هەرمن ئەحمەد
نووسەر
دیدگای سەرۆک بارزانی بۆ گۆڕینی هاوکێشەی سەرۆک کۆمار لە پشکی حزبییەوە بۆ نیشتمانی
لە ساتەوەختێکی مێژوویی و هەستیاردا، کە تێیدا خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دەست بە کارەکانی دەکات، سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی گشتگیر و ستراتیژیی ئاراستەی ناوەندی سیاسیی کوردستان و عێراق کرد، ئەم پەیامە تەنها گوزارشتێکی سیاسی نییە، بەڵکو نەخشەڕێگەیەکە بۆ تێپەڕاندن و بنبڕکردنی ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی کە ساڵانێکە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی تێدا گیرساوەتەوە.
گرنگترین خاڵ لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا، هەوڵدانە بۆ ڕاستکردنەوەی چەمکی (پشکی کورد)، بۆ ماوەی دوو دەیەیە پۆستی سەرۆک کۆمار وەک موڵکێکی حزبیی تەماشا کراوە، بەڵام بارزانی دەیەوێت ئەم تێڕوانینە بگۆڕێت، جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەم پۆستە پشکی کوردە نەک حزبێکی دیاریکراو، پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە سەرۆک کۆمار دەبێت ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی کوردستان بێت لە بەغدا، نەک پارێزەری بەرژەوەندییە تەسکەکانی حزبێک.
ئەو سێ پێشنیازەی سەرۆک بارزانی خستوونیەتە ڕوو (پەرلەمانی کوردستان، کۆدەنگی لایەنەکان، یان فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا)، گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵییە لە میكانیزمی بڕیاردان، ئەمە هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی بڕیاری سیاسی لە ژوورە تاریکەکانی ڕێککەوتنی ژێر بە ژێر بۆ ناو دامەزراوە نیشتمانی و شەرعییەکان، بەمەش شەرعییەتی سەرۆک کۆمار لە شەرعییەتێکی حزبییەوە دەبێتە شەرعییەتێکی پەرلەمانی و نیشتمانی.
سەرۆک بارزانی بە ڕاشکاوی ئاماژە بەوە دەکات، مەرج نییە سەرۆک کۆمار لە پارتی یان یەکێتی بێت، ئەمە نیشانەی نەرمی نواندن و بەکاڵاکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانە، بەم پێشنیازە، بارزانی دەیەوێت ئەو بەستەڵەکە بشکێنێت کە ساڵانێکە حزبێک بە موڵکی خۆی دەزانێت، ئەمە دەرفەتێکە بۆ کەسایەتییە نیشتمانی و بێلایەنەکان و لایەنەکانی دیکە تا لە ژێر چەتری کۆدەنگیی نیشتمانیدا ئەو بەرپرسیارێتییە وەربگرن.
لە کاتێکدا پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ساز دەکات، ئەم پەیامە وەک کۆمەڵە مەرجێکی نەتەوەیی وایە، بۆ ناوخۆی کوردستان، بانگەوازە بۆ یەکڕیزی، بۆ بەغداش، پەیامێکی سیاسیی بەهێزە کە چیتر کورد ڕێگە نادات لایەنە عێراقییەکان یاری بە کارتی پەرتەوازەیی کورد بکەن بۆ دیاریکردنی سەرۆک کۆمارێک کە تەنها لە بەرژەوەندی ئەوان بێت.
پەیامەکەی سەرۆک بارزانی لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، وەرچەرخانێکی نوێیە لە مێژووی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا. ئەم پەیامە دەیسەلمێنێت کە دەبێتسەرۆک کۆمار لە کادرێکی حزبییەوە بگوێزرێتەوە بۆ پارێزەری دەستوور و نوێنەری نەتەوە. ئەوەی ئێستا لەبەردەم لایەنە سیاسییەکانە، تاقیکردنەوەیەکی گەورەی نیشتمانییە، ئایا بەرژەوەندی حزب دەخەنە پێش یان وەک ئەوەی بارزانی داوای دەکات، شکۆ و یەکڕیزی گەلی کوردستان دەکەنە پێوەر؟