
مەلا عهبدوڵڵا شێرکاوەیی
نووسەر
ڕووی ڕاستەقینەی ئیسلام ترسە یان خۆشەویستی؟

ئەوەی دوێنێ بەڕێز مەسرور بارزانی. سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی پەیمانگای ئەزهەر و ئاهەنگی دەرچووانی خولی یەکەم و دووەمی پەیمانگاکە باسی لێوە کرد، ئاماژەیەکی گرنگ و لۆژیکی و بەجێ بوو، کە پێویستە هەمووان بەتایبەت خوازیارانی زانستە شەرعییەکان و کاراکتەری ئایینی و زانایان هەڵوەستەی لەسەر بکەن و بە هەندی وەربگرن.
لە گوتارەکەیدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێم باسی لە پێویستی و گرنگی پەیمانگاکە وەک فاکتەری درێژەپێدانی پەیوەندی مێژوویی نێوان میسر و کوردستان کرد و ئەوەی خستە ڕوو كە لە سەردەمی سەرکردەی کورد سەلاحەددینی ئەیوبییەوە، ژمارەیەکی زۆری کورد ڕوویان لە میسر کردووەو لەوێ نیشتەجێ بوون و کەسایەتی بە نێوبانگ و زانا و شاعیرو نووسەرو پیاوی گەورەو ناسراویان لێ هەڵکەوتووە.
مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵێكی زۆر گرنگیان لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان هەبووە و ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان لە بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و پرسە نیشتمانییەکان و گەشەپێدانی هزری میانڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە کوردستان گێڕاوە. لەسەر ئەمەش جەنابیان گوتی: "دەمەوێ ڕوو لە مامۆستایانی ئایینی بەڕێز بكەم، سوپاسیان بكەم بۆ پشوودرێژیی و ماندووبوونیان، بۆ ئەو زەحمەتەی كە دەیكێشن لە ڕێنماییكردنی گەلەكەمان كە بەڕاستی جێگەی دەستیان دیارە لە هەموو شۆڕشەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان. بینیومانە كە مامۆستا هاوشانی پێشمەرگە لە جەبهە دژ بە ستەم و ستەمكاران وەستاوەتەوە و پەیامی میانڕەو لەناو كۆمەڵگەی كوردستاندا كە بڵاو بووەتەوە، ئەنجامی ڕێنمایی و ئامۆژگارییەكانی مامۆستایانی ئایینی بەڕێزە، بۆیە من ڕوو لە مامۆستا گەنجەكانیش دەكەم و داواكارم مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی بەردەوام بن لە بڵاوكردنەوەی ئەو پەیامە میانڕەوییە كە پێویستە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا زیاتر گرنگی پێ بدەین و ڕێگە نەدەین پەیامی توندڕەوی، توندوتیژی، یەكتر قەبووڵنەكردن، دژایەتیكردنی یەكتر و ئەم شتانە بواریان پێ بدرێت لە كوردستان بڵاو بكرێنەوە".
ئەوەی زیاتر مەبەستی منە هەڵوەستەیەکی جددی لەبارەوە بکەم، ڕێک ئەو پەیامە گرنگەیە کە بەرێزیان ئاماژەی پێدا بەوەی "ئێمە بەوەوە جوانین كە ڕووی راستەقینەی ئیسلام چییە ئەوە ببینین، مامۆستایانی ئایینی دەبێ وابكەن خەڵك ئیسلامیان خۆش بوێت نەك لێی بترسن".
