سیاسی
پ. د. هاوڕێ مەنسووربه‌گ -  ئەندازیار/ ماهیر ئه‌مین
پ. د. هاوڕێ مەنسووربه‌گ - ئەندازیار/ ماهیر ئه‌مین

نووسەر

لە بۆستادی سویدەوە.. بۆ بەنی هەریری باشووری کوردستان

مەترسیدارترین بەنداوی جیهان، لە عیراقە!!

لە بۆستادی سویدەوە.. بۆ بەنی هەریری باشووری کوردستان
لە بۆستادی سویدەوە.. بۆ بەنی هەریری باشووری کوردستان

ئەو پرۆژەیەی دەبوایە بە 3  ساڵ تەواو بێت و بڕی  141.5 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرابوو، دوای 23  ساڵ و بە ملیارێک و دووسەد و پەنجا ملیۆن دۆلار تەواو بوو.

لە ساڵی 1992 لە شاری بۆستادی سوید، دەستکرا بە پرۆژەی تونێلی (هالاندسئۆس) بۆ هێڵی شەمەندەفەر، پلان وا بوو لە1995  تەواو بێت.  دەبووایە 8.7)  کم x 2) هەڵبکۆڵرێت بۆ ئەوەی باکوور و باشووری زنجیرەچیای هالاندسئۆس بە یەکەوە ببەستێتەوە و هەردوو شاری ستراتیجیی باکووری ئەوروپا، یۆتۆبۆریی سوید و کۆپنهاگنی پایتەختی دانمارک نزیک بکاتەوە لە یەکتر. بەڵام دوای هەڵکۆڵینێکی کەم، بڕێکی زۆری پێشبینی نەکراو لە ئاوی ژێرزەوی، لە چینەبەردەکانی دەوروبەرەوە  ڕژایە ناو تونێلەکە، بە شێوەیەک کە ئامێری هەڵکۆڵەر، کە دەبوایە  لە هەفتەیەکدا 100 م هەڵکۆڵێت، لە دوای تەنها 18م، بە هۆی تەڕیی بەردەکان لە کارکەوت. بەڵێندەری پرۆژەکە هەوڵی دا بە شێوازێکی تەقلیدی بەردەوام بێت لە هەڵکۆڵین، بەڵام ڕێگەگرتن لە هاتنە ناوەوەی ئەو ئاوە زۆرە، خەرجییەکانی چەندبەرابەر کرد و سەرەنجام  بەڵێندەرەکە مایەپووچبوونی خۆی ڕاگەیاند. ناچار گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیای زەبەلاحی (سکانسکا)دا واژوو کرا و لەو گرێبەستەدا بڕێک پارەی زیادە بۆ چارەسەری کێشەی ئاوەکە تەرخان کرا.

بەڵێندەری نوێ دەستی بە کار کرد و هەر زوو لە ڕێگەی بەکار‌هێنانی ماددەی Rhoca-Gil توانی تا ئاستێکی باش کێشەی دزەکردنی ئاوەکە چارەسەر بکات و بەردەوام بێت لە هەڵکۆڵین. بەڵام دوای ماوەیەک دیاردەیەکی ترسناک سەری هەڵدا و مەڕوماڵاتی ناوچەکە و ماسیی دەریا بە لێشاو مردن و کرێکارەکانی پرۆژەکە بە کۆمەڵ نەخۆش کەوتن. میدیاکانی سوید و ئەوروپا بە گەرمی کەوتنە بەدواداچوون و زەقکردنەوەی کێشەکە. دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە ژینگەی ناوچەکە تا ئاستێکی زۆر بە ماددەی ئەکریلامید پیس بووە، کە ماددەیەکی ژەهراوییە و دەبێتە هۆی شێرپەنجە و بە ڕێژەیەکی زۆر لە  Rhoca-Gil ی بەکارهاتوودا هەیە.  بۆیە سکاڵای یاسایی لە دژی کۆمپانیای (سکانسکا) و هێڵی ئاسنینی سوید پێشکەشکرا و چەندین بەرپرسی گەورە دەستییان لەکار کێشایەوە و لە کۆتاییەکانی  1997دا کارکردن لە پرۆژەکەدا وەستێنرا. ناوچەکەش وەک ناوچەیەکی مەترسیدار درایە قەڵەم و هۆشداری درایە خەڵک لە بەکارهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دەڤەرەکە و قەیرانێکی هێندە قووڵ لە ناوچەکەدا بەرپا بوو، کە لەو ساڵەدا پاشای سوید لە وتاری ساڵانەی خۆیدا بە بۆنەی کریسمیس، باسی لێوە کرد. بیر و هۆشی پاشا و کاربەدەستان، تەنها لای ژینگە بوو، بۆیە ئامادەبوون زیاتر لە دوو دەیە پرۆژەکە بوەستێنن و خۆیان دووچاری جۆرەها فشاری ماددی و مەعنەوی بکەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوون سازش لەسەر ژینگەی وڵاتەکەیان بکەن. چونکە ژینگە واتا ژیان.. نابێ لە مەسەلەی پارستنی ژیان و سەلامەتی مرۆڤ و سروشت و گیانداراندا، خەرجی و پارە ببنە ڕێگر..... دوای کێشمە کێشمێکی ٢٣ ساڵە، پرۆژەکە لە کۆتایی 2015 دا بە ئەنجام گەیشت.

