گوتاری بارزانییەکان، بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسیی عێراق لە ڕێگەی بانگەشە و بەشدارییەوە

گوتاری بارزانییەکان، بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسیی عێراق لە ڕێگەی بانگەشە و بەشدارییەوە
گوتاری بارزانییەکان، بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسیی عێراق لە ڕێگەی بانگەشە و بەشدارییەوە

لە میانی ئەم وتارەدا کە هەوڵێکی سادەیە، تیشک دەخەینە سەر پێگەی گوتاری بارزانییەکان (سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی) لە ژیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق و کاریگەرییان لە بەشداریی سیاسیدا، ئەمەو لەگەڵ گرنگیی ڕۆڵیان لەناو سیستمی سیاسیی عێراق و پەیوەندیی نێوان قسە و کردار لە پرۆسەی دیموکراسیدا.
لە مێژووی سیاسیی عێراقی پاش ساڵی 2003ەوە، گوتاری سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان نەک تەنیا دەنگی حیزبێک، بەڵکوو دەنگی گەل و هەرێمێکی کاریگەر بووە لە داڕشتنی ئاسۆی سیاسیی ئەم وڵاتەدا.

 گوتاری سێکوچکەی بارزانییەکان کە (سەرۆک بارزانی) لە لووتکەی هەڕەمی سێکوچکەکەیە و لەبەر ڕۆشنایی ڕوانگە و ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی جەنابیاندا، گوتاری هەر یەکە لە (نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان) چوارچێوە دەگرن، گرنگییەکی تایبەتیان هەیە، چونکە ئەم سێ سەرکردەیە کە لە سێ نەوە و ئەزموونی جیاوازن، توانیویانە کاریگەریی بەرچاویان لەسەر خەڵکی کوردستان هەبێت، بەتایبەتی لە هەڵمەتەکانی بانگەشە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا.

سەرۆک بارزانى، دەنگی شۆڕش و دیموکراسی

گوتاری سەرۆک بارزانی، وەک سەرۆک و کاراکتەرێکی سیاسیی مێژوویی، هەمیشە بە سیمبۆلی بەرخۆدان و دیموکراسی هەژمار کراوە. لە هەر هەڵمەتێکی هەڵبژاردنەکاندا، بارزانی بە دەنگێکی بەهێز و ئاماژەیەکی ڕوون بۆ مێژووی خەباتی کوردستان، هانی خەڵکی داوە کە بەشداریی کارا لە ژیانی سیاسی و پرۆسەی دیموکراسیدا بکەن. دیارە گوتاری بارزانی تەنیا لە چوارچێوەی سیاسەتی کوردستاندا نەماوەتەوە و نامێنێتەوە، بەڵکوو پەیامێکی فراوانتری هەیە بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق، بەوەی کە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا مافێکە و بۆ خاوەندارێتیکردن لەم مافە و سەرخستنی دیموکراسیەتیش، دەنگدان دەرفەتی لەبار و ئامرازی کاریگەری سەرخستنی پرۆسەکەیە و ناکرێ هیچ کەس دەستبەرداری ئەو مافەی بێت.

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی (2014، 2018 و 2021)دا، گوتاری بارزانی لە ئاستی کوردستاندا جەختی لە گرنگیی “بەشداریی گشتی و یەکڕیزیی نیشتمانی” کردۆتەوە و لەسەر ئاستی عێراقیشدا پێداگیریی لەسەر “جێبەجێکردنی دەستوور و چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی” کردووە، ئەم تێڕوانینەش هۆکاری سەرەکی بووە بۆ جۆشدانی کوردستانییان و تەنانەت بەشێک لە پێکهاتەکانی دیکەی عێراقیش، بۆ ئەوەی بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لەو ڕێگایەوە کار بۆ عێراقێکی سەقامگیر و دەستوور سەروەر بکەن. 

لەم ڕووەشەوە، سەرۆک بارزانی بە دووربینیی سیاسی و هەناسەیەکی شارستانییانەی دوور لە بەرچاوتەنگیی نەتەوەیی و حیزبی، بە زمانێکی سادە و دڵسۆزانە، توانیوویەتی هەستی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی لە زەین و زاکیرەی خەڵکدا بورووژێنێتەوە و وایان لێ بکات کە هەست بکەن دەنگەکەیان نەک تەنیا بۆ کوردستان، بەڵکوو بۆ ئاسۆ و ئایندەی عێراقیش گرنگە.

