ئیسلام و پرسی توندوتیژیی خێزانی

ئیسلام و پرسی توندوتیژیی خێزانی
ئیسلام و پرسی توندوتیژیی خێزانی

ئێستا زیاتر لەهەموو کات پێویستیمان بە ئاشتیی ناو خێزان و خۆشەویستیی نێو ئەندامانی خێزانە. لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک شەپۆل و فاکتەری جۆراوجۆری هەنوکەیی هەن، کار لەسەر نەهێشتنی پرەنسیپ و جوانی و بەها خێزانییەکان دەکەن؛ لەسەروو هەمووشیانەوە تەکنەلۆجیا بووەتە ئامرازێک بۆ لێکترازانی خێزان و کەمبوونەوەی دانیشتن و هەستە تایبەتیەکانی ناو خێزان.

ئێمە گرفتی هۆشیاریی خێزانی و هونەری چارەسەرکردنی کێشەکانمان هەیە، چونکە ئامار و ڕێژەی بەرزی تەڵاق و جیابوونەوە و سکاڵاکانی بواری باری کەسی لە دادگاکان، ئەوە نیشان دەدەن هێشتا توندوتیژیی خێزانی ماوە و پێویستی بە بەرەنگاربوونەوە و هۆشیارکردنەوەی پتری کۆمەڵگە هەیە.

ئیسلام، وەک ئایین، بنەمای گرنگی لە بواری پرۆسەی هاوسەرگیری و بەڕێوەبردنی خێزان و باری کەسی داناوە، کە هەر یەکە لەو ڕێساو بنەما جوانانە دەکرێ چەندان یاسا و ڕێنمایی و لق و پۆی لەسەر بنیات بنرێ، کە بە جێبەجێکردنیان خێزان دەکەوێتە بەختەوەری و ئاسۆی ئایندەی گەش و ڕووناک و مسۆگەر دەبێت.

ئەوەی سەرنجی قورئان و فەرموودە بدات، دەبینێت کە چەندین ئایەت و فەرموودە باس لە خێزان و پاراستنی دەرهاوێشتە ئەرێنیەکانی دەکەن، لەهەمان کات هۆشداری دەدەن لەمەڕ هەر تەنگژە و کێشەیەکی خێزانی، کە مرۆڤ تووشی سەرەڕۆیی و توندینواندن و پێشێلکردنی ماف و کەرامەتی یەکتر دەکەن؛ چونکە هەر هەڵسوکەوتێک کە بنەمای ڕەوای نەبێت و ببێتە فاکتەری توندوتیژیی خێزانی، مایەی گوناهباری و سەرزەنشت کردنە، ئیدی لە کام لاوە بێت جیاوازی نییە و ئیسلام ڕەتی دەکاتەوە.

بەداخەوە، زۆرجار، بە ناوی ئایین و تێگەیشتنی هەڵە بۆ ئایین، کەشێکی نالەبار دروست دەکرێت و پیاو وەک پلە یەک و ئافرەت وەک پلە دوو وێنا دەکرێت، لە کاتێکدا مرۆڤ چ پیاو چ ئافرەت لە ئەسڵ و بنەڕەتدا خوای گەورە بە یەکسانی دروستی کردوون، ئەوەی لێکیان جیا دەکاتەوە ڕۆڵ و ئەرکە، نەک مرۆڤبوون. خوای گەورە دەفەرموێت (هُوَ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ نَفْسٍ وَاحِدَةٍ) الأعراف: 189، واتە: خوا ئه‌و زاته‌يه‌ كه‌ ئێوه‌ى له‌يه‌ك نه‌فس و له‌يه‌ك شت دروست كردووە.

بەداخەوە لێكترازان و دوورکەوتنەوە لەنێوان هاوسەران و ئەندامانی  تری خێزاندا پەرەی سەندووە، زەرەرمەندی یەكەمیش لەمەدا منداڵەکانن، پاشان ژنان، هەندێک لە پیاوان پەنا بۆ ڕەقی و توندی دەبەن، پێیان وایە بەمە دستەڵاتیان دەسەپێنن و دەبێتە هۆی ئەوەی بە شێوەیەكی نموونەیی ماڵەكانیان بەڕێوە ببەن، بەڵام ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، ئەم جۆرە ڕەفتارانە تەنها ماڵ وێران دەکات و ژن و منداڵ پەرتەوازە دەکات و باری دەروونیی نەرێییان بۆ دورست دەكات و شڵەژان و ناڕەحەتی لەنێو ئەندامانی خێزاندا پەیدا دەکات.

دیاردە و شێوەکانی توندوتیژی خێزانی زۆر و هەمەجۆرن، ئەگەر مێرد مافی ژنەکەی نەزانێت، یان ژن مافی مێردەکەی نەزانێت، باوک مافی کوڕ و کچەکانی نەزانێت، منداڵەکان مافی دایک و باوکیان نەزانن، ئیدی پێویست ناكات پرسیار لەو نەهامەتی و کارەسات و لێکترازان و زۆریی تەڵاق بکەین.

 شارەزاو و توێژەرانی دەرونی و کۆمەڵایەتی باس لەوە دەکەن لەم قۆناغەدسا ڕۆژ بە ڕۆژ توندوتیژییەکان بەرەو هەڵکشان دەڕۆن و سکاڵا زیاتر دەبن و جیابوونەوەش هەروا پتر! چونکە زیادبوونی تاوان لەناو خێزان و لاوازی متمانە و نەبوونی ڕێز و خۆشەویستی و دووربوون لە ڕۆحی ئایینی و بایەخنەدان بە پارێزبەندی و هۆشیاریی خێزانی و کۆمەڵایەتی، دەرەنجامی خراپ دەنێتەوە و هۆکارە بۆ ئاریشە، نەک چارەسەر.

