ئێزدییەکان و پارتی لە ڕیشەوە بۆ چارەنووس

ئێزدییەکان و پارتی لە ڕیشەوە بۆ چارەنووس
ئێزدییەکان و پارتی لە ڕیشەوە بۆ چارەنووس

پەیوەندیی نێوان ئێزدییەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێکە لە دێرینترین شێوەکانی پێوەندیی ویژدانیی لە ھۆشی کوردستانیاندا. پەیوەندییەکە، پێش داڕشتنی نەخشەکان دانانی سنوورەکان و بە زیندوویی ماوەتەوە، چونکە لەسەر ئەو بەهایانە دامەزراوە، کە نە دەکڕدرێن و نە دەگۆڕدرێن: ناسنامە و چارەنووس.

لە ڕۆژانی خەباتی شاخەوە، بڕیارەکە ڕوون بوو: دەبێت ئێزدییەکان لە چەقی ڕێبازەکەدا بن. لە ساتە چارەنووسسازەکانی مێژوودا، تەواوی پێکهاتەکان، لە نێویاندا ئێزدییەکان، تێکەڵی ڕێبازی کوردایەتی بوون، کە لە سۆنگەی باوەڕیان بە دۆز و ڕێبازی نەمریی نەتەوەکەیانەوە چەکیان ھەڵگرت. ئەوان پێشتر و ئێستایش ڕۆحێکی شەڕوانن و پەیمانێکی پارێزراون و  دەنگێکن لەگەڵ دۆزی گەلەکەیاندا یەکی گرتووە و بە دوای شکۆ و ئازادیدا دەگەڕێن. ئەوان، پێش ھیواکان لە ئازارەکاندا هاوبەشن و  یادگەیەکی ھاوبەشیان درووست کردووە، کە بەر لە مەرەکەب بە خوێن دەنووسرێت.

لە ویژدانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، ئێزدییەکان ھەرگیز وەک کەمینە سەیر نەکراون، بەڵکوو وەک ڕوکنێکی ڕەسەن و ڕەگێکی قووڵی نەتەوە سەیر کراون، با دۆخەکان گۆڕابن. بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان بووەتە ئامێز و پشت و پەنایان.

ئەوەی ئێزدییەکان و پارتی پێکەوە گرێ دەدات، تەنھا نەتەوە و زمان و جوگرافیا و میراتی ھاوبەش نییە، بەڵکوو ڕشتەیەکە لە متمانەی ڕەگداکوتاو و یادگەی پڕ لە ھەڵوێست و خۆشەویستییەک کە هیچ باهۆزێك کاری تێ ناکات. بۆیە، سەرۆک مەسعوود بارزانی ئەو وتەیەی فەرموو كە پێش کتێبەکان، یادگە تۆماری کرد، کاتێک لە بارەی کارەساتی شنگال لە ساڵی ٢٠١٤دا و لە وەڵامی بابا شێخدا فەرمووی: "دڵی من لە هی ئێوە بریندار ترە، ئێزیدخان  کاتێک کۆتایی دێت، کە کوردستان کۆتایی هاتبێت."

ئەو وتەیە تەنھا ڕستەیەک نەبوو بۆ دڵدانەوە، بەڵکوو سوێند و ڕاگەیاندنی ناسنامە بوو: ئەوەی لە دەرەوەی دڵی کوردستان باسی ئێزدییەکان دەکات، وەک ئەوە وایە ھەوڵ بدات ئاو لە ڕووبار جیا بکاتەوە، یان دار لە ڕەگەوە هەڵکێشێت.

سەرۆک بارزانی، لە ھەموو ھەڵوێستەکاندا سەلماندی ئێزدییەکان پەراوێزێک نین بۆ ناسنامەی کوردانە، بەڵکوو یەکێکن لە گرنگترین پێناسەکانی. کاتێک کۆمەڵکوژیی لە شنگال ڕووی دا، تەنھا سنوورەکانی کوردستان نەکرانەوە، بەڵکوو دڵەکان پێش خێوەتەکان بە ڕوویاندا کرانەوە. کارەساتەکە لە نەهامەتیی گەلێکەوە گۆڕا بۆ تاقیکردنەوەیەک بۆ ڕەسەنایەتی.

سەرەڕای ئەو پیلانانەی ویستیان ئەم پەیوەندییە تێک بدەن و کۆتایی بەم وابەستەییە بهێنن و ئێزدییەکان لە نەتەوەکەیان یان لە پارتەکەیان دوور بخەنەوە، بەڵام هەقیقەت  لە قاوەقاو بەھێزتر بوو. پیلانەکان پووچەڵ دەكرێنەوە، بەڵام بنەما چەسپاوەکان دەمێننەوە. کاتیش تەنها یادگەی دڵسۆزان دەپارێزێت.

بۆیە دەنگی ئێزدییەکان لە ھەڵبژاردنەکاندا تەنھا "دەنگی ھەڵبژاردن" نابن، بەڵکوو گەواهیدەری وەفاداری و نوێکردنەوەی پەیمان و چەسپاندنی چارەنووسێکە کە جیابوونەوە قبووڵ ناکات.

ئەمە خوازەیەک نییە، بەڵکوو ڕاستییەکی ڕەگداکوتراوە کە ئەم پەیوەندییە وەک پەیوەندیی ڕەگە بە زەوییەوە، ڕۆح بە جەستەوە و، بەش بە گشتەوە و گشت بە بەشەوە.

ئەو پارتییەی کاتێک ئەوانی تر دیار نەبوون، ئامادە بوو. لەو ڕۆژەی ئەوانی تر پشتیان تێکردن ئەو دەستی یارمەتیی درێژ کرد، تەنھا بە وەفاداری پادداشتی دەدرێتەوە. ئەمەش ھەڵوێستێکە لە ڕووناکیی حەقدا ڕادەگەیەندرێت، لە کاتێکدا کە بێلایەنی لەبەردەم پێویستییەکانی شکۆدا چۆک دادەدات.

دەنگدانی ئێزیدییەکان بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان تەنھا ھەڵبژاردنێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو چەسپاندنی واتایێکی بوونگەراییە و نوێکردنەوەی پەیمانی ھاوبەشیی چارەنووسسازانەیە. ئەمە پەیامێکی بوونگەرایی و مێژووییە. دەنگدانە بە بنەمایەک و چەسپاندنی پایەکانی ئەو پێکەوەژیانەیە کە ڕێبازی بارزانیی نەمر بانگەشەی بۆ کرد.

بۆیە ھەر دەنگێک بە پارتی دەدرێت، لە ڕاستیدا دەنگێکە بە خودی ئێزدییەکان. دەنگێکە پارێزگاری لە پێگەی ئێزدییەکان دەکات، بەو شێوەیەی سەرۆک بارزانی ویستوویەتی، کە ھەمیشە لە دڵ و ترپەی دڵی کوردستاندا بن.