هەرمن ئەحمەد
نووسەر
خوێندنەوەیەک بۆ ستراتیژیی سەرۆک بارزانی لە جزیرێ و هیستیریای سیاسیی باخچەلی
ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە دۆسیەی ئاشتیی تورکیادا تێپەڕاندنی ڕۆڵی سەرکردەیەکی کلاسیکییە بەرەو ڕۆڵی مەرجەعێکی ستراتیژی کە توانیویەتی بە لۆژیکی هێزی نەرم و دیپلۆماسیی حەکیمانە چەمکی پێکەوەژیان بخاتە جێگەی چەمکی سڕینەوە، چونکە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو سەلماندی کە سەرۆک بارزانی خاوەنی ئەو قورساییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەیە کە دەتوانێت ببێتە پردی پەڕینەوە لە قۆناغی ململانێی خوێناوییەوە بۆ قۆناغی داننان بە یەکتردا و ئەمەش وای کردووە کە لە هەر وێستگەیەکدا تورکیا پێویستی بە چارەسەری ڕاستەقینە بێت ڕوو لە هەولێر و ڕوو لە بارزانی بکات وەک تاکە دەروازەی متمانەپێکراو بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانە مێژووییەکان.
لە بەر ڕۆشنایی ئەم ڕۆڵە مێژووییەدا، سەردانە شکۆدارەکەی سەرۆک بارزانی بۆ شاری جزیرێ وەک بوومەلەرزەیەکی دەروونی لە ناخی عەقڵییەتی شۆڤێنیدا دەنگی دایەوە، چونکە کاتێک سەرکردەیەکی کورد بەو هەموو ڕەمز و سیمایە نەتەوەییەوە دەچێتە ناو جەرگەی شارێکی وەک جزیرێ و لە جیاتی زمانی شەڕ، باسی ئاشتی دەکات و جەماوەریش وەک فریادڕەسێک پێشوازی لێ دەکەن ،ئەوا گورزێکی کوشندە لەو دیوارە ئەستوورەی ترس دەدات کە دەوڵەتی قووڵ دەیان ساڵە لەسەری وەبەرهێنان دەکات و ئەم سەردانە پەیامێکی ڕوونی تێدا بوو کە کورد لە باکوور خاوەنی قوڵایی ستراتیژیی خۆیەتی و هیچ سنوورێک ناتوانێت ڕێ لە یەکگرتوویی ڕۆحی و نەتەوەیی بگرێت.
هەڵچوون و لێدوانە پڕ لە ڕقەکانی دەوڵەت باخچەلی بەرانبەر بەم سەردانە مێژووییەی سەرۆک بارزانی، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە عەقڵییەتی ئینکار تووشی جۆرێک لە پارادۆکس و قەیرانی بوون بووە، چونکە ئەوان باش دەزانن کە کلیلی چارەسەر لای بارزانییە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئایدۆلۆژیاکەیان لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی ئەویتر دامەزراوە، ناتوانن دان بەو ڕاستییەدا بنێن کە ئاشتی بەبێ ڕۆڵی بارزانی مەحاڵە بۆیە پەنا دەبەنە بەر زمانی هەڕەشە و سووکایەتی تاوەکو بتوانن ئەو وێنە جوانە بشێوێنن کە بارزانی لە جزیرێ دروستی کرد و باخچەلی لەوە دەترسێت کە مۆدێلی بارزانی ببێتە پێوەر بۆ چارەسەری کێشەی کورد و ئەمەش کۆتایی بە بازرگانیکردنی ئەوان بە خوێنی سەرباز و گەریلاکانیش دەهێنێت.
ئەوەی لە لێدوانەکانی باخچەلیدا دەخوێنرێتەوە، ترسی ڕاستەقینەیە لە هۆشیاریی نەتەوەیی و دیپلۆماسیی واقعبینانە کە سەرۆک بارزانی ڕابەرایەتی دەکات، چونکە شۆڤێنیزم هەمیشە کوردی وەک تیرۆریست یان تێکدەر وێنا کردووە، بەڵام کاتێک بارزانی وەک دەوڵەتمەدارێکی جیهانی دەچێتە ناو ماڵەکەیان و باسی برایەتی دەکات، ئەو وێنە ساختەیە دەسڕێتەوە و ئەمەش بۆ ئەوان شکستێکی ئایدۆلۆژییە، بۆیە دژایەتیکردنی بارزانی لەلایەن باخچەلییەوە دژایەتیکردنی شەخس نییە، بەڵکو دژایەتیکردنی پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسییە.
لە کۆتاییدا دەبێت بگوترێت، مێژوو سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ وەک خاڵی وەرچەرخان و بەڵگەی نیازپاکی تۆمار دەکات و دەسەلمێنێت، کێشەی سەرەکی لە تورکیادا نەبوونی هاوبەشی کورد نییە بۆ ئاشتی، بەڵکو بوونی عەقڵییەتێکی نەخۆشە بە ناوی شۆڤێنیزم کە ناتوانێت لە دەرەوەی بازنەی خوێن بژی و هەر کاتێک بارزانی هەنگاوێک بۆ ئاشتی دەنێت، ئەوان هەنگاوێک بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە، بەڵام دواجار لۆژیکی ژیان و ئاشتی کە بارزانی هەڵگریەتی بەسەر لۆژیکی مەرگ و ئینکاری باخچەلیدا سەردەکەوێت، چونکە جوگرافیای ڕۆح و حەقیقەتی مێژوو بە ژاوەژاوی سیاسی ناسڕدرێنەوە.