كاتێك لە ژیاننامەی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) ورد دەبینەوە، لە هەڵسوكەوتیدا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت وەك چۆن عائیشە دایكی موسڵمانان (ڕەزای خوای لێ بێت) دەفەرموێت (مَا ضَرَبَ رَسُولُ اللَّهِ ﷺ شَيْئًا قَطُّ بِيَدِهِ وَلَا امْرَأَةً وَلَا خَادِمًا) رواه مسلم.

توندوتیژیی دژی ژنان و ئەندامانی تری خێزان، دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵكو ڕەگ و ڕیشەیەكی مێژوویی هەیە، لە کۆمەڵگە کۆنەکاندا خراپ مامەڵە لەگەڵ ژناندا دەکرا، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی سەردەم، ئەم دیاردانە تا ئێستاش لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامن، گرنگە لەوە بگەین کە ئیسلام هەرگیز سەرچاوەی ئەم توندوتیژیانە نەبووە، بەڵکو چارەسەری بۆ دۆزیوەتەوە، کە دەکرێ ئاماژە بەهەندێکیان بکەین:

یەکەم: قورئان بانگەشە بۆ خۆشەویستی و لێبووردەیی و بەخشندەیی لەمەڕ پەيوەندیی خێزانی دەکات، خوای گەورە دەفەرموێت (وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُمْ مَوَدَّةً وَرَحْمَةً) الروم: 21، واتە: يه‌كێك له‌ نيشانه‌ و بەڵگه‌كانى ترى خوا ئه‌وه‌يه‌: كه‌ هه‌ر له‌ خۆتان هاوسه‌رى بۆ دروست كردوون بۆ ئه‌وه‌ى ئارام بگرن له‌لايداو له‌ نێوانتاندا خۆشه‌ويستى و سۆزو ميهره‌بانى فه‌راهه‌م هيَناوه‌. ئەم ئایەتە بە تەنیا بەسە كە تێ بگەین، بناغەی یەكەمی پێكهێنانی خێزان لە ئیسلامدا بریتییە لە هاوبەشی و پێكەوەژیان و سۆزو خۆشەویستی و بەزەیی، ئەمانەش تەواو پێچەوانەی توندوتیژین.

دووەم: قورئان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، خوای گەورە دەفەرموێت (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا يَحِلُّ لَكُمْ أَنْ تَرِثُوا النِّسَاءَ كَرْهًا وَلَا تَعْضُلُوهُنَّ لِتَذْهَبُوا بِبَعْضِ مَا آتَيْتُمُوهُنَّ إِلَّا أَنْ يَأْتِينَ بِفَاحِشَةٍ مُبَيِّنَةٍ وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ) النساء:19.واتە: ئه‌ى ئه‌وانه‌ى باوه‌ڕتان هێناوه‌ دروست نيه‌ بۆتان ژنان به‌ زۆر بكه‌نه‌ ميراتى خۆتان ‏و ده‌ستيان به‌سه‌ردا بگرن، (وه‌كو كه‌لوپه‌لى ترى ناوماڵ)، ناچاريان مه‌كه‌ن تا هه‌ندێك ماره‌ييتان بوَ بگه‌رِێننه‌وه‌، مه‌گه‌ر ئه‌وان گوناهێكى ئاشكراو ديار ئه‌نجام بده‌ن، هاوژينييان به‌جوانى له‌گەڵدا به‌رنه‌سه‌ر. ئەم ئایەتە ڕاشکاوانە هاوسەر ڕادەسپێڕێت بۆ ئەوەی مامەڵەیەکی جوان بکات و فشار و توندوتیژی نەنێتەوە و کێشەو زمانی زبرو ئاریشە دروست نەکات.

سێیەم: لە ژیاننامەی پێغەمبەردا، هۆشیاریی ڕاستەقینە بۆ کۆمەڵگە هەیە، لەگەڵ گۆڕانی ژیان و زیادبوونی فشارەکان، دەرکەوتنی توندوتیژی زیاتر بووە، ئەمەش پێویستی بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک و شیکردنەوەی ژیانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) و مامەڵەکردنی لەگەڵ ژنان بۆ ڕاستکردنەوەی تێڕوانینە هەڵەکان و پێداچوونەوە بە یاسا و نەریتە زیانبەخشەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەزەیی لەناو خێزان و پەروەردەکردنی ژنان لەسەر مافەکانیان و چۆنیەتیی پاراستنی خۆیان، زۆر لەمێژە ئیسلام ڕێگاچارەی ڕوونی پێشکەش کردووە، لەم بارەوە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت (خيرُكُم خيرُكم لِأهْلِهِ ، وَأَنَا خيرُكم لِأَهْلِي) رواه الترمذي. واتە: باشترینتان ئەو کەسەیە بۆ مال و خێزانەکەی باش بێت، منیش باشترینی ئێوەم بۆ خێزانەکانم.

کەواتە لەم کاتەی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، پێویستە هەموو لایەک بایەخ بەم پرسە بدەین و هاوکاری ئەم هەڵمەتە بین، لە پێناو نەهێشتن و کەمکردنەوەی توندوتیژی خێزانی بەهەموو جۆرەکانیەوە، چونکە ئەمە هەم خواست و ئەرکێکی ئایینیە، هەمیش پێویستیەکی ژیاری و ژیانە، هەمووان پێویستمان بەوە هەیە کۆمەڵگە و خێزانەکانمان لە حاڵەتی نائاسایی و گرژی و توندوتیژی بەدوور بێت، وە گیانی لێبوردەیی و پێکەوەیی و رێزو خۆشەویستی بکەینە بنەمای سەرەکی ژیانی خێزانیمان.