هەرمن ئەحمەد
نووسەر
ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە عێراقی نوێدا
دوای ئەوەی عێراق بە هەنگاوێکدا تێپەڕی و لە 11ی تشرینی دووەمی 2025دا بەرەو سندوقەکانی دەنگدان چوون، ئێستا گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتەکە بووەتە گۆڕەپانێکی گەرمی دانوستان و چاک و چۆنییە سیاسییەکان، لەم قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەدا، مێزی گفتوگۆکان لە پایتەختی عێراق و هەولێری پڕ لە چالاکیی سیاسی، بە قووڵایی و گرنگییەکی بێوێنەوە گەرموگوڕییان بەخۆوە گرتووە، لە کاتێکدا هێزە سیاسییە سەرەکییەکان هەوڵ دەدەن نەخشەی داهاتووی عێراق دابڕێژن، چاوەکانی جیهان، بە تایبەتی واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریکا، بە وردییەکی زۆرەوە چاودێریی ئەم پڕۆسەیە دەکەن، لەم گێژاوە سیاسییە چڕوپڕەدا، بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی، سیمبولی ئیرادە و مکوڕیی گەلی کورد و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی دیار و خاوەن دیدێکی ستراتیژی، ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت، ڕاسپاردە و بڕیارە ژیرانەکانی بەڕێزیان، نەک تەنها بۆ دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی پێکهاتەی کورد، بەڵکو بۆ بنیاتنانی حکوومەتێکی ڕاستەقینەی نیشتمانییە، حکوومەتێک کە سەروەریی یاسا بچەسپێنێت و دوور بێت لە سێبەری دەستێوەردانە دەرەکییەکان و دەسەڵاتی میلیشیاکان، حکوومەتێک کە هەموو پێکهاتەکانی عێراق، بەبێ جیاوازی، لە سایەیدا هەست بە خاوەندارێتی و دادپەروەری بکەن.
ئومێد و ڕێنوێنی ستراتیژیی سەرۆک بارزانی
یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانی سەرەتایی و مێژوویی لەم پڕۆسەیەدا، کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە پیرمام بوو، ئەم کۆبوونەوەیە، تەنیا دوای نزیکەی دە ڕۆژ لە کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکان ئەنجامدرا، پەیامێکی ڕوونی نارد کە سەرکردایەتی کورد، بە ڕێنوێنی ستراتیژیی سەرۆک بارزانی، بە پەرۆش و جیدییەتەوە کار بۆ کردنەوەی دەرگاکانی گفتوگۆیەکی بنیاتنەر و دروستکردنی هاوپەیمانیی فراوان دەکات، سەرۆک بارزانی بە دیدێکی قووڵ و ژیرانەوە، پەیامەکەی مالیکی کە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە(عێراق سەقامگیر نابێت، تا هەرێمێکی سەقامگیر نەبێت)، وەک بنەمایەکی پتەو بۆ گفتوگۆیەکی ڕاستگۆیانە و چارەسەرکردنی کێشەکان لەقەڵەم دا، ئەمە نیشانەی تێگەیشتنێکی وردترە لە گرنگیی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سەقامگیریی گشتی عێراقدا، بڕیار و ڕاسپاردەکانی سەرۆک بارزانی لەم کۆبوونەوەیەدا، بە شێوەیەکی تایبەت تیشکی خستە سەر پێویستیی گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕیشەیی و دەستوورییانە بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەک پرسی نەوت، بودجە، و ناوچە کێشەلەسەرەکان، بە پشتبەستن بە دەستووری هەمیشەیی عێراق و بە گیانێکی نیشتمانیی بەرپرسیارانە، ئەم کۆبوونەوەیە، نەک تەنها وەک کۆبوونەوەیەکی پرۆتۆکۆلی، بەڵکو وەک سەرەتایەکی نوێ بۆ گێڕانەوەی متمانە و دامەزراندنی پردێکی نوێی دیپلۆماسی لێکدەدرێتەوە کە سەرۆک بارزانی ڕێبەری دەکات.
شەراکەتی ڕاستەقینە و دەستوور وەک پایەی بنەڕەتی
سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، دیدێکی ڕوون و تۆکمەیان هەیە بۆ شێوە و چوارچێوەی حکوومەتی داهاتووی عێراق، ڕاسپاردە سەرەکییەکانی بەڕێزیان لەسەر چەسپاندنی سێ بنەمای سەرەکی وەستاوە، شەراکەتی ڕاستەقینە، سازان و هاوسەنگی، ئەم بنەمایانە، بە درێژایی مێژووی نوێی عێراق جێگەی مشتومڕ بوون و ئێستاش بەشێکی دانەبڕاون لە دەستووری عێراقدا، دەبێت وەک پایەی سەرەکی بۆ بنیاتنانی حکوومەتێکی بەهێز، کارا و دادپەروەر تەماشا بکرێن، سەرۆک بارزانی بە دووربینییەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە نابێت حکوومەت تەنها لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە پێکبهێنرێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی پەرشوبڵاوی و پەراوێزخستنی هەندێک پێکهاتە، بەڵکو پێویستە حکوومەتێکی نیشتمانیی گشتگیر بێت کە هەموو پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق، بە شیعە و سوننە و کوردەوە، پشکی کاریگەر و ڕاستەقینەیان تێیدا هەبێت، ئەمە واتای ئەوەیە بڕیارە چارەنووسسازەکان بە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش دەدرێن، نەک بە زۆرینەیەک کە بێبەری بێت لە ماف و ویستەکانی پێکهاتەکانی دیکە.
