د. یادگار ئیسماعیل
نووسەر
کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە جیهان لە کوردستان و پەیامە هەرێمییەکان و گۆڕانکارییەکان لە هاوسەنگی هێزدا
کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی جیهان لە کوردستان بەرجەستەی پێشهات و گۆڕانکارییە دیپلۆماسییە هەرە بەرچاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەسەر پشتی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ساڵانی ڕابردوودا ڕوویان داوە.
لە کاتێکدا ئەو پێشهاتە وتار و ڕیتۆریکی فەرمی پڕۆژەکە وەک هەنگاوێک بەرەو پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و کەلەپورییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێم دەخاتە ڕوو، قەبارەی کونسوڵخانەکە و سروشتی وەبەرهێنانەکە پەیامێکی جیۆپۆلەتیکی ڕوون و ڕەوان دەگەیەنێت، ئەویش هاوتەریبوونی ڕوناگە و دونیابینی ئەمەریکا و کوردستانە بۆ ماوەیە دوورووردرێژ. ویڕای ئەوەش، کە وەک لەم وتارە مەبەستمە، متمانەیەکی یەکجار زۆری زلهێزێکی گەورەی ڕۆژئاوایی وەکو ئەمەریکایە لە دڵی ناوچەکەدا، کە هاوکێشە ناوچەییەکان لەبەرانبەر و بۆ پایتەختەکانی ناوچەکە لە قاڵب دەداتەوە.
داننانی زیاتر بە پێگەی جیۆپۆلیتیکی کوردستان
بۆ کوردستان، کونسوڵخانە نوێنەرایەتی داننانە بە پێگەی ناوچەیی و پەیامی پشتیوانی ستراتیژی دەکات. ئەوە دووپات دەکاتەوە کە هەرێم بووەتە هاوبەشێکی جێی متمانە لە ناوچەیەکی پشێودا و توانای زیاتری پێدەبەخشێت بۆ پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئابووریی خۆی.
هەروەها ئاماژە بۆ قوڵایی پەیوەندی نێوان هەرێم و زلهێزە نێودەوڵەتییەکان دەکات و پەیامێک بۆ بەغدا دەنێرێت کە ناکرێت کوردستان لە پەراوێزی جوگرافیای سیاسیی و هاوکێشەکاندا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵکو دەبێت ناوەندێکی دیپلۆماسی پەرەسەندووتر بێت لەوەی هەیە. بێجگە لەمەش، ئەم وەبەرهێنانە فەرهەنگییە، سیاسی و ئابوورییە کوردستانی زیاتر کردۆتە و زیاتریش دەکاتە کەسایەتیەکی بەرجەستەی بەهێز و یەکلاکەرەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە لایەکی دیکەوە، هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی سەرنجی نێودەوڵەتی دەستبەجێ و ڕێوشوێنی پراکتیکی.
بەغدا بەگومانەوە دەڕوانێت، دەشکرێت بۆ سەقامگیری قازنج بکات
لەو نێوانە ستراتیژی بەغدا، یان بڵێین ستراتیژی بێ- ستراتیژی بەغدا ئاڵۆز و فرەلایەنە. لە لایەکەوە حکوومەتی فیدراڵی سوود لە کەشەکە وەردەگرێت لە ئاستی کۆمەڵگە، بەڵام مەرج نیە یەکانگیر بێت لەگەڵ خواستی سیاسی بەغدا. ئەگەر بەغدا بیەوێت، ئەویش دەتوانێت بەشداربێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و پەیوەندییە ڕامیارییەکان، بێجگە لە گرنگی هاوسەنگکردنی هێز لە بەرانبەر کاریگەری میلیشیاکان.
لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە هێزە سیاسییەکان بەتایبەتی ئەوانەی نزیکن لە وڵاتانی هەرێمی، کونسوڵخانە وەک گواستنەوەی قورسایی دیپلۆماسی بەرچاو بۆ هەولێر لەسەر قازنج و بەرژەوەندی دەسەڵاتی 'ناوەندی' فیدراڵی دەبینن. بۆ ئەم تاقمانە گەورەترین کونسوڵخانەی جیهان لەناو هەرێمی کوردستاندا ئاماژەیە بۆ زیادبوونی پێگەی کوردستان و دابەزینی توانستی ڕامیاری بەغدا لاوازیی بەسەر پەیوەندییەکانی دەرەوەدا.
