ئاڵۆزییەکانی ڤەنزوێلا و کۆتایی سەردەمی مادۆرۆ لە نێوان یاسا و سیاسەتدا

ئاڵۆزییەکانی ڤەنزوێلا و کۆتایی سەردەمی مادۆرۆ لە نێوان یاسا و سیاسەتدا
ئاڵۆزییەکانی ڤەنزوێلا و کۆتایی سەردەمی مادۆرۆ لە نێوان یاسا و سیاسەتدا

لە ئۆپەراسیۆنێکی چاوەڕواننەکراو و پڕ لە دەنگدانەوەدا، جیهان هەواڵی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلای پێگەیشت, ئەم هەنگاوە لەلایەن هێزە تایبەتەکەی ئەمریکا )دەلتا ( ئەنجامدرا، ئەم هەنگاوەی ئەمریکا کە دۆناڵد ترەمپ داڕێژەرییەتی ئەگەر دەرەنجامێکی تەواوەتی هەبێت، نەک کۆتایی بە دوو دەیە لە حوکمی "سۆشیالیزمی سەدەی بیست و یەکەم" دەهێنێت، بەڵکو نەخشەی سیاسی ئەمریکای لاتینی دەگۆڕێت. دەستگیرکردنەکە لە کاتێکی هەستیاردا و لە شوێنێکی دیاریکراودا ڕوویدا، کە تێیدا مادۆرۆ بە تۆمەتی "تیرۆری نێودەوڵەتی و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان" ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە, بەڵام لێرەدا خاڵێکی سەرەکیی هەیە کە ئاماژەی بۆ بکەین، سەرەکیترین ئەو هۆکارەی وایکرد ئەم هەنگاوە بنێت، نزیکبوونەوەی لە ڕادە بەدەری ڤەنزوێلایە لەگەڵ ئێران و چین وەکو وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش گووتی: تەنانەت (حیزبوڵلای)ی لوبنانیش، لە ڕاستیدا ئەم ڕووداوە تەنها لابردنی دەسەڵاتدارێکی زلهێز نەبوو، بەڵکو تەقینەوەی ئەو گرژییە کەڵەکەبووانە بوو کە ساڵانێکی درێژ ڤەنزوێلایان کردبووە گۆڕەپانی ململانێی زلهێزەکان و یەکلایکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان.

بۆچی گرژییەکانی ڤەنزوێلا گەیشتە ئەم قۆناغە

گرژییەکانی وڵاتی ڤەنزوێلا دەرئەنجامی یەک هۆکار نین، بەڵکو تێکەڵەیەک لە داڕمانی ئابووری، سەرکوتکاری سیاسی و ململانێی ئایدۆلۆژین. لە لایەکەوە، ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی بە سەرۆکایەتی ماریا کۆرینا ماچادۆ و ئێدمۆندۆ گۆنزالێس، مادۆرۆیان بە "دیکتاتۆر" و "داگیرکەری دەسەڵات" تۆمەتبار دەکرد، بەتایبەت دوای هەڵبژاردنە گوماناوییەکانی ٢٠٢٤. لەلایەکی ترەوە، گەندەڵی بەرفراوان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و سوپا، وایکردبوو کە دەوڵەت نەتوانێت سەرەتاییترین پێداویستییەکانی هاووڵاتیان دابین بکات. ئەم دۆخە بووە هۆی کۆچی پۆلێنکراوی زیاتر لە ٧ ملیۆن ڤەنزوێلی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەیان، کە ئەمەش قەیرانێکی مرۆیی گەورەی لە ناوچەکەدا دروست کرد، یەکێکی لە تۆمەتەکان، ناردنی چەکە بۆ کۆڵۆمبیا و بڵاوکردنەوە و ناردنی کۆکاییە بۆ نیوۆرک و ئەمریکا بە گشتی، ترەمپ چەند جارێک ئاماژەی بەو بابەتە کردووە.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی مادۆرۆ بۆ ماوەیەکی درێژ، پشتبەستنی بوو بە میحوەرە دژە ئەمریکییەکان، بەتایبەت چین، ڕووسیا و ئێران. مادۆرۆ ڤەنزوێلای کردبووە سەنگەرێکی پێشەوەی سۆشیالیزم لە حەوشەی پشتەوەی ئەمریکادا, چین وەک هاوبەشێکی ئابووری و ڕووسیا وەک هاوبەشێکی سەربازی، چەترێکی پارێزگارییان بۆ مادۆرۆ دروست کردبوو. ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ واشنتۆن تەنها کێشەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو هەڕەشەیەکی ئەمنی بوو کە ڕێگەی دەدا بە نەیارانی ئەمریکا پێگەی سەربازی و هەواڵگرییان لە نزیک سنوورەکانی هەبێت، ئەمریکاش هەرگیز ئەوەی پێ قبوڵ نەدەکرا کە لەنێو میحوەرەکەیدا وڵاتێک هەبێت بەم شێوەیە دژی بەرژوەندییەکانی بێت و هەڕەشەی لێ بکات.