لەم چوارچێوەیەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ڕێنوێنی سەرۆک بارزانی، پێداگریی لەسەر وەرگرتنی پشکی شایستە و کاریگەری پێکهاتەی کورد دەکات لە دامەزراوە باڵا و سیادییەکانی عێراقدا، ئەم داواکارییە تەنها لەبارەی پۆستەکانەوە نییە، بەڵکو لەبارەی دەستەبەرکردنی ڕۆڵێکی چالاک و یەکسانە لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا، جەختی سەرەکی پارتی، بە پشتیوانیی بەهێزی سەرۆک بارزانی، لەسەر بنەمای گشتگیرتری نوێنەرایەتیی ڕاستەقینە و کاریگەریی پێکهاتەی کوردە لە سەرجەم دامەزراوە دەستوورییەکانی حکوومەتی عێراقدا، ئەم هەوڵانە نیشانەی گۆڕانکاریی هاوکێشەی سیاسییە لەسەر ئاستی عێراق، کە تێیدا هێزە کوردییەکان دەبێت بەپێی قورسایی و کاریگەرییان لەناو پەرلەماندا پۆستەکان بەدەست بهێنن، دەبێت ئیستحقاقی هەڵبژاردن و قورسایی سیاسی ڕەچاو بکرێت.
گرنگیی چاودێریی ئەمەریکا و دوورخستنەوەی سێبەری میلیشیاکان
لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەکات، واشنتۆن بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە کە پێکهێنانی حکوومەتێک دوور لە دەسەڵاتی میلیشیاکانی دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و پاراستنی سەروەریی عێراق زۆر گرنگە، ئەمەریکا خوازیارە حکوومەتێک پێکبهێنرێت کە خاوەنی ئیرادەی نیشتمانیی سەربەخۆ بێت و بتوانێت کۆنترۆڵی تەواوی سنوورەکانی و دامەزراوەکانی بەدەستەوە بگرێت، دوور لە کاریگەریی گروپە چەکدارە نادەستوورییەکان، لەم نێوەندەدا، دیدگا و نەخشەڕێگاکەی سەرۆک بارزانی بۆ حکوومەتێکی نیشتمانیی ڕاستەقینە، کە بنەماکانی دەستوور، سەروەریی یاسا و شەراکەت بچەسپێنێت، وەک وەڵامێکی گونجاو و هێمایەک بۆ ئاڕاستەیەکی دروست بۆ ئەو نیگەرانییە نێودەوڵەتییانە سەیر دەکرێت، ئەمە دەکرێت ببێتە خاڵێکی هاوبەش بۆ پێکەوە کارکردنی نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتیی حکوومەتێکی بەهێز و سەربەخۆ لە بەغدا.
ڕۆڵی یەکخەری سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی، بە درێژایی مێژووی پڕ لە خەبات و کاری سیاسیی خۆی، وەک هێزێکی میانڕەو و یەکخەر ناسراوە، کە توانای کۆکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانی هەیە، لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا، ڕۆڵی بەڕێزیان لە کۆکردنەوەی پەرشوبڵاوی لایەنە سیاسییەکان و ئاڕاستەکردنی گفتوگۆکان بەرەو ڕێککەوتنێکی نیشتمانیی، یەکلاکەرەوە دەبێت، ڕاسپاردە و ئامۆژگارییەکانی ناوبراو تەنها بۆ بەرژەوەندیی کورد نییە، بەڵکو بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دەستوورە، کە بنەمایەکی متمانەپێکراوە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان و بنیاتنانی عێراقێکی بەهێز و سەربەخۆ، حکوومەتێک کە لەسەر ئەم بنەمایانە دروست بکرێت، دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆن و قووڵەکانی عێراق، لەوانەش کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، و گەشەپێدانی ئابووری و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی عێراق.
بەرەو عێراقێکی نوێ بە هەوڵی بارزانی
قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکانی 2025 بۆ عێراق، قۆناغێکی پڕ لە ئومێد و هاوکات ئاڵنگارییەکی گەورەیە، ڕۆڵی ڕێبەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی و پێداگریی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر مافە دەستوورییەکان و وەرگرتنی پشکی شایستە لە دامەزراوە باڵاکانی عێراقدا، دەبێتە پێکهێنەرێکی سەرەکی لە داڕشتنی هاوکێشەی سیاسیی داهاتووی وڵاتەکەدا، ئەگەر سەرکردە سیاسییەکان بتوانن بە گیانێکی نیشتمانیی و دوور لە بەرژەوەندییە تەسکە حیزبییەکان بەیەک بگەن و ڕاسپاردە ستراتیژیی و حەکیمانەکانی سەرۆک بارزانی وەک نەخشەڕێگایەک وەربگرن، هاوکات پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ حکوومەتێکی سەروەر و بێ میلیشیا قۆستنەوە، ئەوا عێراق دەتوانێت بەرەو قۆناغێکی نوێ لە ئارامیی سیاسی، پێشکەوتنی گشتگیر و برایەتی هەنگاو بنێت. چاوەڕوانییەکان زۆرن و چاوەکان لەسەر بەغدا و هەولێرە، بۆ ئەوەی بزانن ئایا ئەم قۆناغە دەبێتە دەروازەیەکی نوێ بۆ عێراقێکی یەکگرتوو و سەقامگیر، یان دیسانەوە دەبێتە هەڵوێستێکی دیکە لە زنجیرەی کێشە چارەسەر نەکراوەکاندا.