لە ڕووی ئاساییشەوە ئێران نیگەرانە
پەیوەست بە ئێران ئەو هەنگاوە لە ڕوانگەیەکی تەواو ئەمنییەوە لێکدەداتەوە. تاران کونسوڵخانە تەنیا وەک باڵەخانەیەکی بێ ڕۆح و ئاسایی دیپلۆماسی نابینێت، بەڵکو وەک سەکۆیەکی ستراتیژی لەسەر سنوورەکانی خۆی دەیبینێت. بۆ بڕیاردەرانی ئێران، ئەم پڕۆژەیە بەرجستەی بەشێک لە ستراتیژی ڕۆژئاوا دەکات کە ئامانج لێی چاودێریکردنی چالاکییەکانی ئێران لە عێراق و سووریا و سنووردارکردنی جوڵەی سوپای پاسداران و میلیشیا نزیکەکان بێت (ڕەنگە کاردانەوەشی هەبێت)، کە لە کرۆکدا ڕەنگە کەمێکیش وەها نەبیت و بزاوتێکی دیپلۆماسی بێت لە پێناو ئامانجی ڕامیاری و بازرگانی.
تورکیا خۆی پێ یەکلایی ناکرێتەوە
لە بەرانبەردا تورکیا بە دوو ڕوانگەوە سەیری ئەم پێشهاتە دەکات، هاوسەنگی لە نێوان دەرفەت و نیگەرانییەکان. ئەنقەرە سەقامگیری هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانێت بۆ بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی، بە تایبەت لە سەروبەندی پرۆسەی ئاشتی و بابەتی ڕێگەی گەشەپێدان (کە پتر لەوەی گەشەپیدان بێت، ئامانجێکی گەشەسەندنە لە هەرێمی کوردستان و ئەمە بابەتێکی دیەکە). لەتەک ئەمە، هەبوونی ئەمەریکا وەکو کاپتنی هەڵبژاردەی ڕامیاری ڕۆژئاوا لە هەولێر توێکڵ و قەڵغانێکی پاراستن بۆ ناوچەکەش لە بەرانبەر هێرشی میلیشیاکان دابین دەکات، کە ناوە ناوە ژێرخان و سەرخانی کوردستان دەکەنە ئامانج. دیسان ئەمەش خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەنقەرە ترسی ئەوەی هەیە کە ئەم فراوانبوونی ئامادەیی ڕۆژئاوا ببێتە پێشەکییەک بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاری لەگەڵ هێزە کوردییەکان لە سوریا (هەسەدە) و لەگەڵ پارتە کوردییەکانیش لە باکوور، کە پرسێکی زۆر هەستیارە بۆ تورکیا. بۆیە ڕەنگە تورکیا بوونی ئابووری و ئەمنی خۆی لە ناوچەکەدا قووڵتر بکاتەوە بۆ ئەوەی هاوسەنگی هێزەکان بپارێزێت.
کاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی نێوەخۆ دەبێت: "هەولێر ناوەندەکەیە بۆی بگەرێنەوە"
لە سەر ئاستی عێراق و ناوخۆشدا کونسوڵخانە کاردانەوەی لەسەر دیمەنی سیاسی گشتی و پێگەی هەرێمی کوردستان و بە گشتیش کورد هەیە، ئەوەی لە بەغداش لێی دەترسن بوونی هەولێرە بە قولایی ستراتیژی جێگرەوەی بەغدا. بێگومان پێگەی هەولێر وەک پایتەختی دیپلۆماسی عێراق بەهێز دەکات و توانای زیاتر دەکات بۆ ئەوەی ڕۆڵی کارا لە کاروباری ناوچەکەدا بگێڕێت.
هەروەها دەتوانێت دەرفەتی نوێی ئابووری و دیپلۆماسی دروست بکات، که ڕه نگه گرژییەکانی نێوان پارته کوردستانییەکان کەم بکاتەوه، بەڵام لە هەمان کاتدا دەکرێت کێبڕکێی نوێ بۆ کاریگەری دروست بکات، ئەمەش بەڕێوەبردنی هاوسەنگییە ناوخۆییەکان دەکاتە پارسەنگێکی بنگەهی بۆ پاراستنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو.
