پارتی بانگەشەی لە كلاسیكەوە بەرەو بانگەشەیەكی مۆدێرن گۆڕی

پارتی بانگەشەی لە كلاسیكەوە بەرەو بانگەشەیەكی مۆدێرن گۆڕی
پارتی بانگەشەی لە كلاسیكەوە بەرەو بانگەشەیەكی مۆدێرن گۆڕی

هەڵبژاردن لای پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا بانگەشەیەک نییە بۆ لیستی کوردایەتیی 275 ی (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان) هەروەها ئاوڕدانەوەیەکیش نییە بۆ مێژووی پڕ لە خەبات و قوربانی بۆ پاراستنی مرۆڤی کورد و خاکی کوردستان لە کۆمەڵکوژی و ئەنفال و کیمیابارانکردن. بەڵکو بانگەشەیەکە بۆ پاراستنی ماف و کەرامەتی تاک و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی باشتر و جێبەجێکردنی دەیان پرۆژەی نوێ. کەرنەڤاڵێکە بۆ کوردایەتی و خزمەتکردنی خەڵک، لیستی یەک ملیۆن دەنگدەرە، کە لە دیدگای سەرۆک بارزانییەوە حوکمڕانییەکی باش و بەرجەستەکردنی ئینتمای نەتەوەیی ناوەڕۆکی فیکر و عەقیدەی بارزانە.

هەر لە نامەکەی سەرۆکی ئەمەریکا، گەورەترین زلهێزی جیهان بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەردەکەوێت کە تێڕوانینی نێچیرڤان بارزانی نەخشەڕێگای دروستە بۆ بونیادنانی ئەو ئاشتییەی هەمووان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەونی پێوە دەبینن. لەمەش گرنگتر مەسرور بارزانی ئەو سەرکردە و دەوڵەتمەدارەی کە دۆست و دوژمنان شاهیدی بۆ دەدەن، فیکر و تێڕوانینێکی نوێی لە حوکمڕانیدا بۆ خزمەتکردنی گەلەکەی جێبەجێ کرد. بانگەشەی هەڵبژاردنیشی لە "هاتوهاوار و شیڕەشیڕ و بێزارکردنی خەڵک" گۆڕی بۆ خزمەتکردنی نەتەوەکەی و بەسەرکردنەوەی هەژار و کەمئەندام و جێبەجێكردنی سەدان پرۆژە لەناوچە جیاجیاكانی كوردستان، جێبەجێكردنی  ئەو خزمەتگوزاری و پرۆژانەی کە هەمووان بەبێ جیاكاریی سوودی لێ وەردەگرن.

با هەموومان ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین؛ چی وای لە مەسرور بارزانی کرد لە هەڵبژاردنەکاندا ململانێی توندوتیژ و قسەی زبر و ناشرین و بێزارکردنی خەڵک بگۆڕێت بە خزمەتکردنی خەڵک و پێشکەشکردنی سەدان پرۆژە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا؟ سەرەتا دەبێت هەمووان کەمێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە، بۆ هەڵبژاردنەکانی پێشوو کە حزب و لایەنی سیاسی و کەسایەتییەکان بەڵێن و پەیمانی زۆریان دا، بەڵام نەک هەر جێبەجێیان نەکرد، بەڵکو دەنگدەریشیان بێهیوا کرد. ئەم دەوڵەتمەدارە لە ماوەی کەمتر لە پێنج ساڵدا نەک تەنیا خەونەکانی کردە واقیع و سەدان پرۆژەی بەنداو و ئاو و کارەبا و قوتابخانە و نەخۆشخانە و ڕێگاوبان و کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری بونیاد نا، بەڵکو مانگێکی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیشی گۆڕی و کردییە کەرنەڤاڵێک بۆ گۆڕین و بونیادنانی فەلسەفەی حزبی و سیاسی،  ئاراستەکردنی نەخشەڕێگای ئابووری و حوکمڕانی بەرەو خزمەتکردنی گەلەکەی.

