
ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
کێ هەڵبژێرین و کامیان باشترە؟

بۆ ئەوەی گەلی کورد لە عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی دیکە ڕووبەڕووی ئەنفال و جینۆساید و تەعریب و تەرحیل نەبێتەوە، مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی نەکرێتە چەکێک بۆ شکاندنی، دەبێت لە ناو جەرگەی بەغدا و لەناو پەرلەمان و حکوومەتی عێراقدا کاندید و نوێنەرانێک هەبن کە هەڵگری ڕۆحی نەتەوەیی و کوردایەتی بن.
پێویستە پارێزگاری لە ماف و دەستکەوتەکانی میللەتی کورد بکەن و ئامادەیی هیچ سازش و خۆفرۆشتنێک نەبن. دەبێت ئەو کەسانە ڕێبەرایەتییان بکەن کە مێژوویەکی دەوڵەمەندیان لە کوردایەتی و ڕێبازی مەلا مستەفا بارزانی هەیە.
ئەو ڕێبازەی بۆ خزمەتی کورد و کوردستان لە هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا دەریایەک خوێنی بەخشی و لە پاراستنی قەوارەی هەرێم و ماڵ و منداڵی کورددا بەرگرییەکی گەورەی کرد. بە خوێنی شەهیدەکانی بارزانی و پارتی نەیهێشت تیرۆریستانی داعش و میلیشیا چەکدارەکان خاکی کوردستان پیس بکەن. هەڵگرانی بیروباوەڕی ئەم ڕێبازە لە بەرەکانی شەڕ و بەرگریدا خاوەنی مێژوویەکی زێڕینن، هەروەک چۆن لە ئاوەدانی و خزمەتکردنی خەڵک و پاراستنی سەروماڵیشیان ئەزموونێکی پڕ بەهایان هەیە.
مێژوو سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دوژمنانی کورد و نەیارانی کوردستان تەنیا بە بارزانی و پارتی ئۆقرەیان لێ هەڵگیراوە و ناکۆکییان لەگەڵ ڕیفراندۆمخوازان و نەتەوەییەکان ئەوەیە، نایانەوێت تەنیا ئاستەنگ و بەربەستێک لەبەردەم پیلان و مەرامە دوژمنکارییەکانیان بمێنێت.
ئەوان تەنیا لە دروشمی "کوردستان یان نەمان"ـەکەی بارزانی ترسیان لێ نیشتووە و ناچارن مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرن، خۆ ئەگەرنا تا بۆیان بكرێت كیمیاباران و كۆمەڵكوژمان دەكەنەوە و تەنیا بە بڕینی مووچە و مافی ئەم میللەتە ڕاناوەستن.
لە کەرکوکی دڵی کوردستانەکەی مەلا مستەفا بارزانییەوە، سەرکردە کاریزماكەی کورد، ئامادە نییە سازش بكات لەسەر كوردستانی بستێك لەخاكی پیرۆزی كورد، ئەوان لە هەڵگرانی هزر و ڕێبازی بارزانی دەترسن بۆیە کەرکوک و تەواوی ناوچە کوردستانییەکان تەعریب ناکەن. لە پێکەوەژیانەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی کوردان دەترسن ، بۆیە كوردی ئێزیدی و کریستیان قەتڵوعام ناکەن. لە نێچیرڤان بارزانی سەركردە ئاشتیخواز و خاکییەکەی کوڕی ئیدریس بارزانیی نەمر دەترسن و ناتوانن دەنگی کورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا کپ بکەن.
لە بەردەم ئەندازیاری ئاوەدانی و دەوڵەتمەدارەکەی مەسرور بارزانییدا، نەیانتوانی کورد بخنکێنن و بەردەوامی بە گەمارۆ و برسییکردنی خەڵک بدەن.
میللەتێک ئەمانە خزمەتکار و پێشمەرگە و پارێزەری بن، ئیتر چۆن لەناو گێژاوی ململانێ و توندوتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بێسەروبەری عێراقەکەدا بە سەلامەتی ناگاتە کەناری ئارامی، میللەتێك ئەمانە ڕابەرایەتیی بكەن دواڕۆژێكی ئارام و سەقامگیر و ئاوەدانی بۆ منداڵەكانمان زامن دەكەن؛ بۆیە، ئەركی هەموو چین و توێژو كوردێكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە لە ڕۆژی 11/11ـدا، دەنگ بە لیستی 275 و كاندیدەكانی بدەن. ئەو لیستەی کە پێویستی بە بانگەشە نییە و بە کردار نەوەکوو دروشم، لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندا بووە و ئاشووب و هێرش و برسیکردن و بڕینی هەناردەی نەوت و گەمارۆ و بە مووشەك و درۆنی بۆمبڕێژكراو نەیانتوانی دەنگی زوڵاڵی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت کپ بکەن.