میلیشیاکان ڕەشبینتر دەبن
بۆ میلیشیا چەکدارەکانی ناو عێراق، پڕۆژەکە بەرهەڵستیەکی ڕاستەوخۆ و مەزنە. ئەم تاقمانە کە پەیوەستن بە باڵەکانی هێزەکانی حەشدەوە، کونسوڵخانەکە وەک پێگەیەکی ڕۆژئاوایی دەبینن کە ڕێگری دەکات لە فراوانبوونیان لە هەرێم، کە بە باکووری عێراق دەیبینن و دژ بە قوڵایی ستراتیژیەتی خۆیان دەیناسن. چاوەڕوان دەکرێت تاکتیکی فشاری ئاسایی خۆیان بەکاربهێنن: هەڵمەتی زانیاری ناڕاست، هەڕەشەی مووشەکی سنووردار، هێرشی میدیایی، وەکو ئێستا لە دەستوەردانە دەرەکییەکانی قەزای قەبات ڕوویاندا، یان بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمیش بە گشتی. بەڵام ئەم جۆرە هەنگاوانە شمشێرێکی دوو سەر دەبن بۆیان، چونکە ئەو خواستەی پەیوەندی بە سەقامگیری و ئارامی ناوچەکەوە هەیە، ناکۆکە لەگەڵ دونیابینی و کرداری ئەوان.
دەرفەتی ئابووری ناوازە بۆ کوردستان لە ڕێگەن: قیبلەی ئابووری
لە ڕووی ئابوورییەوە کردنەوەی کونسوڵخانەکە هیوای سوود و قازانجێکی زۆر و درێژخایەنە. پێکهاتەیەکی دیپلۆماسی بەم قەبارەیە بە واتای لێشاوی زیاتری وەبەرهێنان و کۆمپانیا و ڕێکخراوە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان دێت. هەروەها متمانە بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بەرز دەکاتەوە و هانی هاوبەشە جیهانییەکان دەدات، کە هەولێر وەک دەروازەیەکی هەرێمیی بۆ عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران بەکاربهێنن. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی گەشەپێدانی ژێرخانی هەولێر و هەرێمی کوردستان و فراوانبوونی هێڵە ئاسمانییەکان و تێکەڵبوونی زیاتری ناوچەکە لەگەڵ بازاڕە جیهانییەکان.
لە ئاستی دونیابینی گشتییەوە، زۆرێک لە هاووڵاتیانی ناوچەکە ئەم هەنگاوە بە بەڵگەیەک دەزانن کە کوردستان بە بەراورد بە هەموو عێراق وەک ناوچەیەکی سەقامگیر و ئارام دەمێنێتەوە، هەروەها بەرژەوەندیی درێژخایەنی نێودەوڵەتی بە گرنگ دەبینن، بەڵام ترسیشیان دەکرێت لە هەڕەشەکانی میلیشیاکان لە نزیکمەودا هەبێت.
زۆرێک هیواخوازن کە بوونی کونسوڵخانەکە ببێتە هۆی هەلی کار و پەیوەندی کەلەپووری و ئامادەیی نێودەوڵەتی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا. بەپێچەوانەوە، ئەوانی تر ترسیان لەوە هەیە کە هەرێم ببێتە گۆڕەپانێک بۆ کێبڕکێ لە نێوان زلهێزەکانی ناوچەیی و ڕۆژئاوادا و بیخاتە ناو دڵی ململانێ جیۆپۆلەتیکیەکانەوە.
کوردستان: نەخشەیەکی جێگرەوەی جیۆپۆلیتیکیە لە تەواوی ناوچەکە
دواجار کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی جیهان لە هەولێر تەنیا پێشهات و پێشڤەچوونێکی پەیوەندییە ڕامیارییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنێکی نەخشەیەکی جێگرەوەی جیۆپۆلەتیکی ڕوونە کە یاساکانی یارییە ڕامیارییەکان دەگۆڕێت. کاریگەری لە ناوخۆی عێراقیش دەبێت و هەموو هاوکێشەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا دەگۆڕێت و هەرێمی کوردستان دەکات ناوەندێکی زاڵتری دیپلۆماسی و ستراتیجی لە ناوچەکەدا.