داواکارییەکانی خەڵک بۆ کارەبایەکی بەردەوام و باش بۆ هاوبەشان، دابینکردنی ئاوێکی پاک و خاوێن بۆ خێزانەکان، دروستکردنی ڕێگاوبانێکی باش و سەلامەت بۆ ڕێبواران، پێشکەشکردنی خزمەتێکی تەندروستی و پەروەردەیی بۆ ڕۆڵەکانمان، دروستکردنی چەندین بەنداو بۆ پاراستنی هەرێم لە بیابانبوون، پاککردنەوەی ژینگە و ئاووهەوا لە پێناو تەندروستییەکی باشتر و دابینکردنی دەیان هەزار هەلی کار لە کەرتی تایبەت و لەو هەموو کۆمپانیا و پرۆژە و کارانە و ، سازشكردن و پابەندبوون بە بڕیارە نادەستووری و نایاساییەكانی بەغدا لەپێناو هەڵگرتنی گەمارۆی ئابووری و هاتنی مووچەی مووچەخۆرانی دەستكەوتی كەم نین و  هەموو ئەمانە ئەنجامدراون. خۆ ئەگەر ڕێگری و ئاستەنگی حزبی و سیاسی و ئابووری نەبووایە، وەک بڕینی مووچە و بودجەی کوردستان،  شەڕ و ڕێگری حزبی زۆنێکی دیاریکراو، ئەوا جێبەجێکردنی پرۆژەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە ڕادەیەک دەبوون لەسەر ئاستی جیهان و  وڵاتانی پێشكەوتوو  ژمارەی پێوانەیی دەشکێنرا. هەرچەندە لە ئێستادا بەپێی هەموو پێوەرەکان، هیچ وڵاتێک نییە بتوانێت خۆی بگەیەنێتە ئاستی جێبەجێکردنی ئەو ژمارە زۆرەی پرۆژە لە ماوە و کاتێکی وا کەم و بەو توانا کەمەی بەردەست.

مەسرور بارزانی، دەوڵەتمەدار و سەرکردەی بەناوبانگی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی، بانگەشەیەکی نوێی مۆدێرنی بۆ  کورد بە دیاری هێنا و لە هاتوهاوار و شیڕەشیڕ و بەڵێنی درۆ ڕزگاری کردین. هەموو دەنگە نامۆکانی دژ بە "کورد" کپ کرد و خەڵک حەز و خولیایەکیان بۆ دروست بوو بەوەی تەنانەت بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیشی کردە جێبەجێکردنی دەیان خواست و داواکاری خەڵکی. 

ئەم میللەتە لە ڕوانگەی سەرۆکەکەیانەوە، میللەتێکی هوشیار و نەتەوەیەکی بەهەڵوێست و خاوەن دیدگا و بۆچوونێکی ڕاست و دروستن، بەوەی دەنگ دەدەن بەو خەمخۆر و خزمەتگوزارەی کە لە خزمەتی ئەوان و پاراستنی سەروماڵیانە. دەنگ دەدەن بە لیستەکەی 275ی پرۆژە و گۆڕانکارییە گەورەکان، دەنگ بە ئاوەدانی و سەروەری یاسا و ئارامی و خۆشگوزەرانی دەدەن. کورد لە چاوی سەرۆکەکەیانەوە ئەوەندە بەرز و پیرۆزە کە شایانی هەموو ئەو پرۆژە و کارانەن، گەلێکی زیندوو و قوربانیدان هەرگیز چیتر بە قسە و بەڵێن و جەواشەکاری فریو نادرێت.

ئەوان پێش هەڵبژاردن بەڵێنەکانیان بووە کردەوە،  لە دوای هەڵبژاردنیش بە دەنگ و دڵسۆزی ئەوان، بە هێز و پێگەیەکی پشت ئەستوور بە کورد و کوردستانییەکان لە بەغدا شەڕی مەدەنییانە و دەستوورییانەی مووچە و مافەکانیان دەکات. لە ناوخۆشدا بە سازان و لێک تێگەیشتن دەبێتە پارت و لیستی هەمووان بەرەو خزمەتگوزارییەکی باشتر و وەرچەرخانێکی نوێ لە بونیادنانی نەتەوە و دەوڵەتداری.