هەرەس و شکستی ئەو پرۆژەیە دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو لە ئەوروپادا و بوو بە هۆی ئەنجامدانی سەدان توێژینەوە و بەرنامەی میدیایی و لە پرۆگرامی خوێندنی ژینگە و ئەندازیاریی شارستانی و ڕێگاوبانی زانکۆ ناودارەکانی جیهاندا بایەخی زۆری پێ درا.

 جێگەی خۆشحاڵییە کە لەم ساڵانەی دوایی، لە هەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێک پرۆژەی ستراتیجی، بە تایبەت لە بواری ڕێگاوباندا جێبەجێ کراون، کە ئەو پرۆژانە تونێلیشیان تێدایە کە بە تەواوەتی لە کوردستاندا کارێکی نوێیە و لەو کارەدا دەست بۆ چینە قووڵەکانی زەوی دەبەین. تونێلە گرنگەکانی (ئەزمڕ، گەلی زاخۆ، مامەجەلکە و پیرمام) تەواو بوون و بڕیار وایە چەند دانەیەکی دیکەش لە داهاتوودا دروست بکرێن. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، تا چەند لەو پرۆژانەدا ژینگە پارێزراوە و پرەنسیپی (sustainability) لە بەرچاو گیراوە؟ کە بە سادەیی، بریتییە لە بەدەسهێنانی پێداویستییەکانمان، بە بێ کاریگەرییەکی خراپ لەسەر ژینگە و کەمکردنەوەی هەلی سوودوەرگرتنی نەوەکانی داهاتوو لە سامانە سرووشتییەکان.

 بە داخەوە تا ئێستا لە کوردستاندا ژینگە نەبووە بە دۆزێکی نیشتیمانیی گرنگ. بۆیە ڕۆژانە دەیان نموونەی ئازاردانی ژینگەمان بەرچاو دەکەوێت. بۆ نموونە کاتێک لە پایتەختەوە بەرەو دەڤەری سۆران و ڕواندز دەڕۆین، زۆربەمان بە نیگایەکی خەماوی، سەیری دیمەنی شێوێنراوی بەشە هەرە جوانەکەی زنجیرەچیای بەنی هەریر دەکەین، کە بۆ بەدەسهێنانی کەرەستەی خاوی بیناسازی بەشێکی گرنگ و بەرچاوی  زنجیرەچیاکە ڕووشێنراوە. یان ئاخ بۆ شێوازی فراوانکردنی ڕێگای گەلی عەلی بەگ و بێخاڵ هەڵدەکێشین کە زۆر بە کەمیی پرەنسیپی ژینگەپارێزی و نەشێواندنی سروشت لەبەرچاو گیراوە. ڕەنگە بپرسن، خۆ کەرەستەی خاو بۆ بینا و دەیان مەبەستی دیکە هەر لە سروشتەوە دەهێنرێت و مرۆڤ ناچارە ئەوە بکات. بەڵێ وایە، بەڵام دەبێ لە شوێنێکی لاچەپی دوور لە ئاوەدانی و دوای توێژینەوە و دیراسەی قووڵ و ورد ئەو کارانە بکرێن، نەک لە شوێنێک کە جگە لە خاک و هەوا و ئاو، ژینگەی بینینیشی تێکداوە. 

