نووری بێخاڵی
نووسەر
گواستنەوەی گشتی؛ رێگاچارەی ستراتیژی بۆ رزگاربوون لە قەیرانی بەنزین
چەند رۆژێکە هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، لەژێر گوشارێکی سەختی کەمیی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی بەنزیندایە.
داخستنی بەشێکی زۆری بەنزینخانەکان و دروستبوونی ریزە درێژەکان، پەیدابوونەوەی بەنزینی گرانی ناو دەبەی سەر شەقام و کۆڵانەکان کە سەرچاوەکەیان نادیارە، سەرئێشەی بۆ هاووڵاتییان خولقاندووە.
لە کاتێکدا حکوومەت هەوڵی چارەسەری کاتیی وەکوو سیستەمی کۆبۆن یان دیجیتاڵکردنی دابەشکردنی بەنزین دەدات و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆ و بەغداش لە هەوڵ دایە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە، بەڵام دڵەراوکێی سەرەکیی خەڵک مانەوەی بارگرانییە داراییەکان و ئەگەری جێگیربوونی نرخە بەرزەکانە؛ بەتایبەت لە ناوەندێکدا کە دواکەوتنی مووچە خۆی لە خۆیدا توانای دارایی خێزانەکانی بێ هێز کردووە و هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەکی نرخ، دەبێتە بارێکی تاقەتپڕووکێنی دیکە.
لەم کاتەدا پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە تا کەی رێگاچارەکان لەسەر ئاستی بەڕێوەبردنی تەنگژەی کاتی دەمێننەوە؟
راستییەکەی، چارەسەری ئاییندەیی و درێژخایەن بۆ بنبڕکردنی ئەم قەیرانە، تەنیا لە رێگای دەستەبەرکردنی سیستەمێکی بەهێز و سەردەمیانەی گواستنەوەی گشتییەوە دێتە دی کە (شەمەندەفەر، میترۆ، ترام و پاسی پێشکەوتوو) لەخۆ بگرێت.
پشتیبەستنی تەواوەتی بە ئۆتۆمبێلی تایبەت لە شارە گەورەکاندا، نەک هەر بارگرانییەکی قورسی سووتەمەنی لەسەر شانی خەڵک و حکوومەت دروست دەکات، بەڵکوو ژێرخانی شارەکانیش بەرەو خنکان دەبات.
بۆیە فەراهەمکردنی ئەم تۆڕە سەردەمییەی گواستنەوە گشتییە بەتایبەتی لە پایتەختدا؛ کۆمەڵێک دەستکەوتی هەنووکەیی و ئاییندهیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت؛ یەکەمین و دیارترینیان کەمکردنەوەی راستەوخۆی فشارە لەسەر بەنزین. چونکە کاتێک هاووڵاتی دڵنیا بێت تۆڕێکی رێکخراوی میترۆ یان ترام و پاس هەیە، کە لە کاتی دیاریکراودا دەیگەیەنێتە دەوام و شوێنی کار و کەسابەتی خۆی، پێویستیی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت و کڕینی بەنزین بە نرخی گران، بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.
هاوکات ئەم پرۆژانە نەک تەنیا خزمەتگوزارین، بەڵکوو دەبنە سەرچاوەیەکی دارایی سەقامگیر و بەردەوامیش بۆ حکوومەت لە ڕێگای تکت و خزمەتگوزارییە لاوەکییەکانەوە، کە دەکرێت سەرلەنوێ بۆ چاکسازیی ژێرخانەکان خەرج بکرێنەوە.
لە لایەکی ترەوە، کەمبوونەوەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت لە ناو شاردا شەقامەکان لە ئاستی خنکان و جەنجاڵیی رۆژانە رزگار دەکات، کاتی بەفیڕۆچووی هاووڵاتییان لە قەرەباڵغییەکاندا دەپارێزێت و ئاستی پیسبوونی ژینگەی پایتەختیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.
گرنگتر لەوەش، دابینکردنی سیستەمێکی لەو شێوەیە، وا لە خەڵک دەکات هۆشیاری و رەفتاری کۆمەڵایەتییان بەرامبەر بەکاربردنی ئۆتۆمبێل بگۆڕن و تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست پشتی پێ ببەستن، بەتایبەت کاتێک لەوە دڵنیا بن کە لە رێی ئەو هۆکارە گشتییانەوە بەبێ دواکەوتن و کێشە دەگەنە دەوام و شوێنی خۆیان.
دەربازبوون لە قەیرانی سووتەمەنی و بارگرانییە ئابوورییەکانی سەر هاووڵاتییان، تەنیا بە دەستکاریکردنی نرخ یان بڕیاری فریاگوزاریی کاتی وەدی نایەت، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە بڕیاربەدەستان روانگەی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی شارەکان بگۆڕن؛ بۆ ئەمەش، داڕشتنی نەخشەرێگایەکی نیشتمانی بۆ ژێرخانی گواستنەوەی گشتی، نەک هەر بارگرانی بژێویی خەڵک سووک دەکات، بەڵکوو هەنگاوێکی جددی و بنەڕەتیشە بەرەو سەقامگیریی ئابووری و سەردەمییانەکردنی شێوازی ژیان لە پایتەختدا.
بەکوردی و بەکورتی:
دەربازبوون لە قەیرانی سووتەمەنی پێویستیی بە تێپەڕاندنی چارەسەرە فریاگوزارییەکان هەیە، لەم ڕووەوە، وەبەرهێنان لە کەرتی گواستنەوەی گشتیدا وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژی، هەنگاوێکی حەتمییە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئابووری، ژینگەیی و کۆمەڵایەتی، کە هاوکات هاووڵاتی لە ژێر گوشاری گرانبوونی سووتەمەنی رزگار دەکات و بنەمایەک بۆ گەشەپێدانی بەردەوام دادەمەزرێنێت.