مەلا عهبدوڵڵا شێرکاوەیی
نووسەر
دەنگ و هەڵوێستی مەلای کورد لە ئەمەریکا
یەکێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان دروستکردنی پەیوەندیی بووە لەگەڵ جیهانی دەرەوە، بۆ ئەوەی واقعی دینداری و پەیامی زانایان لەئاست خواستی مافە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان بگەیەنێت و ئەزمونی خۆی و وڵاتان لەبواری پێشخستن و گەشەی هزری و فەرهەنگی گەنگەشە بکات، بەتایبەت لەرووی تێگەیشتنی بۆ دین و پرسی مافی مرۆڤ و پەیوەندی هەمەلایەنەو ئازادیی و مافە نەتەوەییەکانەوە.
زۆر جار گلەیی ئەوە دەکرا کورد توانیویەتی قەزییەی خۆی لە ڕووی سیاسیەوە بگەینێتە وڵاتان، بەڵام لە ڕووی دیندارییەوە کێماسی هەبووەو وەک پێویست نەیتوانیوە دۆخی دینداری و پابەندی و کلتوری ئایینی پیشان بدات، ئەمەش وای کردووە بەشێکی وڵاتان حوکمی ناجۆر بەسەر کورد بدەن و، شارەزاییان لەبارەی کۆمەڵگەی کوردی نەبێت و وەک گەلێکی ناموسڵمان لەقەڵەمی بدەن، یان وەک نەتەوەیەک سەیر بکرێت کە هیچ پرەنسیپ و بنەمای پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردنی نەبێت، یان بگرە وای نیشان بدەن ئەسڵەن کورد موسڵمان نییە!
لەم سۆنگەوە، لە هەردوو خولی پێنجەم و شەشەم پەیوەندیی یەکێتیی زانایان لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان لە ئاستێکی باڵا و باش خۆی بینیوەتەوە و تا ئەندازەیەکی باش ڕۆڵی هەبووە لە گەیاندنی تێڕوانینی زانایانی کورد بۆ دینداری و جیهانبینی بەرانبەر پرسە هاوچەرەکان و بەرچاوخستنی ڕۆڵی کورد لەم نێوەدا، ئەمەش فاکتەرێکی گرنگ بووە لە گیاندنی پەیامە نەتەوەییەکە لە چوارچێوەی دۆخی دینداری و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بەدەرەوە، بەو پێیەی کورد خاوەن فەرهەنگێگی تایبەت و دەوڵەمەندە لە بواری مرۆڤدۆستی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە فەرهەنگ و کولتوور و تایبەتمەندیی گەلان، وەک خۆیشی کورد گەلێکی ستەمدیدە و بێدەوڵەت و مافی چارەنووس ماوەتەوە، بۆیە زۆر جار کە لەسەر عیراق حیساب دەکرێت دەبێتە قوربانی نەریتگەلێکی عەرەبی و عیراقی، کە وەک وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەندێ جار لەدیدی وڵاتان سەرچاوەی ئاریشە بووە لەبەردەم مافی مرۆڤ و ئازادییەکان و ئاشتی ناوچەکە.
ئەم جارە، نەک لە جیهانی ئیسلامی، بەڵکو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەنگ و سەنگ و هەڵوێست و تێڕوانینی مەلای کورد دلێرانە بەرز دەبێتەوە و، پەیامی ستراتیژیانەی خۆی دەگەیەنێتە نوێنەرو شاندنی وڵاتانی جیهان، ئەوەتا بەڕێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان لە ۳۳یەمین سیمپۆزیۆمی ئایین و یاسا نێودەوڵەتییەکان بە بەرچاوی ۱٠٠ شاند و بەشداریی 54 وڵاتی جیهان و کەسایەتیی ئایینی و توێژەرو نووسەرو ئەکادیمی؛ پەیامی کورد دەگەینێت و باس لە ئازادیی ئایینی و ئاڵنگارییەکانی بەردەمی دەکات لە وڵاتانی جیهاندا. واقعی ئایینی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی کوردستان دەخاتە ڕوو، بەوەی دید و ڕامانی زانایانی ئایینی و موسڵمانانی کوردستان بەو پێیەی سەرچاوەی لە تێگەیشتنی دروستی گەورە زانایان وەرگرتووە، بەهایەکی گەورەی لەناو قەوارە و کۆمەڵگە چەسپاندووە، ئەویش خۆی لە هەڵوێستی میهرەبانیانەی ئیسلام دەبینێتەوە، کە پەیامی میانڕەوی و مرۆڤدۆستییەو خالیە لە توندوتیژی و چەوساندنەوە و ڕەتکردنەوەی بەرامبەرو هەڕەشە لەسەر پەیڕەوی ئایینەکانی تر.
