شەنگە هاوار کاکەیی
نووسەر
هێرشکردنە سەر کۆرمۆر سوپرایز نییە.. بەغدا باش دەزانێت سەرچاوەی هەڕەشەکە لە کوێوە هەڵقوڵاوە
کێڵگەی گازی کۆرمۆر، کە دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، تەنها پێگەیەکی جوگرافی یان پڕۆژەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو شادەمارێکی سەرەکیی وەبەرهێنان و دابینکردنی وزەیە لە پارێزگای سلێمانی و تەواوی هەرێمی کوردستان.
لەبەر ئەوەی ناوچەکە بەشێکە لە خاکی سەروەریی دەوڵەتی عێراق، پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییە بەگوێرەی دەستووری هەمیشەیی ساڵی 2005 بە دیاریکراوی ماددەکانی 110 و 112، دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵ، ئەم کێڵگەیە کە بە شادەماری ئابووریی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و ڕۆژانە بڕی 450 بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی بەرهەم دەهێنێت، بووەتە بڕبڕەی پشتی کەرتی وزە و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاوڵاتیان.
بەئامانجگرتنی ئەم پرۆژە ستراتیژییە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، بۆ چاودێرانی سیاسی و تەنانەت حکومەتی عێراقیش، نە سوپرایز و ڕووداوێکی کتوپڕە، نە یەکەمجارە و نە کۆتاجاریش دەبێت، هۆکارەکەشی ڕوونە، سەقامگیریی ئابووری و ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی هەرێمی کوردستان بەدەستی هێناوە، بۆ نەیارانی گەلی کورد وەک زەنگێکی مەترسیدار وایە، ئەمەش مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە دروستکردنی ئاڕاستەیەکی نەیارانە لە پەیوەندییە هەرێمییەکاندا.
ئەو پەلامار و بۆردوومانانەی لە ڕابردوودا کراونەتە سەر بنکە ستراتیژییەکانی هەرێم، ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ هەڵگیرساندنی جۆرێک لە جەنگی بەوەکالەت و شەڕێکی دوورمەودای ژێربەژێر لە دژی قەوارەی هەرێم.
لەکۆتاییدا دەبێت ئەو ڕاستییە بڵێین، ئەگەرچی کۆرمۆر سیمبوولی سەقامگیریی ئابووریی کوردستانە، بەڵام هاوکات بەشێکە لە ئاسایشی نیشتمانیی عێراقیش، بۆیە لە هاوکێشە سیاسییەکاندا ناکرێت تەنها وەک پرۆژەیەکی وزە سەیر بکرێت، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور و بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی، هەرچی زووە هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ کۆتاییهێنان بەم زنجیرە هێرشانە، حکوومەتی بەغدا و هێزە دەسەڵاتدارەکان زۆر باش دەزانن سەرچاوەی ئەم کانییە ژەهراوییە و ئازارانە لە کوێوە هەڵقوڵاون و کێ ئاڕاستەیان دەکات.
بەردەوامبوونی ئەم پەلامارانە تەنها ڕووداوێکی ئەمنی نین، بەڵکو هەڕەشەیەکی جددین بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتان نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەیان لە عیراق و هەرێمی کوردستان هەیە، تێکدانی سەقامگیری و لێدان لە ژێرخانی ئابووری، پەیامێکی مەترسیدارە و بە ئاسانی تێناپەڕێت.