گەورەترین کۆنسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر.. خوێندنەوەیەک بۆ ڕەهەندە ستراتیژی و دیپلۆماسییەکان

گەورەترین کۆنسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر.. خوێندنەوەیەک بۆ ڕەهەندە ستراتیژی و دیپلۆماسییەکان
گەورەترین کۆنسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر.. خوێندنەوەیەک بۆ ڕەهەندە ستراتیژی و دیپلۆماسییەکان

لە گۆڕانکارییە سیاسی و جیۆپۆڵەتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بڕیاری کردنەوەی گەورەترین کۆنسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا لە هەولێری پایتەخت، تەنها وەک کردنەوەی باڵەخانەیەکی دیپلۆماسی تەماشا ناکرێت، بەڵکو پەیامێکی سیاسیی ڕوون و خوێندنەوەیەکی ستراتیژیی قوڵە بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان. ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێکی مێژوویی و دەستپێکێکی ئومێدبەخشە بەرەو ئاییندەیەکی گەشتر، کە دەلالەت لە متمانەی زلهێزێکی جیهانی دەکات بە قەوارەی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی باوەڕپێکراو.

بێگومان، ئەم دەسکەوتە نیشتمانی و نێودەوڵەتییە لە بۆشاییەوە دروست نەبووە، بەڵکو بەرهەمی دەیان ساڵ لە خەبات و تێکۆشان و ئەنجامی ئەو سیاسەتە حەکیمانە و دیپلۆماسییە واقعبینانەیە کە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی ڕێبەرایەتی کردووە. ستراتیژیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قۆناغە جیاوازەکاندا، کە هەڵقوڵاوی مێژوویەکی پاک و بێگەردی خەباتی سیاسییە، توانیویەتی بەشێوەیەکی پلەبەندی و زانستی، پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا بەهێز بکات و لە چوارچێوەیەکی لۆکاڵییەوە بیگوێزێتەوە بۆ هاوکێشەیەکی نێودەوڵەتی.

ئەم پشتیوانییە نێودەوڵەتییە، ڕەنگدانەوەی ئەو ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتییە تەندروستەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا بەرجەستە کراوە. پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی نیشتمانیی ڕاستەقینە کە هەمیشە لە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەکەماندا بووە، شانبەشانی برەودان بە پرۆسەی دیموکراسی، دادپەروەری، و چەسپاندنی کولتوری پێکەوەژیان، وایکردووە هەرێم ببێتە نموونەیەکی دەگمەن لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزیدا. لێرەدا ڕۆڵی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی دەردەکەوێت، کە وەک قوتابخانەیەکی سیاسی و ئەخلاقی، هەمیشە بەربەست بووە لە بەردەم هزری توندڕەوی و دەمارگیری، و سەرسەختانە دژی جەور و ستەم تێکۆشاوە.

ئەم مۆدێلە شارستانییەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، کە تیایدا خزمەتگوزاری و ئاسایش و سەقامگیری بۆ هاووڵاتیان دەستەبەر کراوە، بووەتە جێگەی سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. هاوکات، ڕۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و قوربانیدانەکانیان لە تێکشکاندنی تیرۆر و پاراستنی بەها مرۆڤایەتییەکان، شانبەشانی هاوپەیمانێتییەکی پتەو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا، فاکتەرگەلێکی سەرەکی بوون بۆ ئەوەی واشنتۆن بڕیاری بنیاتنانی گەورەترین نوێنەرایەتی خۆی لەسەر ئاستی جیهان لە هەولێر بدات.

لە کۆتاییدا، ئەم هەنگاوەی ئەمریكا بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە لەسەر سەرکەوتنی دیپلۆماسیی کوردستانی و داننان بە گرنگیی پێگەی هەرێم لە نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بە دڵنیاییەوە، ئەم دەسکەوتە دەروازەیەکە بۆ قۆناغێکی نوێ لە گەشەسەندنی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا، و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بەرەو ئاستێکی باڵاتر و سەقامگیرتر هەنگاو دەنێت.