شفا بارزانی
نووسەر
مەسرور بارزانی.. ئەندازیاری دیپلۆماسییەتی حەکیمانە و بونیاتنەری کوردستانێکی گەشاوەتر
سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری میسر، تەنها گەشتێکی دیپلۆماسی ئاسایی نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی ستراتیژییە لە کارنامەی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستاندا، ئەم جووڵە دیپلۆماسییە نیشانەی تێڕوانینێکی قووڵ و سیاسەتێکی حەکیمانەیە کە جەنابیان پەیڕەوی دەکەن بۆ چەسپاندنی پێگەی کوردستان وەک کاراکتەرێکی کاریگەر لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا.
ئەم دەستکەوتانەی کابینەی نۆیەم، درێژکراوەی ئەو ڕێچکە و ڕێنماییە نەتەوەییانەیە کە جەنابی سەرۆک بارزانی، چ وەک سەرۆک و چ لە ڕێگەی ڕێنماییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانییەوە، بۆ ئەم کابینەیە و کابینەکانی پێشووتری کێشاوە، سەرۆکی حکوومەت توانیوویەتی ئەم دیدگا ستراتیژییە وەربگێڕێت بۆ واقیعێکی بەرجەستە و دەرگاکانی جیهان بەڕووی کوردستاندا واڵا بکات، ئەو تەنها پەیوەندییە سیاسییەکانی پتەو نەکردووە، بەڵکو توانیوویەتی پردێکی بەهێزی ئابووری و کلتووری لەگەڵ وڵاتانی بڕیاربەدەست دروست بکات.
یەکێک لە ڕەهەندە گرنگەکانی سەردانەکەی بۆ میسر، ئاوڕدانەوە بوو لە دیاسپۆرای کوردی لەو وڵاتە. سەرۆکی حکوومەت بە باشی لەو ڕاستییە تێگەیشتووە کە کوردانی تاراوگە، بەتایبەت ئەو نوخبە و لێهاتووانەی کە لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە لە میسر و وڵاتانی تری جیهان کۆبوونەتەوە، سەرمایەیەکی نەتەوەیی گەورەن، جەنابیان لەو بڕوایەدا ن کە دەکرێت سوود لە توانای ئەم نوخبەیە وەربگیرێت وەک باڵیۆزی دۆزی کورد و هێزێکی کاریگەر بۆ زیاتر پێشخستنی کوردستان وەک وڵات.
لە دیدگای وڵاتانی دەرەوە و زلهێزەکاندا، دروستکردنی ژێرخانی پیشەسازی و کشتوکاڵی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی، کۆڵەگە سەرەکییەکانی دروستکردنی دەوڵەتن، هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئەو چاکسازییە ڕیشەییەی کە سەرۆکی حکوومەت لە سیستەمی بانکی و ڕێکخستنەوەی شەفافیەتی داراییدا دەستی پێکردووە، بە چاوێکی زۆر گەورە و پڕبایەخ لەلایەن ئەورووپا و ئەمریکاوە لێی دەڕواندرێت، ئەم هەنگاوانە نەک هەر متمانەی وەبەرهێنەرانی جیهانی بۆ کوردستان گەڕاندووەتەوە، بەڵکو وەک بنەمایەکی مۆدێرن بۆ دروستکردنی قەوارەیەکی سیاسیی بەهێز و سەقامگیر لەقەڵەم دەدرێن.
ئەوەی جەنابیان وەک سەرکردەیەکی لێهاتوو جیادەکاتەوە، توانای دروستکردنی هاوسەنگییە لە نێوان بەرژەوەندییەکانی هەرێم و وڵاتانی دراوسێ و زلهێزەکاندا، لە کاتێکدا ناوچەکە بە دەست ململانێوە دەناڵێنێت، سەرۆکی حکوومەت توانیوویەتی کوردستان بپارێزێت و بیکاتە دوورگەی ئارامی. گۆڕینی سیستەمی ئابووری لە پشتبەستن بە نەوتەوە بۆ ئابوورییەکی هەمەچەشن، شۆڕشێکی ڕاستەقینە بوو کە لە سایەی ئەم کابینەیەدا لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا، دیجیتاڵکردن و خزمەتگوزارییەکاندا ڕوویدا.
ئێستا کە بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنین، دڵنیاییەکی تەواو هەیە کە لە کابینەی دەیەمدا بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، کوردستان گەورەترین وەرچەرخانی مێژوویی لە گەشەسەندن بەخۆیەوە دەبینێت، دەرگاکانی جیهان زیاتر بەڕووی کورددا دەکرێنەوە و بە هاوکاری و پشتیوانی کوردانی ناوخۆ و دیاسپۆرا، ئاستی بژێوی و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان دەگاتە ئاستێکی بەرز، جەنابیان تەنها سەرۆکی حکوومەت نییە، بەڵکو ڕابەری قۆناغێکی نوێیە کە تێیدا کوردستان دەبێتە ناوەندێکی جیهانی بۆ ئابووری، ئاوەدانی و پێکەوەژیان.