پلۆرالیزمی پێکەوە ژیان لەهەرێمی کوردستان

پلۆرالیزمی پێکەوە ژیان لەهەرێمی کوردستان
پلۆرالیزمی پێکەوە ژیان لەهەرێمی کوردستان

ئاشکرایە وێنەی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان، کە وەک دوورگەیەکی ئارام بۆ پێکهاتەکان دەرکەوتووە، بە دەست و پەنجەی نیگارکێشێکی خەیاڵی (یۆتۆبیایی) نەنەخشێنراوە، بەڵکو واقیعێکی سیاسی، مێژوویی و کولتووریی بەرچاوە،  ئەمە لە کاتێکدایە ناوچەکە لە ناو دەریایەکی پڕ لە کێشمەکێشی سیاسی و ململانێی تایفی و ئایینیدا دەکوڵێت، ئەم وێنە جوانەی پێکەوەژیان، بە پاکییەوە گوزارشت لە تەنها دروشمێکی سیاسیی کاتی ناکات، بەڵکو کولتوور و واقیعێکی سیاسیی ڕەگداکوتراوە کە مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە.

بەو پێیەی شوێنەواری پەرستگاکان، لە کەنیسە، مزگەوت و تەکیەی ئایینە جیاوازەکان لە ئامێزی چیاکانی کوردستاندا ماونەتەوە، ئەوە گوزارشت لەوە دەکات کە خاکی کوردستان ژینگەیەکی گونجاوە بۆ هەڵکردنی نەتەوە جیاوازەکان پێکەوە، ئەم یەکانگیرییە، سیمایەکی جوگرافیی تایبەتی بە ناوچەکە بەخشیوە و توانیویەتی تەواوی پێکهاتەکان لەژێر یەک چەتردا کۆبکاتەوە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەم خاکە دەتوانێت هەموو ناسنامە نەتەوەیی و مرۆییەکان لە دەوری یەکتر کۆبکاتەوە.

ئەم فاکتەرە مێژوویی و جوگرافییانە، بناغەیەکی تەندروستن بۆ ئەوەی پێکهاتەکان لە ئارامییەکی سیاسیدا بژین و هەست بە مافی هاووڵاتیبوون بکەن لە هەرێمی کوردستان، کە ئەمە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە (پلورالیزمی سیاسی) دەناسرێت، لێرەدا، پلورالیزم لە تەنها پێکەوەژیانێکی سادەوە دەگۆڕێت بۆ سیستەمێک کە تێیدا هەمووان وەک هاوبەشی ڕاستەقینە لە ماف و ئەرکەکاندا جێگەیان دەبێتەوە.

دیارە لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵیدا هەرچەندە هەرێمی کوردستان تا ئێستا بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە نەبووەتە خاوەنی دەستووری تایبەت بە خۆی، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی پێکهاتەکان نیگەران بن لە زەوتکردنی مافەکانیان، بە پێچەوانەوە، ئەو ژینگەی پێکەوەژیانەی کە هەیە، وای کردووە پێکهاتەکان دڵنیابن لەوەی کە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان هەرێم ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، ئەو دەستوورە دەبێتە پارێزەری سەرەکیی مافەکانیان و کۆڵەکەیەک بۆ چەسپاندنی زیاتری پلورالیزمی سیاسی.

ئەم دیدگایە بووەتە نەریتی سیاسی (دی فاکتۆ) چونکە لە یاسای هەڵبژاردندا پێکهاتەکان مافەکانیان وەرگرتووە، نەبوونی دەستوور، هەرچەندە بۆشاییەکی یاساییە، بەڵام نەبووەتە لەمپەر لەوەی لە ناو جومگەکانی حوکمڕانیدا بوونیان هەبێت.

 بۆیە لە نەبوونی دەستووریشدا، پێکهاتەکان ئەم نۆرمە سیاسییە وەک کۆتوبەند نابینن، بەڵکو وەک گەرەنتییەکی نیشتمانی سەیری دەکەن، ئەمەش کاتێکی زیاتری داوە بە پێکهاتەکان تاوەکو لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی پێگەی خۆیان قایمتر بکەن.

ئەم ئارامییە سیاسییە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ئەوەی نەخشەی هێزی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان ئاراستە دەکات، تەوژمی نەتەوایەتییە بە سەرکردایەتیی حیکمەتی ڕابەرانی شۆڕشی نەتەوایەتی و بە پێشەنگایەتیی خانەوادەی بارزان، کە نەخشەی سەروەری دەکێشن.

پلورالیزم لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێک کە تەنانەت لە نەبوونی دەستووریشدا، پێکهاتەکان هەست بە ئارامی دەکەن. ئەمە دەگمەنترین جۆری متمانەی سیاسییە لە ناوچەکەدا. 

لێرەدا دەتوانیین بڵیین،  پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان تەنها میراتێکی ڕابردوو نییە، بەڵکو تاکە گەرەنتییە بۆ داهاتوویەکی ڕوون، ئەو تەباییەی لە ڕابردوودا لە هەناوی چیاکاندا وەک کولتوور چەکەرەی کردووە، ئەمڕۆ لە ڕێگەی پلورالیزمی سیاسییەوە بەرەو دامەزراوەییبوون هەنگاو دەنێت. 

هەرچەندە ئاستەنگە سیاسییەکان نووسینەوەی دەستووریان دواخستووە، بەڵام متمانەی نێوان پێکهاتەکان لە سەرووی هەموو دەقێکی یاساییەوەیە، چونکە لێرە خاک و مرۆڤایەتی هەمووانی لەژێر یەک چەتردا کۆکردووەتەوە، کە چەتری نیشتمانێکی ئازاد و یەکسانە بۆ هەمووان.