پێویستە هەمیشە لە کاتی ئەنجامدانی ئەو پرۆژانەدا پرسیار لە خۆمان بکەین: ئایا ئێمە تا چەند بە ستانداردی زانستیی نێودەوڵەتی، باڵانسی نێوان ئامانجەکانی پرۆژەکە و پاراستنی ژینگە و نەشێواندنی سروشتی ناوچەکەمان کردووە؟ ئایا ئەو شوێنانەی بۆ پرۆژەکان دەسنیشانکراون تا چەند لە ڕووی جیۆلۆجییەوە گونجاون و نابنە هەڕەشە بۆ سەر ژینگەی خاک و هەوا و ئاوی ناوچەکە؟ ئەمە دەبێت پسپۆرانی ژینگە لەسەر ئاستێکی بەرز و بە کوالیتیی نێودەوڵەتی خەمڵاندنی بۆ بکەن و ڕاپۆرتەکان بڵاو بکرێنەوە تا لە پرۆژەکانی داهاتوودا سوودیان لێ ببینرێت. خاڵێکی نێگەتیڤی بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین لە ئەمریکا و کەنەدا، ئەوەیە کە ژینگە پیس دەکات و تۆپۆگرافیی ناوچەکە دەشێوێنیت. بۆیە زۆر بە قورسی بڕیار لە پرۆژەکانی دەدرێت.

بە داخەوە لە عیراقدا پێشینەیەکی خراپ هەیە لە مەسەلەی هەڵبژاردنی شوێنی گونجاو لە ڕووی جیۆلۆجییەوە بۆ پرۆژەی ستراتیجی. بۆ نموونە بەنداوی مووسڵ، کە بەشێک لە چاودێران بە مەترسیدارترین بەنداوی جیهان ناوی دەبەن، بەهۆی ئەوەی کە بەنداوەکە لە سەر چینەبەردێک دروست کراوە کە ڕێژەی گەچ (Gypsum) لە پێکهاتەکەیدا زۆرە و بناغەکەی بە هۆی ئاوەوە هەمیشە لە بەردەم هەڕەشەی توانەوە و داخوراندایە. لە سەرەتاکانی کارکردن لە پرۆژەکەدا، تیمێکی ئەندازیاریی ئەمریکی ئاماژەیان بەو مەترسییە داوە و بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکە پێشنیارییان کردووە دیزاینی بناغەی بەنداوەکە بگۆڕدرێت بۆ شێوەی هەرەمێکی ئاوەژوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە دەوڵەتی عیراق لەو کاتەدا پەلەی بووە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە، گوێیان بەو مەسەلەیە نەداوە و ئامادە نەبوون دیزاین بگۆڕن. بۆیە بەنداوەکە لە ڕۆژی تەواوبوونییەوە تا ئێستا، بەهۆی قورساییەکەی و فشەڵییی و توانەوەی چینەبەردەکانی ژێرەوە، بەردەوام لە داکەوتن و ڕۆچوونە و لەوساوە و تا ئێستا بە هەزاران تۆن لە ماددەی پڕکەرەوە کراوەتە بناغەکەیەوە تا بتوانێت خۆی ڕاگرێت، تا هەتایەش دەبێ ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت. ئەمەش وایکردووە خەرجیی پاراستنی بەنداوەکە زۆر گران لە سەر دەوڵەت بکەوێت. جگە لەوەی لە کاتی ڕۆچوونەکاندا درز پەیدا دەبن و بۆ پڕکردنەوەی ئەو درزانەش جۆرەها ماددەی پڕکەرەوە بەکار دەهێنرێن، کە بە دڵنیایی بەکارهێنانی ئەو ماددانە، زیانی گەورە لە ژینگەی ناوچەکە دەدات. چونکە ئەگەر لە ئەوروپایەکی پێشکەوتوو و ڕێکخراودا، ماددەیەک لە فلتەری ئەو هەموو کۆنترۆڵە دەربچێت و ژینگە پیس بکات، ئاخۆ دەبێ لە عیراقێکی بێ سەروبەر و بێ فلتەردا، چی ڕووبدات؟ ئەگەرچی داتا و ژمارەی ورد لەسەر کاریگەرییەکانی پیسبوونی ژینگەی عیراق لەسەر تەندروستیی هاوڵاتییانی، بە شێوەی بەربڵاو لەبەر دەستدا نین، بەڵام بوونی عیراق لە ڕیزبەندیی 130هەمین وڵات لە ڕووی ناوەندی تەمەنەوە، ئاماژەیەکی مەترسیدار و شۆکهێنەرە بۆ ناتەندروستیی ژینگە لەو وڵاتەدا.