‎بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی چین و نەیارانی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا

چین و وڵاتانی نەیاری ئەمریکا سوودێکی زۆریان لە دۆخی ڤەنزوێلا وەرگرت. پەکین لە بەرامبەر قەرزە ملیۆن دۆلارییەکانیدا، دەستی بەسەر بەشێکی زۆری نەوتی ڤەنزوێلادا گرتبوو بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕی جیهانی. ڕووسیاش کاریگەریی لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەبوو. ڤەنزوێلا ببووە سەرچاوەیەکی هەرزانی وزە بۆ ئەو وڵاتانەی کە دەیانویست ئابووری ئەمریکا لاواز بکەن، لە کاتێکدا هاووڵاتیانی ڤەنزوێلا لە ناو هەژاریدا دەژین، بێگومان ئەمەش دوو تەقینەوەی خێرای لێکەوتەوە، کە توڕەبوونی هاووڵاتیان و دەسەڵاتی ئەمریکا بوو.

گرنگی ڤەنزوێلا لە ڕووی ئابورییەوە

ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتی سەلمێنراوە لە جیهاندا (زیاتر لە ٣٠٠ ملیار بەرمیل)، کە دەکەوێتە پشتێنەی ئۆرینۆکۆ،  جگە لە نەوت، وڵاتەکە خاوەنی یەدەگێکی گەورەی گازی سروشتی و کانزا گرانبەهاکانی وەک زێڕ، ئەڵماس، و "کۆڵتان"ە (کە لە پیشەسازی تەکنەلۆژیادا بەکاردێت). کۆنترۆڵکردنی ئەم سەرچاوانە کلیلێکی سەرەکییە بۆ ئابووری جیهانی، و هەر گۆڕانکارییەک لە سیستەمی سیاسی ئەم وڵاتەدا ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر نرخەکانی 

وزە لە بازاڕەکاندا، کە ماوەیەکی زۆربوو بە تەواوی قۆرخکرابوو، بۆ ئەمریکا کە کار لەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات تاوەکو سوود لە ئابورییەکەیان وەربگرێت کە دووریان هەزاران کیلۆمەترە، زۆر قورس بوو ڕێگە بدات بەو شێوە ئاسانە وڵاتێکی نزیک لە خۆی سەرچاوەکانی ببێتە هۆکاری بوژانەوەی ئابوەی وڵاتانی دیکە.

ئەمریکا چی بەدەستهێنا؟

بۆ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، دەستگیرکردنی مادۆرۆ سەرکەوتنێکی سیاسی گەورە بوو. ئەم هەنگاوە چەند پەیامێکی لەخۆگرتبوو: 

یەکەم: گەڕاندنەوەی شکۆی "دۆکتۆرینی مۆنڕۆ" (Monroe Doctrine) کە ڕێگە نادات هیچ هێزێکی دەرەکی دەست لە کاروباری کیشوەری ئەمریکا وەربدات و خۆی حاکمی یەکەم دەبێت بە ڕەهایی. 

دووەم: بڕینی دەستی چین و ڕووسیا لە ناوچەکە و گەیاندنی پەیامێکی هاوشێوە کە ئەگەر دژایەتیم بکەن لە ڕێگەی وڵاتانی دیکەوە دەستەوەستان نابم.

سێیەم: نیشاندانی هێزی ئەمریکا وەک پۆلیسی جیهانی کە دەتوانێت سزای ئەو سەرۆکانە بدات کە بە "تایەتمەندییە نێودەوڵەتییەکان" پابەند نین و دەیانەوێ ببنە کێشە بە تایبەت بۆ ئەمریکا.

