تاریکپەرستان جەنگ دژی ڕووناکی ڕادەگەیەنن

تاریکپەرستان جەنگ دژی ڕووناکی ڕادەگەیەنن
تاریکپەرستان جەنگ دژی ڕووناکی ڕادەگەیەنن

شەوی ڕابردوو، کاتێک ڕووناکی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشابوو، دەستە ڕەشەکان جارێکی دیکە تیری ژەهراویی خۆیان ئاراستەی دڵی ئابووریی کوردستان کرد، هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، تەنها هەواڵێکی ئەمنی یان سەربازی نییە کە لە تایتڵی هەواڵەکاندا تێپەڕێت، بەڵکو دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر شادەماری ژیانی ملیۆنان مرۆڤ و هەوڵێکی نەزۆکە بۆ خنکاندنی هەرێمێک کە دەیەوێت لەناو ئاگردا، گوڵزار بنیات بنێت.

لێدان لە شادەماری ئابووری
ئەوەی لە کۆرمۆر ڕوو دەدات، بە ئامانجگرتنی سەنگەرێکی پێشمەرگە نییە، بەڵکو لێدانە لە ژێرخانی وزە، واتە لێدان لە ڕووناکی، لە گەرمی ماڵان و لە چەرخی کارگەکان. ئەوانەی ئەم مووشەک و درۆنانە ئاڕاستە دەکەن، پەیامەکەیان ڕوونە: دەمەوێت لە تاریکیدا بژین.

 ئەمە سزادانی بە کۆمەڵە، تاوانێکە کە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ویژدانی مرۆڤایەتی ڕەتی دەکەنەوە، پچڕانی کارەبا لەسەر ملیۆنان هاووڵاتی لە هەرێم، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە تیرۆر هیچ سنوور و مەزهەب و نەتەوەیەک نازانێت، تەنها دوژمنی ژیان و ئاوەدانییە.

ئەجێندای دەرەکی و لاوازیی سەروەری
ئەم هێرشە دەرخەری ڕاستییەکی تاڵـە، وەک زۆرێک لە چاودێران و تەنانەت بەرپرسانی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و حکوومەتیش ئاماژەیان پێ داوە، ئەویش لاوازیی هەڵوێستی حکوومەتی فیدراڵ و نەبوونی سەروەریی تەواوەتییە بەسەر خاک و ئاسمانی عێراقدا، گرووپە لەیاسادەرچووەکان کە بە وەکالەت شەڕی ئەجێندای دەرەکی دەکەن، بۆشایی ئەمنی و بێدەنگیی بەغدا دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی پەیامی سیاسیی خۆیان بە زمانی ئاگر بنووسنەوە، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، تا کەی دەوڵەت لەبەرانبەر گرووپگەلێکدا دەستەوەستان دەبێت کە بڕیارەکانیان لە دەرەوەی سنوورەکانەوە وەردەگرن؟

زەمینلەرزەیەک لە کاردانەوەکان
خاڵی جیاکەرەوەی ئەم هێرشەی دوێنێ شەو، یەکدەنگیی کاردانەوەکان بوو، لەسەر ئاستی ناوخۆ، سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت و لایەنە سیاسییەکان یەکدەنگ بوون لە ئیدانەکردن، لەسەر ئاستی بەغداش، بۆ یەکەمجار دەنگەکان بەرزتر بوون بۆ لێپرسینەوە، بەڵام گرنگتر لە هەمووی، پەیامە توندەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو، لە ئەمریکاوە تا یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو شەپۆلە لە ئیدانەکردنە نیشانی دا کە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی وزەی جیهانی و ناوچەکە.

پێویستیمان بە قەڵغانی ئاسمانییە
بەڵام با ڕاشکاو بین، بەیاننامەی ئیدانەکردن، هەرچەندە توندیش بن، ڕووناکی بۆ ماڵەکان ناگەڕێننەوە و ڕێگری لە درۆنی دواتر ناکەن، وەک فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم بە ڕوونی داوای کرد، کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە قۆناغی هاوسۆزیـەوە بۆ قۆناغی پاراستنی کردەیی هەنگاو بنێت،دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بۆ هەرێمی کوردستان، مافێکی ڕەوایە بۆ خۆپاراستن لە تیرۆرێک کە چاوی بە پێشکەوتن هەڵنایەت.

کۆرمۆر تەنها کێڵگەیەکی غاز نییە، بەڵکو هێمای خۆڕاگرییە، ئەوان دەتوانن بۆ ماوەیەک بۆرییەک بپچڕێنن یان ئاگرێک بەرپابکەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئیرادەی گەلێک بشکێنن کە بڕیاری داوە بە ڕووناکی بەرەنگاری تاریکی ببێتەوە، با ئەم هێرشە ببێتە زەنگێکی بەئاگاهاتنەوە بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و فشارێکی ڕاستەقینە بۆ کۆتاییهێنان بەم بەڕەڵاییە ئەمنییەی کە عێراقی گرتووەتەوە.