ئەم پەیامە، بە واتای ئەوە نیە کوردستان لە دۆخێکی ئاڵۆزی دینداری و کەشێکی توندڕەو دایە، بەڵکو ئاماژەیە بەوەی پاراستنی ڕێبازی ڕەسەنی دینداری گەلەکەمان کە ساڵەهای ساڵە لەسەر دەستی زانایانی ئایینی ئیسلامپەروەرو نیشتمانپەروەر بڵاودەبێتەوە بۆ ئەم قۆناغە گرنگ و زێدە پێویست ترە؛ چونکە هەندێ جار کە دین لە چوارچێوەی فکرو ئایدۆلۆژیاو دەقەلایەکی کەسی و تایبەتی و میزاجی و دوور لە رێ و رێبازی گەورە زانایان و تێگەیشتنی دروست و زانستی دەخرێتە ڕوو، وێڕای ئەوەی ئیسلام گچکە نیشان دەدات و نوێنەرایەتیەکی ڕاستەقینە پیشان نادات. لەهەمان کات کۆمەڵێک لێکەوتە و دەرهاوێشتەی نامۆ سەرهەڵدەدەن و دەبنە هۆکاری پەیامی توندو بڵاوکردنەوەی ڕق و کینەو یەکتر شکاندن ڕێڕەوێکی پێچەوانەی ئەو بنەما دروست و گشتیانەی هەزار ساڵە زانایانی کورد بناغەیان بۆ داناوە، کە لەمەدا کوردستان خالی نییە و هەندێ جار شڵەژان و ناتەبایی و تەنانەت تەکفیرو تەفسیق و جنێوبازی و ئاست نزمی لەناو بەشێکی موسڵمانان هەست پێ دەکرێ و لە سۆشیال میدیا دەبێتە باسێکی گەرم.
زانایانی کورد هەمیشە ئامانج و پەیامی گرنگ و سەرەکیان ئەوە بووە، کە دینداری لای تاک شیرین و لای کۆمەڵگەش وەک ڕەحمەت نیشان بدەن. پەیامێک، تژی لە میانڕەوی و ڕێزلێکنان و یەکتر قەبوڵکردن و ئاوێتەکردنی هەستی ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری و پارێزگاریکردن لە جوانیەکان و مایەی خێر بۆ گەشەی کیان و شارستانیەت و ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی، وەک شێخی مەناوی دەفەرموێت: "ئیسلامی ڕاستەقینە ئەوەیە مرۆڤ بەگشتی هیچ کەس بە کەم نەزانێت و بەکەم سەیریان نەکات."
لەژێر رۆشنایی ئەم تێگەیشتنە فراوان و تێڕوانینە مرۆڤدۆستانەیە بووە زانایانی کورد هەمیشە بە مەزنی ئیسلامیان نیشانداوە و تەسکیان نەکردۆتەوە تەنها لە چەند دروشم و شتێکی شکڵی و تایبەتی و نەریتی، بەڵکو وێنایەکی جوان و زانستی و فراوان بە قەد فراوانی ئایین و جیهانبینی ئایینی نیشان داوە، هەر ئەمەش هۆکار بووە بەدرێژایی ئەو هەزار ساڵە کورد گرفتی ئایینی نەبووە و پابەندی و پارێزگاری لە عەقیدە و مەزهەب خۆی کردووەو رێڕەوەکەی پاراستووە.
کورد وەک گەلێکی موسڵمان کە بەشداری و هاوبەشیەکی دیارو کارای لە بنیاتنانی شارستانیەتی ئیسلامی هەبووە؛ لە ڕووی ڕێبازی فیقهییەوە بە درێژایی پتر لە دە سەدە پەیڕەوی لە مەزهەبی ئیمامی شافیعی کردووە، تا ئەو ئاستەی لە ئەنجامی ئەم پەیوەندی و پابەندییە؛ کورد بەم مەزهەبە نێوبانگی دەرکردووە و بۆتە ڕەمزی یەکبوونی کوردو سیمایەکی دیاری کۆمەڵگەی کوردەواری، هەروەها بۆتە سەرچاوە و جێی قبووڵ و وەرگرتنی بەشێکی زۆر لە گەورە زانایان ئۆممەتی ئیسلامی، لەناو کوردیش ڕەگ و ڕیشاڵی مێژوویی قووڵی هەیە و سەرچاوەی دونیابینی و هۆکاری یەکڕیزی و یەک گوتاری میللەت و هەوێنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتیەکان بووە.
