شەنگە هاوار کاکەیی
نووسەر
فەلسەفەی خەبات لە سەرووی خەڵاتەوە.. خوێندنەوەیەک لە نێوان سەرۆک بارزانی و سارتەردا
ئاشکرایە خەڵاتی نۆبڵی جیهانی کە ساڵانە لە مانگی 12دا دەبەخشرێتە کەسایەتییە کاریگەرەکانی سەر گۆی زەوی، تەنیا بریتی نییە لە مەدالیایەکی کانزایی یان ڕێزلێنانێکی پرۆتۆکۆڵی، بەڵکو لە جەوهەردا کۆمەڵە سیمبۆلێکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییە و میراتەکەی بۆ زانای بەناوبانگی سویدی ئەلفرێد نۆبڵ دەگەڕێتەوە.
ئەم خەڵاتە هەرەمەکی نییە، بەڵکو بەپێی کۆمەڵێک پێوەر و ستانداردی وردی جیهانی دەبەخشرێتە ئەو توێژەی کە لە بوارەکانی پزیشکی، ئەدەب، فیزیا، کیمیا، ئابووری و بەتایبەتیش لە بواری ئاشتی و مرۆڤایەتیدا خزمەتێکی بێ وێنەیان پێشکەش کردووە.
مێژووی سەرهەڵدانی ئەم خەڵاتە هەڵقوڵاوی تراژیدیایەکی ویژدانییە، ئەلفرێد نۆبڵ کە لە نێوان ساڵانی 1833 بۆ 1896 ژیاوە، زانایەکی دیاری بواری کیمیا و داهێنەرێکی سویدی بوو، ناوبراو داهێنەری دینامیت بوو کە سەرەڕای ئەوەی ئامانجی سەرەکی لێی خزمەتکردن بوو بە بواری ئەندازیاری، بەڵام دەرەنجام بووە هۆی کەڵەکەبوونی سامانێکی زۆر لە ڕێگەی پیشەسازیی چەک و تەقەمەنییەوە.
وەرچەرخانی گەورە لە ژیانی ئەودا لە ساڵی 1888 ڕوویدا، کاتێک براکەی بەناوی لۆدڤیک لە فەرەنسا کۆچی دوایی کرد و ڕۆژنامەیەکی فەرەنسی بە هەڵە هەواڵی مەرگی ئەلفرێدی بڵاوکردەوە و بە مانشێتێکی گەورە ئەوی بە بازرگانی مەرگ ناوبرد.
ئەم ڕووداوە نۆبڵی تووشی شۆکێکی گەورە کرد و وای لێکرد بیر لەوە بکاتەوە کە ئایا مێژوو چۆن باسی دەکات؟ هەر بۆیە وەک هەوڵێک بۆ سڕینەوەی ئەو وێنەیە و وەک کەفارەتێک بۆ داهێنانەکەی، بڕیاریدا تەواوی سامانەکەی لە سندوقێکدا دابنێت بۆ خەڵاتکردنی ئەو کەسانەی زۆرترین خزمەت بە ژیان دەگەیەنن، چونکە ویستی داهێنانەکەی بۆ ژیان بێت نەک بۆ مەرگ.
کاتێک ورد دەبینەوە لە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و کاریگەریی کەسایەتییەکان لە سەردەمی مۆدێرنیتە و جیهانگیریدا، دەبینین ژمارەی ئەو کەسانەی کە شایستەی ئەو خەڵاتەن و هاوکات خاوەنی فەلسەفەیەکی تایبەتن، کەم و دەگمەنن. مێژوو فێرمان دەکات کە هەندێک کەسایەتیی کارێزمی هەن مەزنترن لە خەڵاتەکان، وەک چۆن ژان پۆڵ سارتەری فەیلەسوف و نووسەری فەرەنسی لە ساڵی 1964 خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی ڕەتکردەوە، سارتەر پێی وابوو کە نووسەر نابێت ببێتە موڵکی هیچ دامەزراوەیەک و نابێت بە دەزگایی بکرێت، چونکە بە بڕوای ئەو، نووسین زادەی بیری ئازادە و نابێت لە قاڵب بدرێت.
لێرەوە دەتوانین بەراوردێکی فەلسەفی و سیاسی لە نێوان تێڕوانینی سارتەر و دونیابینیی سەرۆک مەسعود بارزانیدا بکەین. بارزانی بە لۆژیکی بەرز، بەڵام لە مەیدانێکی جیاوازدا، پابەندبوونی خۆی بە ئەرکی نیشتمانی و دۆزی ڕەوای گەلەکەی خستووەتە پێش هەموو نازناو و خەڵاتێک، کاتێک لە ماوەی ڕابردوودا دکتۆرای فەخری لەلایەن چەندین زانکۆوە پێشکەشی کرا، ئەو ڕەتیکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە، ناوی پێشمەرگە و خەباتی گەلەکەی لە هەموو نازناوێک بەرزترە، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە کە بۆ سەرکردەیەکی وەک بارزانی، ئامانج بەدیهێنانی ئاشتی و سەربەستییە، نەک وەرگرتنی پێزانینی فەخری.
لە ڕووی پراکتیکییەوە، هەنگاوەکانی سەرۆک بارزانی بە تەواوی لەگەڵ پێوەرەکانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی یەکدەگرنەوە، لە کاتێکدا عێراق و ناوچەکە لە گێژاوی ململانێی تائیفی و نەتەوەییدا نقوم بوون، هەرێمی کوردستان لەژێر سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانیدا بووە مۆدێلێکی جیهانی بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی.
هەروەها لە سەردەمی هێرشە دڕندانەکانی داعشدا، سەرۆک بارزانی وەک فەرماندەی هێزی پێشمەرگە، نەک تەنها خاکی کوردستانی پاراست، بەڵکو ڕابەرایەتیی شەڕێکی جیهانیی کرد بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی لە مەترسیی تیرۆر، جگە لەوەش، دابینکردنی ئارامی و پەناگە بۆ ملیۆنان ئاوارە و لێقەوماو، بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە لەسەر ڕۆڵی مرۆیی و ئاشتیخوازانەی ئەو.
لەم سۆنگەیەوە، ئەگەر ناوی سەرۆک بارزانی بچێتە بازنەی پاڵێوراوان بۆ خەڵاتی نۆبڵ، ئەوە نەک تەنها ڕێزلێنانێکی کەسییە، بەڵکو دانپێدانانێکی جیهانییە بە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەری سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم خوێندنەوەیەش لەلایەن چەندین ناوەندی میدیایی و سیاسییەوە خراوەتە ڕوو.
پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، ئایا سەرۆک بارزانی ئەو خەڵاتە وەردەگرێت؟ بە لەبەرچاوگرتنی فەلسەفەی خەبات پێش خەڵات و ئەو ڕاستییەی کە ئاشتی و ئازادیی گەلەکەی بە بەرزترین میدالیا دەزانێت، ئەگەری ڕەتکردنەوەی خەڵاتەکە لەسەر تەرزەکەی سارتەر لە ئارادایە، چونکە ئەو پێی وایە ئاشتیی گەلەکەی پێویستی بە مۆری جیهانی نییە، بەڵام تەنانەت ئەگەر سیناریۆی ڕەتکردنەوەش ڕووبدات، خودی کاندیدکردنەکە خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنە و سەلمێنەری ئەوەیە کە خەباتی سەرۆک بارزانی و گەلی کورد، بووەتە بەشێک لە هاوکێشە جیهانییەکانی ئاشتی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.