نێچیرڤان بارزانی، دیپلۆماسیەت و هاوسەنگیی سیاسی

گوتاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک کاراکتەرێکی دیپلۆماتی بە ئەزموون، کە زیاتر جەختکردنەوەیە لەسەر “هاوسەنگیی سیاسی، دیالۆگی نێوان پێکهاتەکان و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دیموکراسی”، لە ئاستێکی تردا و بە جۆرێکی دیکە کاریگەریی لەسەر خەڵک هەبووە و هەیە. لە هەڵمەتەکانی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکانیشدا، بە ڕوونی هەست بەوە دەکرێت کە بە شێوەیەکی ستراتیژی خەڵک لەوە هۆشیار دەکاتەوە کە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا نەک تەنیا مافێکی دیموکراسیانەیە، بەڵکوو ئامرازێکیشە بۆ دروستکردنی هاوکێشەیەکی هاوسەنگ لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا.

هاوکات لە گوتاری نێچیرڤان بارزانیدا، گرنگیی "هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا" تەوەرێکی زیندووە، ئەم پەیامەشیان دەبێتە هاندەرێکی باش بۆ خەڵکی عێراق بەوەی کە بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەن و دەنگ بەو لایەنانە بدەن کە باوەڕیان بە هاوکاری و دیالۆگ هەیە. 

ڕاستییەکەی، گوتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم هەڵمەتەی بانگەشەی هەڵبژاردندا توانیوویەتی هەستی “بەرپرسیارێتیی هاوبەش” لە نێوان کورد و عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی دیکەی عێراقدا ببووژێنێتەوە و بیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی ویژدانیی لە ئاست ئێستای خۆیان و ئاییندەی نەوەکانیان.

مەسرور بارزانی، چالاکی و نوێکاری لە بەڕێوەبەریدا

گوتاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک نوێنەری نەوەیەکی تازە لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، زیاتر بە جووڵە و چالاکی دەناسرێتەوە.  بەوپێیەی کە بەڕێزیان زۆرتر جەخت لەسەر “گەشەپێدانی ئابووری، خزمەتگوزاری و چارەسەری کێشەکانی خەڵک” دەکاتەوە، ئەمە وایکردووە کە پەیامەکانی بگەنە و ئەو چین و توێژانەی خەڵک، بە تایبەتی گەنجان، کە زیاتر نیگەرانی ژیانی ڕۆژانە و دواڕۆژی خۆیانن.

لە هەڵمەتەکانی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکاندا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زیرەکانە ئاماژە بە پەیوەندیی نێوان “بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان و باشترکردنی ژیان” دەکات. لە میانی خستنەڕووی ئامارەکان و ئاماژەدان بە پڕۆژەکانی گەشەپێدان، هەوڵ دەدات باوەڕ بە خەڵک بهێنێت کە دەنگەکەیان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر داهاتووی ژیانیان هەیە و دەبێت. ئەم گوتارەش بە جۆرێک لە جۆرەکان، بەتایبەتی لە نێوان گەنجاندا کە موژدەبەخشی هەلی کارە، بووەتە هۆی زیندووکردنەوەی هەستی بەرپرسیارێتیان لە پەیوەست بە گرنگیی بەشداریی سیاسی.


کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان

بە دڵنیاییەوە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەم سێ گوتارە ستراتیژییە کە لە یەک ڕەگ و ڕیشەی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرن، کاریگەریی بەرچاویان لەسەر خەڵکی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەیە کە دەتوانین ئەم کاریگەرییە لە چەند ڕووێکەوە شی بکەینەوە:

1- بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی سیاسی:
گوتاری ئەم سێ سەرکردەیە، بە زمانێکی ئاسان و پەیامێکی ڕوون، توانیویەتی ئاستی هۆشیاریی سیاسی لەناو خەڵکدا بەرز بکاتەوە. بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، کە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا زۆربەی جار بەرزتر بووە. ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەم گوتارە یەک ڕەگ و ئاست جیاوازە، بەردەوام ڕۆڵێکی گرنگی لە هاندانی خەڵک بۆ بەشداریی سیاسی و بەپیرەوەچوونی هەڵبژاردن و خاوەندارێتیکردن لە دەنگ و مافی خۆی، بینیوە و دەبینێت.

2- بووژاندنەوەی هەستی پێویستیی بەشداریکردن: 
بارزانییەکان لە ڕێگای ئەم گوتارەدا، توانیویانە هەستی “پێویستیی بەشداریکردن” لە زەینی خەڵکدا ببووژێننەوە. ئەویش لە میانی جەختکردنەوە لەسەر ئەو ڕاستییەی کە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، واتە لەدەستدانی مافی دەربڕینی بۆچوون و ئەم پەیامەش بە ڕۆڵی خۆی وای کردووە کە تەنانەت ئەو کەسانەی لە قۆناغ و وێستگەی جیاوازیشدا لە پرۆسەی سیاسی و گۆڕانی دیموکراسییانە بێ ئومێد بوون، بە جۆش و خرۆشەوە خۆیان بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان ئامادە بکەن.

3- کاریگەریی لەسەر گەنجان: 
ئەم گوتارە کە بوون و بەها و بەرژەوەندیی کۆی پێکهاتە و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە گشتی و گەنجان بە تایبەتی، بە ئامانج گرتووە، توانیویەتی سەرنجی گەنجان بۆ بەشداریی سیاسی ڕابکێشێت و وەک بەشێکی کایگەری کۆمەڵگا، بە هۆی بایەخ و ئومێدبەخشیی گوتارەکەوە، هەستیان کردووە کە دەنگەکەیان دەتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات.

کاریگەریی گوتارەکە لە هاوکێشەی سیاسیی عێراقدا

لە دەرەوەی هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، وەکووتر، بە حوکمی پێگە و کاریگەریی مێژوویی و سیاسیی بارزانییەکان لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و عێراقدا و خاوەندارێتیکردنی سەد ساڵ زیاتریان لە دۆزی ڕەوای نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستان، گوتارەکەیان ڕۆڵێکی گرنگی لە داڕشتنی هاوکێشەی سیاسیی عێراقدا هەیە و دەبێت، کە دەکرێ لە چەند خاڵێکدا کورتی بکەینەوە:

یەکەم: پردی نێوان هەرێم و عێراق 

گوتاری نێچیرڤان بارزانی، بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکانی نێوانیان، توانیویەتی ببێتە پردێکی پتەو بۆ لە یەکتر نزیککردنەوەی دیدگاکانی هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ. تا ئەو ئاستەی کە ئەم گوتارە لە قۆناغە سیاسییە هەستیارەکاندا، بەتایبەتی لە دوای هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی حکوومەتی تازەدا، ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەبووە و هەیە.

دووەم: دەنگی ئارامی جێی متمانە 
بە درێژایی سی ساڵی ڕابردوو و تا ئەمڕۆش عێراق بەدەست کێشەی ئەمنی و قەیرانی سیاسییەوە دەناڵێنێت، لەم نێوەدا گوتاری سەرۆک بارزانی کە بە دەنگێکی ئارام و هاوسەنگ و جێگیر، جەخت لەسەر دەربازکردنی عێراق لەم دۆخە چەقبەستووە دەکاتەوە. گوتارێکی چارەسەرخواز کە پەیام و ئامانجە سەرەکییەکەی"دەستوورسالاری و چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی"ـه‌، وای کردووە نەک تەنیا گەلی کوردستان، بەڵکوو بەشێکی بەرچاویش لە پێکهاتەکانی دیکەی عێراق، وەک سەرکردەیەکی جێ متمانە و ئومێد، مامەڵە لەگەڵ بارزانی بکەن.

