ئاشنا ئەمیر بارزانی
نووسەر
لاجانی هەرکییەکان.. قەڵایەک لە ئارامی بەرانبەر پیلانی ئاژاوەگێڕان
لە ساتەوەختێکدا کە هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەکی باڵای سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا دەدرەوشێتەوە، هەمیشە چاوی نەیاران و دەستە دەرەکییەکان لەسەر ئەوە بووە کە درزێک لەم دیوارە پۆڵایینەی ئاسایشدا دروست بکەن، ڕووداوەکانی ئەم دواییەی گوندی لاجانی سەر بە پارێزگای هەولێر، کە مێژوویەکی دێرینی هەیە و لانکەی عەشیرەتی تێکۆشەری هەرکییە، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە پیلانگێڕان هەموو هەلێک دەقۆزنەوە بۆ لێدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و تێکدانی شیرازەی ئاسایشی نیشتمان.
ئەوەی لە لاجان ڕوویدا، تەنها ڕووداوێکی ئاسایی یان کێشەیەکی خۆجێیی نییە، بەڵکو خوێندنەوەی ورد بۆ دۆخەکە دەریدەخات کە دەستێکی ڕەشی دەرەکی و ناحەزانی ناوخۆیی هەوڵیان داوە سواری شەپۆلی ڕووداوەکان ببن و ئاراستەی کێشەکان بەرەو ئاژاوەیەکی سیاسی و ئەمنی ببەن.
ئامانجی ئەم دەستانە ڕوونە، ئەوان دەیانەوێت متمانەی هاووڵاتی بە دامەزراوە ئەمنییەکان لاواز بکەن و ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو دڵی خەڵکدا بچێنن، بەڵام هۆشیاریی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی دانیشتووانی دڵسۆزی لاجان، هەمیشە بەربەست بووە لە بەردەم ئەم مەرامە گڵاوانەدا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک پارێزەری سەرەکیی گیان و ماڵی هاووڵاتییان، بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە.
پەیامی حکوومەت بۆ خەڵکی سەربەرزی لاجان پەیامێکی ڕوون و دڵنیاکەرەوەیە، دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزە ئەمنییەکاندایە و ئارامی بۆ ناوچەکە گەڕاوەتەوە، داواکاریی حکوومەت بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانی گوندەکە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵات بە تواناوە ئاسایشی ناوچەکەی مسۆگەر کردووە و ڕێگە بە هیچ بۆشاییەکی ئەمنی نادرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، سەروەریی یاسا هێڵی سوورە و حکوومەت بەڵێنی داوە کە دەستی یاسا دەگاتە هەموو ئەوانەی کە هەوڵیان داوە ئاژاوەگێڕی بکەن یان ئاسایشی گشتی بخەنە مەترسییەوە، هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە و ئەوانەی بە فیتی دەرەکی دەیانەوێت یاری بە چارەنووسی خەڵک بکەن، ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبنەوە، ئەم هەڵوێستە توندەی حکوومەت پەیامێکە نەک تەنیا بۆ ئاژاوەگێڕانی ئەم ڕووداوە، بەڵکو بۆ هەر لایەنێک کە خەیاڵی تێکدانی ئەزموونی هەرێمی کوردستانی لەسەردایە.
لەکۆتاییدا، پێویستە هەمووان دڵنیابن کە گوندی لاجان و دانیشتووانە تێکۆشەرەکەی، بەشێکی دانەبڕاون لە جەستەی نیشتمان و حکوومەت هەرگیز ڕێگە نادات ببنە قوربانیی ململانێ و ئەجێندای دەرەکی، گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ لاجان، وەڵامێکی کوشندەیە بۆ ئەوانەی دەیانویست ئاو لەو گۆمەدا لێڵ بکەن.
کوردستان بە ئارامی دەمێنێتەوە و پلانی نەیارانیش وەک هەمیشە پووچەڵ دەبێتەوە، چونکە ئیرادەی گەل و حکوومەت بۆ پاراستنی سەقامگیری، لە هەموو پیلانێک بەهێزترە.