لەبەر ئەوە لە ڕووی سەرکردایەتیکردنی میللەت و ئەدەبیات و عیرفان و نووسین و بزاڤی ڕۆژنامەگەری کوردی و هەڵوێستی نیشتمانی و شۆڕش و بەرخودانەکانیش؛ پیاوی گەورە گەورە لەناو کورد هەڵکەوتوون و بوونەتە ئەستێرەی ئاسمانی مێژووی کورد و ڕێبازی دینداری و خەباتی نەتەوەیی.
بەڵام کاتێ ئیسلام وەک موجامەلە و موجادەلە و فک رو ئەندێشە و قاڵبکراو ئایدۆلۆژیا عەزر دەکرێ و کێماسی لە شێوازەی گەیاندنی ئیسلام دروست دەبێت، یان شرۆڤەو ئیجتیهاد و بانگەشە و بانگەوازی نامۆ بە واقع و کولتوورو تێگەیشتنی زانستیانەی کورد بۆ دینداری دێتە ئارا، یان کەسانێک بێهەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر پرسی ئایینی و واقعی کۆمەڵگە ئەجێندای دەرەکی هاوردە دەکەن و دەیانەوێ بە زۆر میللەتی کورد پەلکێشی ستایلێکی جیاوازی دینداری لەواقعی خۆی بکەن و بێگوێدانە بنەمای دروست و زانستی گەورە زانایانی کوردو هەناوی ئەو میللەتەی چەندین سەدەیە بە ویستی خۆی و بە ئاشتیانەو بێ هەڕەشەو سەپاندن دینداری دەکات، ئەو کات لەجیاتی ئەوەی ئیسلام شیرین بێت لای خەڵک، دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خەڵکی لە ئیسلام بترسێن و گلەییش لە ئەهلی ئیسلام بکەن.
لەبەر ئەوە، ئەو پەیامەی سەرۆکی حکوومەت لە بۆنەیەکی وا گرنگ و مێژوویی، ئەرکی زانایان لەم قۆناغەدا قورستر دەکات، بەوەی هەوڵی خۆیان بۆ پاراستنی توراسی زانستی و میراتی گەورە زانایان چڕتر بکەنەوە و وەک هەمیشە بە مۆرک و تێگەیشتن و جیهانبینی خۆماڵیانە دینداری بڵاو بکەنەوە، بەو پێیەی ئیسلام لە پێناو بەرژەوەندی مرۆڤ و ژیاندۆستی و خۆشبەختی و بڵاوکردنەوەی ئاشتی و تەبایی و گەشەو ئاوەدانی مرۆڤ و کۆمەڵگەکان هاتووە و سەرچاوەی خۆشەویستی و سۆز و میهرەبانی و لێبوردەییە، ئیدی لەهەر کوێ ئەم تێڕوانینە بڵاو کرایەوە، ئەوە ئیسلامی ڕاستەقینەیە و کار لەپێناو خۆشەویستی دەکات. بەپێچەوانەوە گوتاری توندڕەوی سەرهەڵ دەدات و زەمینەی ترس لە تێگەیشتنی هەڵە بۆ ئیسلام بڵاو دەکاتەوە، میتۆدی یەکەم ئەسڵ و فەسڵی کوردستان بووە و ئەوەی دووەمیش بەرگێکی نامۆیە بە واقعی گەلەکەمان! لێرەوەیە پێویستیمان بە ڕێبازە رەسەنەکە دەردەکەوێت چەند زەرورە، ئەگەرنا فکر و ئەجێندای توند و نامۆ بە کۆمەڵگەی ئێمە هیچ دەردێک دەرمان ناکات و بگرە دەبێتە سەرئێشە و هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئایندەی کوردستان.