هەنگاوێک بۆ دواوە و دەیان بۆ پێشەوە

هەنگاوێک بۆ دواوە و دەیان بۆ پێشەوە
هەنگاوێک بۆ دواوە و دەیان بۆ پێشەوە

   هێرشی یازدەیەمین بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر بە مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو، زنجیرەیەکی یەك لەدوای یەكی  هێرشی تیرۆریستی و پەلاماری شەمشەمەکوێرانی تاریکی یە دژی ئەم میللەتە مەزڵوومە. ئەوانە دژی ڕووناکی و بەختەوەریی خێزانەکان و خۆشگوزەرانیی نەتەوەی کوردن، دژی هەموو ئەو هەنگاو و پڕۆژانەشن کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابووری و بەگەڕخستنی دەستی کار و باشکردنی بژێوی و ژیانی هاووڵاتییان دەینێت. بەڵام تیرۆرستان ئەوەیان لەیاد کردووە کە سەرکردەیەک بۆ نەتەوەکەی لە خزمەتدا بێت و پڕۆژەی ڕووناکیی لەدوای ٣٠ ساڵ گەیاندبێتە ئەم ئاستە بەرزەی  ئێستای، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئیرادە و هێزی ئەم سەرکردەیە لە پاڵپشتیی هەموو تاکێکی دڵسۆز و بەئەمەکی ئەم نیشتمانە بەدەست دەهێنێت. گەلی کوردستان هەروەکو چۆن لە هەڵبژاردنەکاندا قسەی خۆیان کرد و بەرەی پڕۆژەی ڕووناکی و پڕۆژەی ئاو و هەژماری من و بەگەڕخستنی دەیان کارگە و دروستکردنی بەنداو و پۆند و ئارامی و سەقامگیری و پاراستنی سەر و ماڵیان هەڵبژارد، هەرواش بەو پاڵپشتییە بەهێزەوە لەپشت سەرۆکەکەیان دەبن و پشوو درێژ و خۆڕاگر دەبن و هێزی خۆیان دەبەخشنە سەرۆكەكەیان.

ئەم هێرشە تیرۆرستییە لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیش، هەموو هاوپەیمان و دۆست و لایەنگرانی کورد هێرشەکەیان ئیدانە كردوو بە کارێکی ترسنۆکانە وەسف کرد و ئەنجامدەرانیان بەوە ناساند کە ئەو تیرۆرست و میلیشیاتانە نیگەرانن بەرانبەر پێشکەوتنەکانی هەرێم و ئەنجامدانی دەیان پڕۆژە و کاری ناوازە، بۆیە هێرشکەران و هاندەران و چاوساخەکانیان چاویان بە پێشکەوتنەکانی کوردستان هەڵنایەت. گەلی کوردستان دڵنیایە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێشتریش شارەزایی و ئەزموونێکی ناوازەی لە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان هەبووە و ڕووبەڕووی تەحەدای تیرۆریستی و شەڕی داعش بووەتەوە، هەروا زۆر بە زانایی و ئاسانی ڕووبەڕووی تیرۆریستان و تێکدەران دەبێتەوە و وەڵام و تەحەدای بۆیان لە جێبەجێکردنی دەیان پڕۆژەی دیکەدا دەبێت.

ئەم هێرشانە هیچی کەمتر نییە لە هێرشە تیرۆریستییەکانی دیکە و تەنانەت بەراورد بە شەهیدبوونی ڕۆڵەکانمان و قوربانیدانی گەلەکەمان هەر هیچ نییە. بە بۆچوونی من هێرشی لەم شێوەیە چاوەڕوانکراوە لە هێز و لایەنی سیاسیی وا کە هیچی بۆ گەلەکەی نەکردووە و لە ماڵوێرانی و تێکدان زیاتر، ئەوان هەرگیز ناتوانن بگەنە ئاستی پێشکەوتن و گۆڕانکاری و وەرچەرخانە خێرا و بەردەوامەکانی هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت ئێمەش دابەزێننە ئاستی گەندەڵی و تاریکی و نائارامی و وێرانیی خۆیان. بەڵام سەرۆکی حکومەتێک کە ڕۆڵەی سەرۆک بارزانی مەرجەع و ڕابەری گەلی کورد بێت و شانازی بە خۆیەوە بکات کە پێشمەرگە و خزمەتکاری خەڵکی خۆی بێت، چۆن سازش بۆ دوژمن و نەیار و تیرۆریستێک دەکات کە دژی ڕووناکی و خۆشگوزەرانیی مرۆڤ بێت؟ چاوەڕوانین هەفتەی داهاتوو چەند بەردی بناغە و چەند پڕۆژە و کاری ناوازە و گەورەی دیکە لە هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی ئەم سەرۆکە خاکییە دەگرێتەوە. با بە کارێکی تیرۆریستی و ترسنۆکانە هەنگاوێک بمانبەنە دواوە، ئێمە دە هەنگاوی دیکە دەچینە پێشەوە. دواجار ئەوە ئێمەین و ئەوەش ئەوانن و گەل قسەی خۆی دەکات و هەر ئێمە لە پێشەوەی سەر‌قافڵەی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنەکانین و مێژوو سەلماندوویەتی هەرگیز تاریكی شەو نەیتوانیوە تروسكایی ڕووناكی بشارێتەوە.