شەنگە هاوار کاکەیی
نووسەر
شەشەمین کۆڕبەندی مێپس..ڕێگای ئاشتی لە نێو گڕکانی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
لە ڕۆژی 18ـی تشرینی دووەم و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە گەورە بەرپرسان، سەرکردە و دیپلۆماتکارانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو.
گرنگیی کات و شوێن
ئەنجامدانی ئەم کۆڕبەندە لەم کات و ساتە هەستیارەدا گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە، بەو پێیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا وەک گڕکانێکی چالاک وایە و ژینگەیەکی لەباری هەیە بۆ تەقینەوەی گەورەتر، شەڕ و پێکدادانەکان، لە ئۆکرانیاوە بۆ غەززە و گرژییەکانی ئێران، ناوچەکەیان خستووەتە دۆخێکی نالەباری ئەمنی و سیاسییەوە، ئەم فاکتەرانە زەمینەیان خۆشکردووە بۆ سەرهەڵدانی توندوتیژی و قووڵبوونەوەی تەنگژەکان، کە دواجار کاریگەرییە نەرێنییەکانیان لەسەر تێکچوونی هاوکێشە سیاسییەکان و ناسەقامگیریی ڕەوشی ئەمنی دەرکەوتووە، هەروەها دەرگایان بۆ سستیی پرۆسەی ئاشتی و دروستبوونی هەڵاوسانی ئابووری بۆ گەورە کۆمپانیاکانی جیهان لە ناوچەکەدا واڵا کردووە.
لەو سۆنگەیەوە، کۆڕبەندی مێپس وەک دەستپێشخەرییەکی نێودەوڵەتی، سەکۆیەکی یاسایی و میکانیزمێکی گونجاوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، ئەم پەروازە جیهانییە دەتوانێت دەرچەیەکی یاسایی بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان دابین بکات، بە مەرجێک ڕاسپاردەکانی بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، کە دواجار دەبێتە کەنارێکی ئارام بۆ ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلان.
پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا وەک تەوەرێکی سەرەکی
وێڕای پرسە هەرێمییەکان، تەوەرێکی سەرەکی کۆڕبەندەکە تایبەت بوو بە دۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی کابینەی نوێ، پرسی پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و زەوتکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆران، بە وردی گفتوگۆی لەسەر کرا.
ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەی نێودەوڵەتیی هەبوو، کاتێک (محەممەد ئەلحەسان)، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی خۆی بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق دەربڕی و جەختی لە پێویستیی چارەسەرکردنی گرفتەکان کردەوە لە ڕێگەی دیالۆگی بەرهەمدار و پێداچوونەوە بە میتۆدە هەڵەکانی ڕابردوودا.
پەیامی سەرۆک بارزانی: هاوبەشیی ڕاستەقینە
سەرۆک مەسعود بارزانی لە میانی کۆڕبەندەکەدا، وێڕای خستنەڕووی پاکێجێکی بنیاتنەرانە بۆ میوانان و بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ، نیگەرانییەکانی خۆیشی نەشاردەوە سەبارەت بە ناڕوونیی هەنگاوەکانی بەغدا، بەڕێزیان لە ڕستەیەکی پڕ مانادا فەرمووی: "ناکرێت و هیچ مەعقول نییە بەیەکەوە بژین، بەڵام وەک دوژمن بەرامبەر یەک بین"، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوون بوو کە سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی بە پەراوێزخستن و سڕینەوەی بەرامبەر بەدی نایەت.
تابلۆی هیوا و یەکڕیزیی نەتەوەیی
خاڵێکی گەش و بێ وێنەی ئەم کۆڕبەندە، بریتی بوو لە هەڵواسینی تابلۆی هیوا لە ناخی تاک بە تاکی کورددا، ئامادەبوونی سەرکردە و نوێنەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەسەر یەک مێز و لە ژێر یەک چەتردا بۆ گەنگەشەکردنی ئاشتی، پەیامێکی بەهێزی یەکدەنگیی نەتەوەیی بوو.
ئەم وێنەیە کە لە دهۆکەوە پێشکەش بە جیهان کرا، لە فەرهەنگی سیاسەتدا بەرچاوڕوونییەکی گرنگە بۆ قۆناغی داهاتوو، بوونی ئەو هەموو ڕەنگ و دەنگە جیاوازە، پەیامێک بوو کە ساڵی 2025 دەکرێت ساڵی گەیاندنی مەزڵومیەتی گەلی کورد و بەدیهێنانی ئاشتی بێت لەم ناوچە پڕ ئاشووبەدا.