د. یادگار ئیسماعیل
نووسەر
چۆن هونەرمەندان لە رووی ئایدۆلۆژییەوە ئاراستەی گوتاری گشتی دەگۆڕن
لە ناو ئەو قەیرانە زۆرانەی ئەمڕۆ رووبەڕووی ئەمریکا دەبنەوە، لەوانە: کۆچی نایاسایی، کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و دۆسیەی بەڵگەکانی ئێپستین، هەندێک لە هونەرمەندان ئاراستەی گوتاری گشتی و تێگەیشتن لە پرسەکان بەرەو رەهەندێکی دیکە دەبەن. ئەوان رۆڵی "فریادڕەس" یان "تۆڵەسێنەرەوە" دەبینن و لەو رێگەیەوە دەیانەوێت سەرنجی جەماوەر لە پرسیارە بنەڕەتییەکانەوە بۆ بابەتگەلێکی دیکە بگوازنەوە، لەوانە ناوهێنانی ئەمریکا بە "خاکی دزراو"؛ ئەو خاکەی کە خۆیان تێیدا گەورەترین سوودمەندن. یەکێک لەوانەی لەم دواییانەدا ئەم چەمکەی بەکارهێنا، گۆرانیبێژ "بیلی ئێلیش" بوو.
لە ئاهەنگی خەڵاتەکانی گرامی، بیلی ئێلیش ئەمریکای وەک "خاکێکی دزراو" وەسف کرد و رایگەیاند کە بە بڕوای ئەو، هیچ کەسێک لەسەر خاکێکی دزراو نابێتە "پەنابەر" یان "کۆچبەری نایاسایی". ئەم هەڵوێستە وەک رەخنە و ناڕەزایەتییەک لە دژی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە جەنگی دژی کۆچی نایاسایی هەژمار دەکرێت.
ئەم لێدوانەی ئێلیش کاردانەوەی زۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا لێکەوتەوە. لە خەیاڵدانی زۆرێک لە ئازادیخوازان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤدا، ئەم قسانە دۆخی پڕ ململانێی ئەمریکای لە کێشمەکێشی نێوان دیموکرات و کۆمارییەکانەوە بەرەو ئاراستەیەکی دیکە برد. بە جۆرێک کە ئێلیشیان وەک داکۆکیکارێکی گەلە رەسەنەکان و کەسایەتییەکی هاوشێوەی "گاندی" و "ماندێلا" وێنا کرد کە لە دژی "فاشیزم"، جیاکاری و دژایەتیکردنی پەنابەران وەستاوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، دەکرێت ئەمە لە روانگەی کۆمارییەکانەوە وەک هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی ناوبانگ و داهاتی زیاتر ببینرێت. وێڕای ئەوەش، لە رووی تیۆرییەوە ئێلیش بە ناڕاستەوخۆ درێژە بە هەمان دونیابینیی سەردەمی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی دەدات بۆ بەردەوامیی کۆچ و داگیرکاریی ئەمریکا لە لایەن ئەوروپییەکان و ئەوروپییە لاتینییەکانەوە؛ واتە کۆچی بەردەوام و بێ کۆتوبەند.
لە کاردانەوەیەکی بەرچاودا، تێد کروز، سیناتۆری دیاری ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا و پاڵێوراوی پێشووی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی، ئەو لێدوانەی بیلی ئێلیشی دایە بەر تانە و تەشەر. کروز لە کۆبوونەوەیەکی کۆنگرێسدا رەخنەی توندی لێ گرت و رایگەیاند: "ئەو خاتوونە سامانەکەی بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێت و دوای فڕێدانی ئەم قسانە، دەگەڕێتەوە بۆ ناو ماڵە ١٤ ملیۆن دۆلارییەکەی."
ئێلیش بەم لێدوانە دەستدرێژی کردە سەر دیدگای کۆمارییەکان و "رۆحی ئەمریکیبوونیان". کروز لە کۆنگرێس گوتی: "ئەو لێدوانە رەوایی دەداتە ئەو بانگەشەیەی کە دەڵێت ئەمریکا لە بنەڕەتەوە دەوڵەتێکی نایاساییە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە پەیامی گەندەڵبوونی جیهانی هونەر دەگەیەنێت. کروز هەروەها رەخنەی لە ئەو هونەرمەندانەش گرت کە چەپڵەیان بۆ ئێلیش لێدەدا و پێی وابوو ئەوان درێژەپێدەری هەمان "ئایدیۆلۆژیای چەپ"ن، کە کەمکوڕییەکانی خۆیان نابینن و تەنیا رەخنە لە بەهاکانی پارێزگاران و کۆمارییەکان دەگرن.
لێرەدا مەترسییەکەی کروز لەوەدایە کاتێک هونەرمەندان سەکۆ و پێگەی هونەریی خۆیان بۆ سەپاندنی گێڕانەوەی تاکەکەسی و ئایدیۆلۆژی بەکار دەهێنن. کێشەکە لەوەدا نییە کە هونەر و سیاسەت تێکهەڵکێشن – چونکە هونەر هەمیشە رەهەندی سیاسی هەبووە – بەڵکو کێشەکە ئەوەیە کاتێک هونەر دەبێتە ئامرازێک بۆ تەسککردنەوەی دیدگاکان و دابەشکردنی کۆمەڵگە و ئافراندنی تووڕەیی زیاتر، گرنگیدان بە بابەتە سیاسییە بنەڕەتییەکان نامێنێت. بە دیوێکی دیکەدا، ناکرێت هونەرمەندان وەک مرۆڤێکی ئاسایی تەماشای رەفتار و گوتارەکانیان بکرێت، چونکە ئەوان بەردەوام لەژێر چاوی کامێراکان و هەڵسەنگاندنی ورددان، هەر بۆیە پێویستە لەیادیان بێت کە ئەوانیش بەشێکن لە کۆمەڵگە و بەرپرسیارێتییان لەسەرە.