کوردستان.. لانکەی تەبایی و قەڵای پاراستنی مافی پێکهاتەکان

کوردستان.. لانکەی تەبایی و قەڵای پاراستنی مافی پێکهاتەکان
کوردستان.. لانکەی تەبایی و قەڵای پاراستنی مافی پێکهاتەکان

هەرێمی کوردستان لە مێژووی کۆن و هاوچەرخی ناوچەکەدا، تەنها وەک جوگرافیایەکی سیاسی نە ناسراوە، بەڵکو وەک نموونەیەکی بێوێنەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە، ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان ناوبانگی دەرکردووە،ئەم کولتوورە ڕیشەدارە، ئەنجامی دیدگایەکی نەتەوەیی و مرۆیی قووڵە کە لەناو جەرگەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و ڕێبازی بارزانیدا چەکەرەی کردووە.
پێکەوەژیان لە کوردستاندا دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵکو مێژوویەکی دێرینی هەیە، لە سەردەمی شۆڕشەکانی کوردستاندا، بەتایبەت لەژێر ڕابەرایەتی "بارزانی نەمر"، ئەم چەمکە لە تێورەوە بوو بە کردار.

 بارزانی نەمر بڕوایەکی تەواوی بەوە هەبوو کە ناسنامەی مرۆیی و نیشتمانی لە سەرووی هەموو ناسنامە تەسکەکانە، لە شۆڕشی ئەیلوولدا، مەسیحی، تورکمان، ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە لە پەنای برا کوردەکانیان لە سەنگەری بەرگریدا بوون، بارزانی نەمر هەمیشە جەختی دەکردەوە کە کوردستان نیشتمانی هەموو ئەو کەسانەیە کە تێیدا دەژین و پێویستە مافەکانیان وەک یەک پارێزراو بێت.
دوای ڕاپەڕین و دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان، پاراستنی مافی پێکهاتەکان بوو بە پایەیەکی سەرەکیی دەسەڵاتی کوردی، سەرۆک مەسعود بارزانی، وەک پارێزەری ئەو میراتە مێژووییە، لە هەموو وێستگە سیاسییەکاندا داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافی کەمینەکان بووە.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و لە کاتی نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراقدا، سەرۆک بارزانی یەکێک بوو لەو سەرکردە کەم وێنانەی کە پێداگری کرد لەسەر جێگیرکردنی مافە نەتەوەیی و ئایینییەکانی هەموو پێکهاتەکان لە دەستووردا، ئەو ڕێگەی نەدا عێراقی نوێ لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینەیەک بنیاد بنرێت کە مافی پێکهاتەکانی تێدا پێشێل بکرێت، بەڵکو جەختی لەسەر هاوبەشیی ڕاستەقینە کردەوە.
لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سیاسەتی پاراستنی مافی پێکهاتەکان پێ نایە قۆناغێکی نوێوە، مەسرور بارزانی بەردەوام دووپاتی کردووەتەوە کە "پێکەوەژیان خاڵی بەهێزی هەرێمی کوردستانە"، حکوومەتەکەی ئەو تەنها بە دروشم کار ناکات، بەڵکو لە ڕووی یاسایی و کارگێڕییەوە زەمینەی ڕەخساندووە تا پێکهاتەکان لە بڕیاری سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەشدار بن.
لەژێر سایەی ئەم کابینەیەدا، کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ هەزاران ئاوارەی مەسیحی و ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە ڕوویان لە هەرێم کردووە، ئەمەش نیشانەی ئەو ڕاستییەیە کە دیدگای مەسرور بارزانی، درێژەپێدەری هەمان ئەو دیدگا ستراتیژییەی سەرۆک بارزانییە کە کوردستان بە ماڵی هەمووان دەزانێت.
دواین نموونەی پێداگرییەکانی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرگریکردن بوو لە کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، لە کاتێکدا هەوڵێکی سیاسی هەبوو بۆ بێبەشکردنی پێکهاتەکان لە نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە، سەرۆک بارزانی بە توندی ڕاوەستا و ڕایگەیاند، نابێت مافی پێکهاتەکان بکرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان، ئەم هەڵوێستە سەلماندی کە پاراستنی مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لای سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان "پڕەنسیپێکی نەگۆڕە" و مامەڵەی پێوە ناکرێت.
هەرێمی کوردستان بەو مۆزاییکە جوانەی نەتەوە و ئایینەکانەوە دەمێنێتەوە، ئەو پێکەوەژیانەی کە بارزانی نەمر بناغەی بۆ دانا، سەرۆک بارزانی پاراستی و مەسرور بارزانی دامەزراوەیی کرد، بووەتە ناسنامەی نیشتمانێک کە تێیدا هیچ کەسێک بەهۆی ئایین یان نەتەوەکەیەوە هەست بە نامۆیی ناکات، ئەمە ئەو مۆدێلە سەرکەوتووەیە کە کوردستان نەک هەر لە عێراق، بەڵکو لە هەموو ناوچەکەدا پێی دەناسرێتەوە.