هەرمن ئەحمەد
نووسەر
هەرکی و پارتی.. پەیمانێک بە خوێن نووسراوەتەوە و هیچ گەردەلوولێک نایهەژێنێت
لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا، هەمیشە ناوی هەندێک چین و توێژ و عەشیرەت وەک کۆڵەکەی پۆڵایین دەدرەوشێنەوە، عەشیرەتی هەرکی، ئەو ناوە بەرزەیە کە لە فەرهەنگی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، هاوتایە لەگەڵ وشەی وەفا، قوربانیدان و کۆڵنەدان، ئەمە پەیوەندیی نێوان دوو لایەنی سیاسی یان کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو تێکەڵبوونێکی ڕۆحییە کە بە خوێنی شەهیدان ئاودراوە.
پەیوەندیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و عەشیرەتی هەرکی، پەیوەندییەکی هەڕەمەکی و کاتی نییە کە بە بەرژەوەندییەک دروست بووبێت و بە کێشەیەکی بچووک کۆتایی بێت، ئەم پەیوەندییە ڕەگێکی قوڵی لەناو مێژووی شۆڕشەکانی کوردستاندا هەیە، هەرکییەکان هەمیشە ئەو هێزە بوون کە لە ڕۆژە سەختەکاندا، پێش ئەوەی بانگ بکرێن، خۆیان لە سەنگەرەکاندا بوون. ئەوان سەلماندوویانە کە پارتی بۆ ئەوان تەنها حزبێک نییە، بەڵکو ناسنامە و شەرەف و شکۆی نەتەوەییە، پارتیش هەمیشە هەرکییەکانی وەک خودی خۆی سەیر کردووە، نەک وەک دۆستێک.
ئەگەر دەمانەوێت شاهیدی بۆ ئەم ڕاستییە بدەین، با ئاوڕێک لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش بدەینەوە، لەو ڕۆژانەی کە هەوری ڕەشی تیرۆر ئاسمانی کوردستانی داپۆشیبوو، گەنجان و پیاوانی هەرکی چاوەڕێی فەرمان نەبوون، بەڵکو وەک هەڵۆ لەسەر لووتکەی چیاکانەوە بۆ بەرگری لە خاک و نیشتمان هاتنە خوارەوە، خوێنی ڕۆڵەکانی عەشیرەتی هەرکی لە میحوەرەکانی خازر، مەخموور، زوممار و شەنگال، تێکەڵ بە خاکی پیرۆزی کوردستان بوو، ئەوان بە کردار سەلماندیان کە ،پێشمەرگە، تەنها ناوێک نییە، بەڵکو باوەڕێکە لە دڵی هەر تاکێکی ئەم عەشیرەتەدا دەژی، ژمارەی زۆری شەهیدانی هەرکی لە شەڕی داعش، مەدالیایەکی شانازییە بە سنگ و مێژووی ئەم عەشیرەتەوە و بەڵگەی حاشاهەڵنەگری دڵسۆزییانە بۆ ڕێبازی بارزانی.
لەم سۆنگەیەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە لەم دڵسۆزییە دەڕوانێت، بۆ پارتی، هەرکییەکان بەشێکن لە جەستەی حزب، بەشێکن لەو مێژووەی کە سەرۆک بارزانی شانازی پێوە دەکات،سەرکردایەتیی پارتی باش دەزانێت کە لە تەنگانەدا، پشت و پەنای هەرکییەکان چیایەکە ناهەژێت، ئەم وەفادارییە دوو لایەنەیە، چۆن هەرکییەکان ئامادەن گیانی خۆیان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی پارتی و کوردستان ببەخشن، ئاواش پارتی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە پاراستنی کەرامەت، پێگە و ژیانی هەر تاکێکی ئەم عەشیرەتە.
ئەمڕۆ، هەر دەنگێک یان پیلانێک کە بیەوێت درز بخاتە نێوان ئەم دوو جەستە یەکگرتووەوە، خەیاڵێکی خاوە و هەوڵێکی نەزۆکە، ئەوانەی دەیانەوێت لە ڕێگەی دروستکردنی کێشەی لاوەکییەوە، گومانی دڵسۆزی لەلای هەرکییەکان دروست بکەن، مێژووی ئەم عەشیرەتە نازانن، هەرکییەکان فێری ئەوە بوون لەژێر سێبەری پارتیدا سەربەرزانە بژین و پارتیش فێری ئەوە بووە کە هەمیشە قەڵایەک بێت بۆ پاراستنی دڵسۆزانی.
: پەیوەندیی هەرکی و پارتی، وەک پەیوەندیی نێوان خوێن و دەمارە، جیابوونەوەیان مەحاڵە، ئەو خوێنەی لە شەڕی داعش ڕژا، مۆرێکی ئەبەدی لەسەر ئەم پەیمانە داوە، هەرکییەکان هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگرین، و پارتیش هەمیشە ماڵە گەورەکەی ئەوان دەمێنێتەوە، با نەیاران چاک بزانن، کێشەکان تێدەپەڕن، بەڵام برایەتی و یەکڕیزیی پارتی و هەرکی، وەک چیاکانی کوردستان بە پێوە دەمێنێتەوە.