بۆچی سەرۆک مەسعود بارزانی لە جەزیرەی بۆتان داوای مەم و زینی کرد، نەک ئیمراڵی؟

بۆچی سەرۆک مەسعود بارزانی لە جەزیرەی بۆتان داوای مەم و زینی کرد، نەک ئیمراڵی؟
بۆچی سەرۆک مەسعود بارزانی لە جەزیرەی بۆتان داوای مەم و زینی کرد، نەک ئیمراڵی؟

یەکێک لە بەهێزترین وێنە شیعرییەکانی شاعیر "مەلای جەزیری" ئەم دوو بەیتەیە کە تێیدا هاتووە:
(گوڵی باخی ئیرەمی بۆتانم
شەبچرایێ شەڤێ کوردستانم)

دیارە سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ شاری مەلای جەزیری لە باکووری کوردستان هەڵگری سێ هێمایە، چونکە لە یەک کاتدا سەردانی سێ جێگای مێژوویی لە جەزیرەی بۆتان کرد وەک: گۆڕی حەزرەتی نوح، مەزاری مەلای جەزیری و مەزارگەی مەم و زین.

گرنگیی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی لەوەدایە کە ناکرێت تەنها وەکو جموجۆڵێکی سیاسی وەربگیرێت، بەو پێیەی بەدەر لە پاشخانی ڕامیاری، پەیامێکی پڕمانای لەپشتە، کە دیارە گرێدانی ئەم سێکوچکە هێمایە بەیەکەوە، لە دیدی بارزانییەوە چوارچێوەی پرۆژەی نەتەوەیی بەڕوونی دیاری دەکات.
ئەمە خۆی لەخۆیدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد ڕەهەندێکی فراوانی هەیە و بریتییە لەم سێ پایەی دەسەڵات: فەرهەنگی، ئایینی و نەتەوەیی.

ئەم هەنگاوە هاوکات بوو لەگەڵ داواکارییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان، بۆ دیدەنیی سەرۆک بارزانی لە زیندانی ئیمراڵی.
بەڵام چاوەڕوانییەکەی ئۆجەلان زۆری نەخایاند؛ سەرۆک مەسعود بارزانی وەڵامی داخوازییەکەی ڕێبەری پەکەکەی بە پەیامی ئاشتی ڕاگەیاند، بەڵام لە کوێ؟ لە جەزیرەی بۆتانەوە بەرەو جیهان، نەک لە ئیمراڵییەوە.

دیارە هەڵوێستی بارزانی لە ڕاگەیاندنی پەیامی ئاشتی لە زیندانی داگیرکەرانەوە ناکارایە، بۆیە بە جیهانی ڕاگەیاند کە پەیامی ئاشتیی ئەم ڕووداوە ئومێدبەخشە. لە هاوکاتبوونی داواکارییەکەی سەرۆکی پەکەکەدا، کە بەڕاستی هیممەتی کوردانەی گەرەکە، چونکە خەباتی سیاسی لە باشووری کوردستان هاوشان و تەواوکەری خەباتی نەتەوەی کوردە لە باکووری کوردستان، کە ئامانجی هەردوو سەکۆ بریتییە لە زیندووکردنەوە، ناساندن و پارێزگاریکردنی ئەو دەسەڵاتە مێژووییە کوردییەی کە میرنشینی بۆتان لە سەدەی شازدە (١٦) هەوڵی بۆ داوە.

لە دوای سێ سەدە، سەرۆک بارزانی وەکو بەهێزترین دەسەڵات لە باشووری کوردستان، ڕووی کردۆتە هەمان مەنزڵگا بۆ درێژەدان بە هەمان ڕێچکەی ڕابردوو، کە بە هیممەتی دلێرانە لە سەردەمی ئاڵنگاریی بەهێزی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و سەفەویدا، میری بۆتان ئەو نەخشەیەی کێشا.

پاشان داواکارییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠٢٥ لە ڕێگەی وتەبێژانی "پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان" (دەم پارتی)ـیەوە خرایە ڕوو. ئەو بوو چەند جارێک داوای دیدەنیی سەرۆک بارزانیی کرد لە زیندانی ئیمراڵی، هەروەها لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیی نوێ لە تورکیا، بەدەر لەوە داوای سەرکردایەتیکردنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی لە سەرۆک بارزانی کردووە.

بەڵام سەرۆک بارزانی وەڵامی داواکارییەکەی ئۆجەلانی لەنێو زیندانی ئیمراڵییەوە نەدایەوە. پاش چاوەڕوانییەکی شیرین، ئەو چووە مەنزڵگای مێژوویی و نەتەوەیی، چووە سەر گۆڕی مەم و زین و مەزاری جەزیری، چونکە ئیمراڵی نوێنەری کۆت و زیندانە.
بەڵام مەم و زینی خانی، نوێنەری خەونی یەکڕیزی و ئاشتین.

دواجار بۆ سەرۆک بارزانی وەکو سەرۆکی بەهێزترین پارتی کوردی لە ناوچەکەدا، چوون بۆ زیندانی ئیمراڵی و بۆ دیدەنیی سەرکردەیەکی کورد لەناو دەسەڵاتی داگیرکەردا، لەڕووی دیبلۆماسی و نەتەوەییەوە کارێکی قورسە. ئەم هەنگاوە دەیتوانی پەیامی ملکەچی بگەیەنێت و گرەوی سەر کەرامەتی هەرێم بخاتە مەترسییەوە، بۆیە ئەو بەو هەڵبژاردنەی جەزیرە، مەنزڵگای مەم و زین، بە کردەوە وەڵامی داواکارییەکانی سەرۆکی پەکەکەی دایەوە کە سەرکردایەتیی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکرێت، بەڵام لەسەر بنەمای سەروەری، نەک لەسەر بنەمای ئارێشەی کۆت و زیندان.

بەم شێوەیە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جەزیرە، نهێنییەکی گەورەی بۆ جیهان ئاشکرا کرد؛ ئۆجەلان داوای سەرکردایەتیی کرد، بەڵام بارزانی لەبری چوونی بۆ زیندانی قەیران، پەنای برد بۆ مەنزڵگای فیکر و نەتەوە. لێرەدا پەیامەکە ڕوونە: چارەسەری دۆزی ڕەوای کورد لەسەر دەستی یەک کەس یان لە چوارچێوەی یەک حیزبدا نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای تێکڕای هاوبەشییە کولتوورییەکانە، چونکە لەسەر سێکوچکەی پیرۆز دامەزراوە: ڕەسەنایەتیی ئایینیی نوح، هۆشیاریی فەرهەنگیی جەزیری و خەونی سیاسیی مەم و زین. پرۆژەی نەتەوەیی سەرۆک بارزانی پێی وایە ڕێبازی نەتەوایەتی سەبارەت بە ئێمەی کورد، لە ڕێچکەی ڕابردووەوە سەرچاوە هەڵدەگرێت، نەوەک لە هەلومەرجی کاتی.

لە کۆتاییدا پاش ڕاگەیاندنی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی، ئێستا تەواوی جیهان تێگەیشت کەوا ڕەگ و ڕیشەی بزاڤی ڕەسەنایەتیی کولتووری کوردی لە چییەوە وەرگیراوە و چۆن بەرجەستەیە لە هەر چوار پارچەی کوردستان.