سێیەم: وێنەی ئەرێنی
مەسروور بارزانی، بە باسکردنی پڕۆژە و چالاکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری و چاکسازیی لە دامەزراوەکاندا، توانیویەتی وێنەیەکی ئەرێنی پێشکەش بکات. ئەم وێنەیە، بەتایبەتی بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق، دەکرێ ببێتە نموونەیەک بۆ ئەوەی کە چۆن لە ڕێگای بەدەمەوەچوونی داخوازیی خەڵک و کاری سیستەماتیکەوە، وڵات بخرێتە سەر ڕاستەڕێی گەشەپێدان و پێشکەوتن. 

داڕشتنی بڕیاری سیاسیی عێراق

ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە، کە گوتاری بارزانییەکان تەنیا لە ئاستی ڕیتۆریک نەماوەتەوە، بەڵکوو کاریگەریی ڕاستەوخۆیشی لەسەر داڕشتنی بڕیارە سیاسییەکانی عێراق دەبێت، کە دەکرێ ئەمەش لەسەر چەند ئاستێکدا بخەینە ڕوو:

لە ڕێگای هەڵبژاردنەکانەوە: بە هاندانی خەڵک بۆ بەشداریی سیاسی و بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەم گوتارە دەتوانێت کاریگەری بخاتە سەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان. بەوپێیەی کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەشداریکردن لە هەرێمی کوردستان، دەنگ و پێگەی کوردستان بە دلێری و هێزەوە دەباتە ناو پەرلەمانی عێراق، بەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پێکهێنانی حکوومەت و دیاریکردنی سیاسەتەکانی عێراق دەبێت.

لە ڕێگای دیالۆگەوە: ئەم گوتارە بە جەختکردنەوەی لەسەر گرنگیی دیالۆگ، دەتوانێت ئاستی دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بەرز بکاتەوە. بەردەوامیی ئەم دیالۆگەش دەرگا بەسەر چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکان دەکاتەوە.

لە ڕێگای گەشەپێدانەوە: گوتاری جەختکردنەوە لەسەر پڕۆژەکانی گەشەپێدان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات، پرسی زامنکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی گشتی دەکاتە باسی گەرمی سەر مێزی وتووێژی سیاسیی عێراق و بەشێک لە وتووێژەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ.

دەرئەنجام

گوتاری بارزانییەکان لە هەڵمەتەکانی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق، نەک تەنیا ڕەنگدانەوەی دەنگ و داخوازییەکانی گەلی کوردستان، بەڵکوو زایەڵەی دەنگ و داوای تەواوی پێکهاتە پەراوێزخراوەکانی عێراقیشە بۆ چەسپاندنی دیموکراسیەت و هاوبەشیی ڕاستەقینە لە داڕشتنی بڕیاری سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا. 

هەر یەکێک لەم سێ سەرکردەیە، بە شێوازی تایبەتی خۆیان، توانیویانە خەڵک بۆ بەشدارییکرن لە پرۆسەی دیموکراسیدا جۆش بدەن. سەرۆک بارزانی بە مێژوو و سیمبۆلیزمەکەی، نێچیرڤان بارزانی بە دیپلۆماسیەت و هاوسەنگییەکەی و مەسرور بارزانی بە چالاکی و پڕۆژەکانی، پێکەوە دەنگێکی بەهێزیان دروست کردووە کە کاریگەریی نەک تەنیا لەسەر بەشداریی سیاسیی خەڵکی کوردستان، بەڵکوو لەسەر داهاتووی هاوکێشەی سیاسی و داڕشتنی بڕیارە سیاسییەکانی عێراقیش دەبێت.

سەرکردایەتیی بارزانییەکان، نموونەیەکی زیندووە لەوەی کە چۆن سەرکردایەتیکردن بە بەرپرسیارێتی و بوونی گوتارێکی کاریگەر، دەتوانێت نەک تەنیا خەڵکی خۆت، بەڵکوو تەواوی وڵاتێک بەرەو ئاسۆیەکی باشتر ببەیت.

پەیامی سەرۆک بارزانی و دوو جێگرەکەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا کە “دەنگەکەت گرنگە” جومگە و چەقەکەیەتی، پاڵنەر و هاندەرێکی باشە بۆ خەڵکی کوردستان کە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن و ڕۆڵیان لە داڕشتنی دواڕۆژی خۆیان و هەرێمی کوردستان و تەنانەت هی تەواوی پێکهاتەکانی عێراقیشدا هەبێت.