
ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
دەستکەوت لەناو ئاشوب و جەنجاڵی دا

لەناو گێژاوی ململانێ و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەبەردەم ئاشووب و پشێوییەکانی حزب و بەناو سیاسییەكانی نێوخۆدا، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پارتێکی دایک و هەڵگری هزری مەلا مستەفا بارزانی، خزمەتکاری گەل و پارێزەری نیشتمان، بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز دەچێت. هەڵبژاردنێک بۆ پەرلەمانی عێراق کە بەدەرچوونی لیستی 275 هێزی کورد و پێگەی قەوارەی هەرێم لە بەغدا مسۆگەر دەبێت. پارتی لە هەموو وێستگە و قۆناغەکانیدا لەچاوی دوژمن و نەیارانی ئەم گەلە مەزڵوومەوە پارێزەری کورد و هەڵوەشانەوەی مەرامی دوژمنكارانەیان بووە.
کوردایەتی و ئاوەدانی؛ لەسەر دەستی سەرۆک مەسعود بارزانی ڕابەری نەتەوەی کورد درێژەی پێدراوە و، مەسرور بارزانیش وەک سەرۆکێکی بەئیرادە و خاوەن ئەزموون هەڵگری دروشمی پاپیری مەلا مستەفا بارزانی بووە "شانازییە مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت." ئەمە ئەو دەوڵەتمەدارەیە کە پەتای کۆرۆنا، قەیرانی دارایی، بڕینی مووچە و بودجە، درۆن و مووشەکباران و وشکەساڵی و ئاشوپی نێوخۆو کۆڵی پێنەدا و لەپێناو گەلەکەی لە بەرپرسیارێتی هەڵنەهات و بەرگری لە هاونیشتمانیانی کرد. پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی ئەم گەنجینە و کاریزمایەیە، ئیتر چۆن ماف و مووچەی مووچەخۆران لەبەغدا دەفەوتێت؟
زۆرێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت حزبەکانی دیکەی ناو حکومڕانیش لە بەرپرسیارێتی خۆیان دزییەوە و بارەکەیان خستە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردە کاریزماکەی. تەنانەت زۆربەی جار بەغدا هاندەدرا بەوەی مووچەی مووچەخۆران نەنێرێت، بۆ ئەوەی گرووپێکی دیکە لەنێوخۆدا ماکینەی ڕاگەیاندنیان بجوڵێنن و لە ئازار و نەهامەتییەکانی مووچەخۆران چەند کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان و عێراقیان دەستبکەوێت و ئۆباڵی نەهاتنی مووچە بخەنە سەر شانی حكومەتی هەرێم پێچەوانەی دەستوور و یاسا و ئیدارەی دارایی بودجە و تەنانەت بڕیارەكانی دادگاكانی عێراقیشەوە.
کەسە دڵسۆز و خەمخۆرەکانی ناو پەرلەمانی عێراق لە پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیر و پلە باڵاکانی دیکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەم بەرپرسیارێتییە ئەخلاقییە خۆیان نەدزییەوە و شانیان دایەبەری. لە گەمارۆ و بڕینی مووچە و بودجەدا، خزمەتگوزارییە پەروەردەیی و تەندروستی و کارەبا و ئاو و شارەوانی و چەندین بواری دیکە نەوەستان. دواتر کاتێک بە چاوڕوونی بەكرێگیراوو نەیارانی کورد مووچەیان داخڵی شەڕی نەوت و داهاتی نانەوتی کرد، لەپێناو مووچەخۆران و خێزان و منداڵە چاوگەشەکانی کوردستان، سەرۆک بارزانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە نەرمی بنوێنن و پابەندی ئەو داواکارییە نادەستووری و نایاسایی و نا ئەخلاقییەش بن کە پێچەوانەی بڕیاری دادگاکەی خۆشیانەوە مووچەكانیان بڕیوە ، نەوتەکە تەسلیم كرا و داهاتی نانەوتیش بۆ 120 ملیار دینار بەرز كرایەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەم جوامێرانە سەرکردایەتی بکەن و پارێزەری سەقامگیری و ئارامی و ئاسایش خەڵكی بن و لە گەرمەی قەیرانەکاندا وەرچەرخانی کارەبای 24 کاتژمێری و گەیاندنی ئاو و خزمەتگوزاری و دروستکردنی ڕێگاوبان و پشتێنەی سەوزایی و ڕانەوەستانی پەروەردە و خوێندنی منداڵەکانمان بێت و سەروماڵی هاوڵاتیان پارێزراو بێت ئیتر چۆن دۆست و دوژمن حسابی ووردی بۆ ناكەن، ئیتر چۆن لەناو گەرمەی دژایەتیکردنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێزە میلیشیاتەکانی عێراق و پیاوەکانی لەنێوخۆی هەرێمدا لێی ناتۆقێنن و بەردەوام هێرشی نابەجێ و پڕوپاگەندە و تەشهیری و ئاشوپ و جەنجاڵی دروست ناكەن؟.
تۆی دەنگدەری کوردو كوردستانی ، ئەگەر بتەوێت لە ئارامی و سەقامگیری بژیت و مووچەکەت لەناو قوڕگی هێزە داخ لەدڵەکانی دژ بە کورد لە بەغدا دەربهێنیت و سەروەری و کەرامەتت پارێزراو بێت، ناوچە کوردستانییەکان بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان، خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پەروەردە و کارەبا و ئاو بەردەوام بێت و خۆت و منداڵەکەت لەناو ئارامی و گەشەسەندندا بن، هەلی کار و ژیانێکی بەختەوەر و خۆشگوزەرانی بۆ خۆت و منداڵەکانت دابین بکرێت، دەنگ بە لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدە.
پارتێک بە کردار سەلماندوویەتی خاوەن ئەزموون و دەستکەوتە. لە مێژووی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕینەوە تاوەکو مێژووی شەڕی داعش و پارێزگاریکردن لە کورد و داستانەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە تائیفییەکانی سەر بەردێ و سحێلا، تاوەکو هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان، تا فریادڕەسی خێرای ئاوی هەولێر و کارەبای 24 کاتژمێری و شکاندنی گەمارۆی سەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لە شەڕ و ئاشتیدا هەڵۆی پارێزگاریکردن و ئاوەدانی کوردستانە. لیستی 275 یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو مەترسییانەی کە دێتە بەردەم نەتەوەی کورد.