خزمەتکردنی خەڵک، ئاوەدانی و بەدەستهێنانی متمانە و دەنگەکان

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

مەسرور بارزانی، وەک سەرکردەیەکی دیار لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی، لە وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە شێوازێکی جیاواز لە هەمووان نوێخوازی و گۆڕانکارییەکی گەورەی لە مێژووی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا دروست کرد. لەم بانگەشەیەدا قسەی بۆ ئەوانی دیکە بەجێهێشت و خۆی بانگەشەی کردە ئەنجامدانی کار و دەیان پڕۆژەی جێبەجێکراو، کە خزمەتی گەلەکەی پێشکەش کرد. ئەم سەرۆکە هەر بەم شێوەیە بووە و بەدرێژایی تەمەنی کابینەی نۆیەمیش هەر بە ئەنجامدانی پڕۆژە ناسراوە و وەرچەرخانێکی لە مێژووی حوکمڕانی کوردیدا بۆ گەلەکەی تۆمار کرد.

هەر ئەمەش وای کرد لایەنە سیاسی و حیزبەکانی دیکە ئیرەیی پێ ببەن و ویستیان بە دانانی ئاستەنگ و پشێوی دایبەزێننە ئاستی نزمی خۆیان و تێکەڵی واقیعی خراپی خۆیانی بکەن. ئەوان لەبری خزمەتکردنی خەڵک و ئەنجامدانی پڕۆژە، تەنیا سەرقاڵی شەڕەقسە و جنێو و قسەی زل و بەڵێنی بێکردار و تۆمەت بەخشینەوە بوون. تا کار گەیشتە ئەوەی لەم بێبودجەییە و لەو هەموو فشار و گەمارۆ و شەڕ و پشێوییەی لایەنەکان، ئەو سەرقاڵی پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و گەیاندنی پڕۆژەکانی ئاو و ڕێگاوبان و کردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانە و هەژماری بانکی و پاراستنی ئەمنییەت و سەلامەتی خەڵکی بێت، ئەوانیش خزمەتکردنی خەڵک و نزیکبوونەوەی فەرمانڕەوا لە گەلەکەی بە مەترسی بزانن لەسەر خۆیان. ڕەنگە ئەمە لەو حیزب و سیاسییە هەڵتۆقیوانە چاوەڕوانکراو بێت، چونکە ئەوان دەنگەکانیان لەسەر فریودانی خەڵک و موزایەدەکردن و گۆڵاندنەوەی برین و ئازارەکانی خەڵکەوە بەدەستهێناوە. ئەوان لە بێ کارەبایی و بێ ئاوی و بێ خزمەتکردنی خەڵک دەنگ کۆ دەکەنەوە. بە کورتی و کوردی ئەوان وەک گەنە لەسەر ئازارەکانی خەڵک ژیانی سیاسی خۆیان درێژ کردووەتەوە.

بە درۆ و دەجالی بەڵێنی بەهەشتی ئەم دنیا و ئەو دنیا بە خەڵکی دەدەن، کەچی لە جەهەنەم و ناخۆشی زیاتر هیچیان پێشکەش خەڵکی نەکردووە و، خواستیان ئەوەیە خەڵکی هەر لە ناڕەحەتی و هەژاری و ناخۆشیدا بێت. تەنانەت دەستیان خستە دەستی دوژمنانی کورد و مووچە و بودجەی خەڵکییان بڕی، تەنیا لە پێناوی ئازاردانی خەڵکدا بۆ ئەوەی دواجار تۆمەتەکەی بخەنە ئەستۆی حکومەتەکەی خەڵکەوە. ئای چ غەدر و گوناهێکی گەورەیە نوێنەری خەڵک بیت لە بەغدا، کەچی نانی مووچەخۆران ببڕیت و لێرەش بە فرمێسکێکی تیمساحانە بۆیان بگریت و تۆمەتەکە بخەیتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم. "لە کانییەک ئاو بخۆی، بەردی تێ فڕێ بدەی!"

ئێستا زانیتان لە ڕۆژە سەختەکانی کۆرۆنا و وشکەساڵی و بڕینی مووچە و بودجە و داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد و بڕینی ئەو هەموو مافانەی خەڵکی کوردستان، کێ فریادڕەسە و کێ خەمخۆرە و لە بەرپرسیارێتی ڕا ناکات. ئەمە مەسرور بارزانییە، کوڕی سەرۆک بارزانییە کە ڕۆڵەکەی وا پەروەردە کردووە پارێزەر و خزمەتکاری گەلەکەی بێت و خەمخۆری خەمەکانی گەلەکەی بێت. هەر ئەم ترس و ئیرەیی و دەجالییە وای کردووە وەک تووتی ئاسا و بە هاوشێوەی دوژمنەکانی کورد هێرش بکەنە سەر سەرۆکەکەیان، بەڵام ئەوەیان لەبیر کردووە سەرۆکێک کە بۆ گەلەکەی ژیابێت، گەلەکەی لەسەر سندووقەکانی دەنگدان وەڵامی دوژمنانی کورد دەدەنەوە و پاڵپشتی لە خزمەت و پڕۆژەکانی دەکەن.

ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک لە پڕۆسەی هەڵبژاردن کە چیتر قسە و درۆ و موزایەدە دەنگ ناهێنێت؛ کردار و ڕەفتار و پڕۆژە و خزمەتی خەڵک گۆڕانکاری لە ژمارەی دەنگەکاندا دەکات و متمانەی خەڵک بەدەست دەهێنێت. ئەمە وەرزی دەرکەوتنی هۆشیاریی خەڵکە، ئەو هۆشیارییەی خودای گەورە تەکریمی بەنی ئادەمی پێ کردووە. بۆیە وەرزی هەڵوەڕینی درۆ و قسەی بێکردەوە دەست پێ دەکات و سەردەمی نوێی کار و کردەوە و پڕۆژە دەست پێ دەکات، کە خۆشگوزەرانی و ئارامی و هەلی کار بۆ خەڵکی دەهێنێت.