ئێمەش نەوەی سەڵاحەدینی ئەیوبیین

ئێمەش نەوەی سەڵاحەدینی ئەیوبیین
ئێمەش نەوەی سەڵاحەدینی ئەیوبیین

سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ شاری قاهیرە لە ڕێکەوتی ٢١ / ١٢ / ٢٠٢٥، سەردانێکی پڕ بایەخ و واتادارە، مێژوویەکە دووبارە بە ئاوی زێڕ دەنووسرێتەوە. 

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوە مێژووییەکەیدا تەنیا جووڵەیەکی دیپلۆماسیی ئاسایی نییە، بەڵکو گوزارشتە لە ڕەسەنایەتیی نەتەوەیەک کە مێژووی ناوچەکەی نەخشاندووە.

کاتێک سەرۆک وەزیران لە گەشتەکەیدا ڕوو لە قەڵای سەڵاحەدینی ئەیوبی دەکات و لەوێوە پەیامێکی ئاشکرا ڕادەگەیەنێت کە (ئێمەیش نەوەی سەڵاحەدینی ئەیوبیین ) لە ڕاستیشدا، کارێزمای سەرۆک وەزیران و ئەو قارەمانی و بوێرییەی لە کەسایەتییدا بەرجەستە بووە، بووەتە هەوێنی نەوژەنکردنەوەی ڕۆحی کوردانە، ئەمەش گریمانە نییە، بەڵکو واقیعێکی بەرجەستەیە.

ئەو ڕۆحەی کە نەیارانی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان دەیانویست بە ڕووداوە نەخوازراوەکان تەمومژ بخەنە سەر هزری نەتەوەییمان، بەڵام سەرۆک وەزیران بە دامەزراندنی قەڵای خۆڕاگری لە چەقی ململانێ سیاسییەکان و پاراستنی سەروەری، ئەو ڕۆحەی ئەمڕۆ زیندوو کردەوە. 

ئەم پەیامە لە کەسایەتیی مەسرور بارزانیدا دەبێتە دەرفەتێکی زێڕین تا لە چەقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا،  قەڵای هەولێر لە پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە خاکی (میزۆپۆتامیا)وە، لەگەڵ قەڵای قاهیرە  لە خاکی (کینانە)، ئاوێتەبوونی ڕۆحی و مێژوویی خۆیان نیشانی جیهان بدەن.

وا ئەمڕۆ نەوەکانی سەڵاحەدین، بە هەمان هیمەتی ئەو سەرکردە مەزنەوە، جیهانی مرۆڤایەتی ئاشنا دەکەنەوە بە پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان. 

ئەم سەردانە پێشکەشکردنی وێنایەکی بوێرانەی کوردستانە بۆ جیهان، تا بیسەلمێنێت کورد وەک چۆن لە ڕابردوودا پارێزەری ناسنامەی ناوچەکە بووە، لەم سەردەمەشدا وەک کارەکتەرێکی سەرەکی، بەردەوامە لە خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و درەوشانەوە لە کاروانە مەزنەکاندا.

کاتێک بارزانیی نەمر سەردانی جەزیرەی بۆتانی کرد، پەیامێکی ئاشتییانەی بۆ نەیارانی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و بۆ هەموو جیهان ئاراستە کرد. 

ئەمڕۆش، لە درێژەی پەیامی مرۆڤدۆستانەی سەرۆک مەسعود بارزانییەوە بۆ هەنگاوە بوێرانەکانی جەنابی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەبینین ئەم کاروانە پردی ئارامیین لە ناخ و هزری دونیای کوردانەماندا.

ئەمانە قەڵای هێزی باوەڕی ئێمەن کە بەپێی سەردەمی مێژووی بەشکۆ و بە هیمەت‌بەرز ماونەتەوە، ئێمە کوردین؛ دەمێنین، نابەزین و هەرگیز ناڕووخێین.