دەستگیکردنەوەکەی مادۆرۆ لە ڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە


لە ڕووی یاساوە، ئەم کردەوەیە لە نێوان دوو بەرداشدایە. لە لایەک، "سەروەری نیشتمانی" ڕێگری دەکات لە دەستوەردانی وڵاتان لە کاروباری یەکتر. بەڵام لە لایەکی ترەوە، "یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی" و "دادگای تاوانی نێودەوڵەتی" ڕێگە دەدەن بە لێپرسینەوە لەو سەرۆکانەی تاوانی دژە مرۆیی یان تیرۆری نێودەوڵەتی ئەنجام دەدەن. ئەمریکا بە پشتبەستن بە تۆمەتەکانی "نارکۆ-تیرۆریزم" (Narco-terrorism) و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، ئەم هەنگاوەی وەک کردەیەکی یاسایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو ناساندووە ترەمپ بە وردی تیشکی خستە سەر لە وتارەکەی، هەرچەندە لە ڕووی دیپلۆماسییەوە مشتومڕێکی زۆری نایەوە و بەشێوەیەک وا وێنا دەکرا کە نەدەبوو بەم شێوەیە سەروەری وڵاتێکی دیکە بشکێنرێت.

یەکێتی ئەوروپاش وێڕای نیمچە پشتیوانیکردنی بۆ هەنگاوەکەی ئەمریکا، لە هەمانکاتدا داوای کردووە ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگیرێت،  

زەنگێک بۆ ئەوانی دیکە

دەستگیرکردنی مادۆرۆ زەنگێکی مەترسییە بۆ چەندین سەرۆکی تری جیهان کە لەسەر هەمان هێڵی سیاسی ڕکابەری ئەمریکا دەڕۆن. پێشبینی دەکرێت سەرۆکەکانی وەک دانیال ئۆرتێگا لە نیکاراگوا، و سیستەمی سیاسی لە کوبا ڕووبەڕووی گوشاری هاوشێوە ببنەوە. ئەم ڕووداوە نیشانیدا کە "پارێزبەندی سەرۆکایەتی" چیتر ناتوانێت ڕێگری لە لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی بکات ئەگەر بەرژەوەندییە باڵاکانی زلهێزەکان بکەونە مەترسییەوە، ترەمپ بە هەموو وڵاتانی دیکەی نەیاری گووت، ئەگەر دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بوەستنەوە چارەنووستان هاوشێوە دەبێت.

پەیامی ترەمپ بۆ جیهان


دۆناڵد ترەمپ لە ڕێگەی ئەم کردارەیەوە پەیامێکی کورتی بۆ جیهان نارد: "سەردەمی بێدەنگی بەرامبەر نەیارانی ئەمریکا کۆتایی هات". ئەو ڕایگەیاند کە هەر وڵاتێک ببێتە حەشارگەیەک بۆ تێکدانی ئاسایشی ئەمریکا یان هاوپەیمانێتی لەگەڵ دوژمنانی واشنتۆن بکات، باجی قورسی دەبێت. ئەمە گەڕانەوە بوو بۆ سیاسەتی "هێز بۆ ئاشتی"، کە تێیدا ئەمریکا ئامادەیە هێزی سەربازی و هەواڵگری بەکاربهێنێت بۆ سەپاندنی دیدگای خۆی 

لەسەر ئاستی جیهانی.

کۆبەند

ڕووداوەکانی ڤەنزوێلا و کۆتایی هاتنی سەردەمی مادۆرۆ، تەنها گۆڕانکاری لە وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوت نەبوو، بەڵکو نیشانەی دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. قۆناغێک کە تێیدا ململانێی نێوان "دیموکراسی ڕۆژئاوایی" و "ئۆتۆکراسی ڕۆژهەڵاتی" دەچێتە ئاستێکی توندتر. ڤەنزوێلا ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە؛ ئایا دەتوانێت سامانە سروشتییەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوە بەکاربهێنێت، یان دەبێتە قوربانی ململانێیەکی نوێی ناوخۆیی و دەرەکی؟ داهاتوو وەڵامی ئەمە دەداتەوە، بەڵام بێگومان جیهان دوای مادۆرۆ، جیهانێکی جیاواز دەبێت، دەکرێت بڵێن بۆ ئەمریکای لاتین بە تایبەتی.