گەلەکەی لە پەتای کۆرۆنا، دووبەرەکیی ناوخۆ، وشکەساڵی، مووشەکباران، هێرشە ناڕەواکانی ناوخۆ و دەرەوە، گەندەڵی، بێسەروبەریی کەرتی گشتی و تایبەت پاراست. بڕینی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستانیش نەیتوانی کاروانی ئارامی و ئاوەدانی ڕابگرێت. ڕەنگە ئەمەیان گەورەترین تەحەددایش بوو بێت، چونکە نەیارانی کورد هێرشیان کردە سەر قووتی هاووڵاتییانی کوردستان و ڕۆژانی گەمارۆ و وێرانکردنی گوندەکان و سیاسەتی خاکی سووتاوی بەعسمان بیر دەهێنێتەوە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەدداش، نەک هەر کەس شان ناداتە بەری، بەڵکو زۆر لایەن و کەسی نەیاری ئەم گەلە پێیان خۆش بوو، تاوەکو لە ئازار و ناڵەی فەرمانبەرانەوە لە هەڵبژاردنەکاندا بتوانن دوو کورسیی زیاتر دەستەبەر بکەن؛ هەروەک چۆن لە بێکارەبایی و بێئاوییەوە ماکینەی ڕاگەیاندنیان گەرم دەکرد.

مەسرور بارزانی، نەوەی مەلا مستەفا بارزانییە و لەسەر بیروباوەڕی "شانازییە مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت" پەروەردە کراوە. پێدەچێت دوژمنەکانی ئەم گەلە لە مێژوو پەند و عیبرەتیان وەرنەگرتووە، هەروەک چۆن ڕابەری کورد و کوردستان، مەسعود بارزانی، لە ڕۆژە سەختەکاندا بە دروشمی "کوردستان یان نەمان"ی، کوردستانی گەیاندە کەناری ئارامی. کورد میللەتێکی ڕەسەنە و باش دۆست و دوژمن دەناسێتەوە. خودای گەورە مرۆڤی تەکریم کردووە، ئیتر پێم ناڵێن چۆن بە دوو دەجال و تیکتۆکچی و سیاسییەکی بێگانەپەرست لە خشتە دەبرێن؟ ئەوەتا خۆڕاگریی فەرمانبەران و کاسبکار و خەڵکی کوردستان، کە بە ڕوونی دیارە، گەورەترین پاڵپشتی بوو بۆ سەرکەوتنی گەلی کوردستان بەسەر پلانداڕێژەران و جێبەجێکارانی مەرام و بەرنامەی برسیکردن و گرتنی بینەقاقای خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان.

لە ماوەیەکی نزیکدا، ئەوانەی گرەویان لەسەر برسیکردنی خەڵک دەکرد، هەرزوو بە خۆڕاگریی گەلی کورد و ئیرادەی سەرۆکەکەیان بینی، سیاسەتە ناڕەوا و نامرۆییەکانیان بەسەر خۆیاندا هەڵگەڕایەوە. هەرچی نەرمیی نوواندنیش بۆ بەغدا لە دۆسیەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکاندا هەیە، تەنها لە پێناو چارەسەری کێشەی مووچە و فشاری دارایی و ڕزگارکردنی گەلەکەی و پێدانی مووچە بووە. ئەوان خوازیارن کورد دەستی لەسەر سامانی نەوتی نەمێنێت، هەروەک چۆن بە درێژایی مێژوو نەوتی کەرکووکی کوردیان کردە تۆپ و تەقەمەنی و بەسەر گەلەکەمان و وێرانکردنی گوندەکاندا باراندیان.

حکوومەتی مەسرور بارزانی هەوڵی زۆری داوە بۆ پەرەپێدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، بە تایبەتی لە بواری ئارامی و سەقامگیری، کارەبا، ئاوی خواردنەوە، کشتوکاڵ، ڕێگاوبان و فرەجۆرکردنی ئابووری، پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی. کە وایکردووە تەنانەت بەغداش چاوی لە ئێمە بێت و شاندەکانیان بە ڕوونی و ئاشکرا پرسیار لەسەر ئەو وەرچەرخانانە بکەن کە لە هەرێمی کوردستان لە بواری هەرسێ پڕۆژەی ڕووناکیی کارەبای 24 کاتژمێری، فریاگوزاریی ئاوی خواردنەوەی هەولێر و ڕێگاوبان بەدەستیان هێناوە.

بۆیە سیاسەتی بەغدا بە نەدانی مووچە و پشتگوێخستنی بنەماکانی مرۆڤ و یاسا و ئیدارەی دارایی بودجە، تەنانەت خودی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش، هەمووی وایکردووە توێژێکی گەورەی ناو کۆمەڵگای کوردستان، هەر لە پێشمەرگە و فەرمانبەران و خانەنشینان و خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالکراوان و چاودێریی کۆمەڵایەتییەوە، لەو مەبەست و مەرامانە تێبگەن کە لەلایەن کەسان و میلیشیا و سیاسەتمەداری دەستڕۆیشتوو و وەزیر و بەرپرسانی حکومەتی ناوەندییەوە دەرهەقیان دەکرێت. بۆیە بە مانگ و ساڵ ئەم چاوەڕوانییە گۆڕاوە بە ناڕەزایەتییەکی گەورە بەرامبەر سیاسەتی برسیکردن، کە بە شێوەیەکی ڕوون لە شەقامەکان و تۆڕە میدیاییەکان دەردەکەوێت.

سیاسەتی بەغدا لەبارەی نەدانی مووچە، بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە خزمەتیان کردووە بۆ پاراستنی نیشتمان و ئاوەدانی و گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، نیشانەی پشتگوێخستنە لە مەرجە مرۆییەکان و بنەما یاساییەکانی خودی دەوڵەتی عێراقەوە. خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالکراوان کە قوربانییان داوە بۆ ئازادی و پاراستنی ناسنامە، لە ڕووی ئەخلاقی و یاساییەوە پێویستە پشتگیری بکرێن نەوەک لەلایەن بەغداوە پشتگوێ بخرێن. لە یاسای فیدراڵی و دەستووری عێراقدا، مووچەی فەرمانبەران و پشتگیری لە خانەنشینان و کەسانی تایبەت بە شێوەیەکی ڕەسەن دیاری کراوە. بەڵام ئەوەی بەغدا بە هۆی سیاسەتی ناڕوونی دارایی و نەبوونی ئیرادەی سیاسیی نیشتمانییەوە دەیکات، نیشانەی ئەوەیە حکومەتی فیدراڵی لە ڕووی فیدراڵییەت و دەستوور و حوکمڕانییەوە پێ نەگەیشتووە و هێشتا لە بنەماکانی پێکەوەژیان و دیموکراسی دوورە.

بەڵام خۆڕاگری و بوێری و ئیرادەی گەلی کوردستان و پاڵپشتیکردنی سەرۆکەکەی، وەڵامی نەیاران و پەیڕەوکارانی سیاسەتی برسیکردنی بە پڕۆژە و ئاوەدانی و خزمەت دایەوە.