کۆڵەکەی سەقامگیری و مەرجەعیەت لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوچەکەدا

کۆڵەکەی سەقامگیری و مەرجەعیەت لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوچەکەدا
کۆڵەکەی سەقامگیری و مەرجەعیەت لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوچەکەدا

لە ناو جەرگەی ئەو گۆڕانکارییە خێرا و ئاڵۆزییانەی کە ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەی گرتووەتەوە، تێپەڕین بەناو گێژاوی شەڕ، ململانێ و ئالنگارییە سیاسییەکاندا پێویستی بە دیدگایەکی ورد و سەرکردایەتییەکی حەکیمانە هەیە. 
لەم سۆنگەیەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی وەک چەترێکی کۆکەرەوە و خاڵی هاوسەنگی، نەک تەنها بۆ ناوخۆی کوردستان، بەڵکو وەک کارەکتەرێکی کاریگەر لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دەردەکەوێت، پێگەی بارزانی لەم قۆناغەدا تەنها وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو وەک مەرجەعێکی سیاسییە کە چاوی دۆست و نەیار لەسەر هەنگاو و بڕیارەکانیەتی.
ڕۆڵی مێژوویی جەنابی سەرۆک لەم کاتە هەستیارانەدا زیاتر ڕەنگدەداتەوە، بەتایبەت کاتێک دەتوانێت بە دیپلۆماسییەکی ژیرانە ئاستی گرژییەکان کەم بکاتەوە و لایەنە ناکۆکەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە.
 ئەم توانایە لە هێورکردنەوەی بارودۆخەکان، دەرەنجامی ئەزموونێکی سیاسیی درێژخایەنی چەندین دەیەیە کە وایکردووە بارزانی ببێتە جێگەی متمانەی ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان. 
سیاسەتی بارزانی هەمیشە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی شەڕ بووە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو خەمخۆری یەکەمی پاراستنی قەوارەی نیشتمان و ژیانی هەموو تاکێکی کوردە بەبێ جیاوازی.
ئەگەر سەیری نەخشەی سیاسیی ناوچەکە بکەین لە سەدەی 21دا، دەبینین هەر بستێکی خاکی نیشتمان لە سایەی دیدگای نەتەوەیی بارزانیدا خاوەن پێناسە و شکۆی خۆیەتی، ئەو بە کردەوە سەلماندوویەتی کە پارێزەری سەرسەختی دەستکەوتەکانە و ڕێگە نادات هیچ گۆڕانکارییەک زیان بە قەوارەی سیاسی و نەتەوەیی بگەیەنێت. ئێستا کە ناوچەکە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە، ئومێدی گەلەکەمان بەو سیاسەتە حەکیمانەیە کە بارزانی ڕێبەرایەتی دەکات، سیاسەتێک کە ئامانجی کۆتایی گەیاندنی گەلی کوردستانە بە کەناری ئارامی و بەدیهێنانی دەستکەوتی زیاتر کە شایستەی خەبات و قوربانییەکانی ئەم میللەتە بێت.
بوونی سەرۆک بارزانی وەک سەنتەری بڕیار و کۆکەرەوەی دەنگە جیاوازەکان، گەرەنتییەکی بەهێزە بۆ ئەوەی کوردستان لەناو ئەم هەموو گڕژی و شەڕانەدا بە سەلامەتی بمێنێتەوە، مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە لە کاتە هەرە سەختەکاندا، تەنها سەرکردە خاوەن دیدگا ستراتیژییەکان دەتوانن میللەتەکانیان بەرەو سەرکەوتن بەرن، بارزانییش بە هەوڵە بەردەوامەکانی، جارێکی تر ئەو ڕاستییە بۆ جیهان دوپات دەکاتەوە کە ئەو کلیلی چارەسەر و پارێزەری ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.