چونکە ئەو ڕاستیە سەلماوە، کە گەلی کورد کێشەی ئایینی نییە و بگرە پتر لە هەزار ساڵە زانایانی کورد خزمەت و هەوڵەکانیان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و مرۆڤایەتی شۆڕکردۆتەوە و نەک تەنها لەسەر ئاستی ناوخۆ بەڵکو خزمەتی گەورەیان پێشکەش بە وڵاتانی جیهان کردووە. لەبەر ئەوەش بووە کورد بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بە ئاشتیانە ژیاوە و هیچ گرفتێک لە ئارا نەبووە و هەمووان پێکەوە دەژین، بەڵکو کێشەی هەرە گەورە ئەوەیە لەڕووی سیاسییەوە مافی چارەنووسی میللەتێکی نزیک بە ۵٠ ملیۆن کەسی تا ئێستا سەربەخۆو خاوەن دەوڵەت نییە، بە بەر چاوی هەموو دونیاوە کورد ستەمی لێکراوەو مافی خوراوە و دەیان نەهامەتی ڕووبەڕوو بووەتەوە و هەزارەها قوربانی داوە تەنها لە پێناو کوردبوون و گەیشتن بە مافی چارەنووس و ژیانێکی ئاشتیانە؛ کەچی کەس بە پیر داوا و مەغدورییەتی کوردەوە نەهاتووە و ئێستاشی لەگەڵ بێت دەیان گرفتی بۆ دروست دەکرێت و ماف و شایستە دەستووری و یاسایی و داراییەکانی بە ڕەوا نابینن، ئەمەش وای کردووە کورد هەست بە نیگەرانی زۆر بکات و ئومێدی بە دۆستایەتی دۆستەکانی لاواز بێت..
گەیاندنی ئەم پەیامە لە لایەن مەلایەکی کورد – سەرۆکی یەکێتیی زانایان- لە ویلایەتی یوتا و لە ناو دڵی وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمەریکا، پێنگاڤەکی گرنگ و مێژوویی و دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ زانایان و هەڵوێستی نیشتمانیانەی مەلای کورد، چونکە ئەگەر لەسەردەمانێک ئەو پیشاندان و بەرچاوخستن و هەڵوێستە خەون و خەیاڵ بێت، ئەوە بۆ ئەمڕۆ پراکتیک و واقعە..
لە پەراوێزی ئەم سیمپۆزیۆمەدا، بەرێز سەرۆکی یەکێتیی زانایان وتارێکی گرنگی پێشکەش کردو توانی لەماوەی وتارەکەی وێنایەکی جوان و واقعی کوردستان بۆ ئامادەبووان بگوازێتەوەو سەرنجی هەمووان ڕابکێشێت، کە کوردستان ئەگەرچی لە ڕووی هەرێمییەوە لەناو عێراق دایە، بەڵکو لەڕووی نەتەوەو فەرهەنگ و کولتوورو بەها ئایینی و مرۆییەکان نەتەوەیەکی تایبەت و جیاوازەو گوازشت لەخۆی دەکات نەک کولتووری گەلانی عێراق، خاوەن فەرهەنگێکی ناوازەیە لە پێکەوەژیانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، ناوەندێکی باڵای ئاشتیویست و لێبوردەییە. بۆیە بەرێزیان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن "هەرێمی کوردستان بەپێی پرەنسیپی ئیسلام پشتیوانیی لە ئازادی لە ئاییندا دەکات، هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرینە موسڵمانە، بەڵام هەموو ئایینەکانی دیکە لەو ناوچەیە بەیەکەوە دەژین و بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ڕێگەی بە ئازادی فرەئایینی داوە، هاوکات چەندین یاسایی پەیوەست بە فرەئایینی دەرکردووە، هەر ئەمەشە هەرێمی کوردستان لە عێراق جیا دەکاتەوە، کە لەسەر میراتی کولتووری و کۆمەڵایەتیی گەلی کورد و لێبوردەیی دامەزراوە، لە مێژووی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ کاتێک مزگەوت شوێنی حەوانەوەی ئەو کەسانە نەبووە، کە موسڵمان نەبوونە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ مزگەوتەکان شوێنی حەوانەوەی ئەو کەسانە بوون. هەروەها بەهەمان شێوە پێشمەرگە چۆن بەرگریی لە موسڵمانان کرد، ئەوهاش بەرگری لە کریستیان و ئێزدییەکان کرد."
ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان یەکێکە لە سەلامەترین ناوچەکان بۆ فرە پێکهاتەیی و فرەئایینی لە تەواو ناوچەکانی دیکە، هاوکات ئاماژەی بە یاسایەکی هەرێمی کوردستان دا، کە لە هەموو دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان، وشەی " کەمینەی ئایینی" قەدەغە کراوە، ئەمەش لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان %90 موسڵمان و نزیکەی هەشت ئاینیی دیکەی وەک، ئێزدی، کریستیان، کاکەی، فەیلی، شەبەک.. هتد، کە بە فەرمی دانییان پێ نراوە، کە هەموویان کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانیان پێک هێناوە.
لە هەرێمی کوردستان وەزارەتی ئەوقاف هەیە، نەوەک وەزارەتی کاروباری ئایینی ئیسلام، لە کاتێکدا زۆرینەی موسڵمانن، هەروەها یاسایەکمان هەیە بۆ پاراستنی مافی فرەپێکهاتەکان.هەروەها کاتێک کریستیانەکان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق لەلایەن داعشەوە هێرشیان کرایە سەر و ئاوارەبوون، هەرێمی کوردستان دەرگای بە ڕووی ئەواندا کردەوە، بووە پەناگەیەکی سەلامەت بۆ ئەوان..
دەشڵێت: لە هەرێمی کوردستان هەرکەسێک وتاری توندوتیژی دژ بە ئایینەکان بڵاو بکاتەوە، ئەوا بەگوێرەی یاسا سزا دەدرێت، دەبێت ئەوەشمان لە بیر نەچێت، کە کۆڵەکەی پاراستنی ئازادی ئایینی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان سەرۆک بارزانییە. هاوکات ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەبەرەی مرۆڤایەتین و دەبێت خۆشەویستی و برایەتی لەنێوان گەلان بڵاو بکەینەوە، هەروەها لە چەندین شوێنی جیاواز لە هەرێمی کوردستان منارەی مزگەوت و کلێسا بەرامبەر یەکترن و هەر کەسێک پەرستشی خۆی دەکات.
لەبارەی ئازادی لە ئایینی ئیسلامدا گوتی: ئازادی ئایینی لەوەی مرۆڤ ویست و کردەوەکانی خۆی هەڵبژێرێت بەبێ ئەوەی بە زۆر بەسەریدا سەپێنرابێت و مافی کەسانی دیکە بخوات و ڕێز لە مافە گشتییەکان بگرێت، هاوکات نابێت ئازادی ببێتە هەڕەشە بۆ سەر سیستەمی گشتی و تاکی مرۆڤ.
ئەوەشی باس کرد، کە ئەوەی ئاینی ئیسلام لە ئایینەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، باوەڕی موسڵمانانەی بە خودا، کە کۆڵەکەی ئایینی ئیسلامە، چ بەشێوەی فەلسەفە بێت یان کردەیی، هاوکات ئایین لە تێڕوانینی ئیسلام بریتییە لە چەند بیر و ڕەوشت و یاسایەک کە خودا دایناوە، بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی و بەدیهێنانی خواستەکانی مرۆڤ، هەروەک لە ئایینی ئیسلام تاک لە دەربڕینی بیروباوەڕی ئایینی خۆیان ئازادن، هاوکات زۆرکردن لە گۆڕینی ئایین نییە، ئەمەش واتە ئایینی ئیسلام ڕێز لە هەموو ئایینەکانی دیکە دەگرێت و ڕێگە بە پێکەوەژیان و فرەیی دەدات لە یەک وڵاتدا.
ماوەتەوە بڵێم: مەلای کورد وێڕای ئەوەی هەمیشە خزمەت و هەوڵەکانی مایەی شانازی بوونە بۆ کۆمەڵگەی خۆی، بەردەوامیش هەڵوێست و پەیامەکانی لە دەرەوە مایەی شکۆمەندی گەورە و دەسکەوتی زۆر بووە بۆ پاڵپشتی قەزییەی نەتەوەیی و گەیشتن بە مافی چارەنووس.