مەترسیی ڕووخانی ئەو بەنداوە بە ڕادەیەکە، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جۆرج بوشی کوڕ لە کاتی سەرۆکایەتییەکەیدا دەیگوت: شەوان کە سەر دەخەمە سەر سەرین، دێوەزمەی بەنداوی مووسڵ، خەوم لێ دەزڕێنێت. چونکە لەئەگەری ڕووخانیدا، لافاو ناوچەیەکی ئێجگار فراوان وێران دەکات و ژیانی ملیۆنان خەڵک لە شارەکانی مووسڵ و بەغدا و چەند شارێکی دیکە لەناو دەبات.

بڕیارە لە داهاتوودا، لە زنجیرە چیاکانی (بەنی هەریر، هەیبەت سوڵتان، کۆڕەک و چەند شوێنێکی دیکە) تونێلی درێژ هەڵبکۆڵرێن.  هیوادارین لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ورد دەربارەی خاسییەتی پێکهاتە جیۆلۆجییەکانی ئەو ناوچانە و درز و شکان و کەلێنەکانی چینەبەردەکانیان کرابێت. بۆ ئەوەی ئەگەر لە کاتی جێبەجێکردندا ناچار بووین کە هەر ماددەیەکی کیمیایی پڕکەرەوە بەکاربهێنین بۆ ڕێگەگرتن لە دزەکردنی ئاوی ژێرزەوی و باران، بزانین ئەو ماددەیە لە داهاتوودا چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر ژینگە و خاک و هەوا و ئاوی ناوچەکە، کە ڕەنگە هەندێک جار بە تێکەڵبوونی لەگەڵ ئاوی باراندا بخزێتە ناو قووڵایی زەوی و ئاوی ژێرزەوی تووشی پیسبوون بکات.  وەک زانراوە کە بەشی زۆری چینەبەردەکانی هەرێمی کوردستان بەردی کاربۆناتین و لە ڕووی زەویناسییەوە ئەو جۆرە بەردانە ناسراون بەوەی کە درز و کەلێنی زۆریان تێدایە، کە زۆر جار ئەو درزانە بە مەودای دەیان کیلۆمەتر بە یەکەوە بەستراون و لە ڕێگەیانەوە ئاوی ژێرزەوی بۆ شوێنی زۆر دوور گوزەر دەکات. بۆیە پیسبوونی ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەیەکدا، تەنها زیان بەو ناوچەیە ناگەیەنێت، بەڵکوو بە ئاسانی دەگوازرێتەوە بۆ ناوچە دوورەکانی دیکەش. بیریشمان نەچێت کە ئەو ناوچانە لە ڕووی کشتوکاڵەوە بە پیت و بەرهەمن و جۆرەها بەروبووم بۆ ناوچە جیاجیاکانی هەرێم و عیراق دابین دەکەن. بۆیە پیسبوونی ئاوی ژێرزەوی لەو شوێنانەدا مەترسی دەبێت بۆ سەر ژیانی تەواوی دانیشتووانی هەرێم و ناوچەکە.

 

ماهیر ئەمین/ ئەندازیاری ڕاوێژکار- بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەولێر.

هاوڕێ مەنسوربەگ/ پرۆفیسۆری زەویناسی- سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی سەلاحەددین.