ئاشنا ئەمیر بارزانی
نووسەر
خوێندنەوەیەک بۆ ستراتیژیی مانەوەی ئەمەریکا لە هەولێر
بڕیاری دروستکردن و کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسەر ئاستی جیهان لە شاری هەولێر، تەنیا بریتی نییە لە پرۆژەیەکی تەلارسازی یان فراوانکردنی نوێنەرایەتییەکی دیپلۆماسیی ئاسایی، بەڵکو هەنگاوێکە هەڵگری کۆمەڵێک کۆدی سیاسی و ستراتیژیی قووڵە کە ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەکەدا دیاری دەکات.
لە ڕووی کاتەوە، ئەم پرۆژەیە لە ساتەوەختێکدا جێبەجێ دەکرێت کە قسە و باسێکی زۆر لەسەر کشانەوە یان کەمکردنەوەی هەژموونی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت، بۆیە بوونی گەورەترین بنکەی دیپلۆماسی لە هەولێر وەڵامێکی کردەییە بۆ ئەو بۆچوونانە و سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە واشنتن هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی ستراتیژیی درێژخایەن سەیر دەکات و بەنیاز نییە بەمزووانە گۆڕەپانەکە بۆ ڕکابەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی چۆڵ بکات.
گرنگیی ئەم کونسوڵخانەیە لەوەدایە کە پێگەی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا بەرز دەکاتەوە و جۆرێک لە متمانەی سیاسی دەبەخشێتە هەولێر، چونکە ئەمەریکا بە خەرجکردنی سەدان ملیۆن دۆلار و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی لەو شێوەیە، پەیامێک دەداتە وڵاتانی دراوسێ و نەیارەکانی کە ئەم ناوچەیە لەژێر چەتری پاراستن و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکادایە و هەرێمی کوردستان جیاواز لە ناوچەکانی دیکەی عێراق خاوەنی سەقامگیری و تایبەتمەندیی خۆیەتی.
لە ڕووی ئەمنییەوە، ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ گۆڕینی سروشتی ئامادەیی ئەمەریکا لە ئامادەییەکی سەربازیی ڕووتەوە بۆ ئامادەییەکی دیپلۆماسیی فرەوان کە دەتوانێت ڕۆڵی ناوەندێکی هەواڵگری و چاودێریی بەهێز لە ناوچەکەدا بگێڕێت، ئەمەش وا دەکات هەولێر ببێتە وێستگەیەکی سەرەکی بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی ئەمەریکا نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە سووریا و بەشێک لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش.
واتا سیاسییەکەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە دیدی کۆشکی سپییەوە تەنیا پێکهاتەیەکی کارگێڕی نییە لەناو عێراقدا، بەڵکو هاوبەشێکی جێی متمانەیە کە دەکرێت وەبەرهێنانی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی تێدا بکرێت، ئەمەش دڵنیاییەک دەداتە کۆمپانیا جیهانییەکان و وەبەرهێنەران کە ڕوو لەم ناوچەیە بکەن، چونکە بوونی گەورەترین نوێنەرایەتیی ئەمەریکا گەرەنتییەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان و مانەوەی سەقامگیریی هەرێمەکە.
کردنەوەی ئەم کونسوڵخانەیە جەختکردنەوەیە لەسەر پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان گەلی کورد و ئەمەریکا و دانپێدانانێکی دیفاکتۆیە بە گرنگیی پێگەی جیۆپۆڵەتیکیی کوردستان، کە تێیدا هەولێر وەک قەڵایەکی دیپلۆماسی و سیاسیی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەردەکەوێت.