مەلا عهبدوڵڵا شێرکاوەیی
نووسەر
لە نێوان دوو 'شەرع'ـدا چما سووریا وا دەکات؟
هێرشەکانی سەر حەلەب بەتایبەت هەردوو گەڕەکی کوردنیشنی شێخ مەقسوودو ئەشرەفییە، بەتەنها رووداوێکی سیاسی و کاتیی نییە، بەڵکو دیوێکی ترو دیرۆکێکی قووڵتری هەیە و پەیوەندی بە برینی سارێژنەبوو و قەیرانێکی ڕیشەدارەوە هەیە، کە بەستراوەتەوە بە میراتی عەقڵیەت و تێڕوانینی ڕەوت و ڕژێمە خۆپەرستەکانەوە، بەشێکیان بەناوی عروبە و بەشێکیان بە ناوی ئیسلامەوە قەت ئامادە نین دوورو نزیک دان بە کورد و مافە ڕەواکانیدا بنێن.
ئەوەی بەرامبەر کورد کراوە و دەکرێت، بەهەموو پێوە ئەخلاقی و ئینسانیەکان پێشێلکاری و زوڵمێکی گەورەیە، ئامانجی هەرە سەرەکیش سەرکوتکردن و شکاندنی ئیرادەی کورد و شێواندنی شوناس و دیمۆگرافیایە، هاوکات بەو هەموو نەهامەتیەی بەسەر کورد هێنراوە و دێت، کورد وەک گەلێکی خۆڕاگرو بەئیرادە لەسەر خاک و ناسنامەی خۆی ماوەتەوە و سازشی نەکردووە، لە مێژووشدا وابووە ئەوەی ستەمی کردووە و مافی کوردی پێشێل کردووە شەرمەزاری بۆ ماوەتەوە، ئەوەشی بەرگریی لە ماف و مانەوە و کەرامەتی کورد کردووە بووەتە ڕەمزی شانازی کورد و مرۆڤایەتی.
کورد، وەک نەتەوەیەکی خاوەن فەرهەنگ و کولتووری لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی، هەمیشە ئەوەی بەلاوە گرنگ بووە، ئیسلام نەکاتە ئامراز بۆ ئەجێندای سیاسی و ئایدۆلۆژی و بەرژەوەندیی تایبەتی، بەڵکو لە ئایینەوە ئەو تێگەیشتنەی لا گەڵاڵە بووە، کە مرۆڤایەتی بەو هەموو تیرەو هۆز و گەل و نەتەوەیە، ئیرادە و ویستی خوای پەروەردگارە لەپێناو ئامانجێکی گەورە، کە خۆی لە چوارچێوەی مرۆڤایەتی و یەکتر قبووڵکردن و ئاشنایەتی و پێکەوەژیان دەبینێتەوە، خوای گەورە دەفەرموێ: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا..) الحجرات:13.
لەگەڵ ئەمەدا بەدرێژایی مێژوو کورد ستەمی لێ کراوە و خاکی پارچە و داگیرکراوە و مافی خوراوە یان نەدراوە، وەلێ لە جیهانی ئیسلامی کەسێکمان نەبینی پاڵپشتی قەزییەی کورد بکات و ئەوەی ئیسلام پێی بە ڕەوا دەبینێ قسەی لەسەر بکات. ڕۆژێک هەڵوێستێکی وڵاتانی عەرەبی و ناعەرەبی ئیسلامیمان نەبیست، بڵێ بەپێی ئایینی ئیسلام کوردیش هەمان ئەو مافەی هەیە کە گەلانی تر هەیانە؛ لەوەش، زیاتر سیاسیەکانیان وەک دروشم جاری وا هەیە موجامەلەی کورد دەکەن، بەڵام لەڕووی پراکتیکیەوە تا سەر ئێسقان دژن و قسە و بڕیاریان بستێک لە خۆیان تێپەڕ نابێت! دوا نموونە دۆخی ڕۆژئاوایە؛ کە هەمووان چاوەڕوانی زۆرمان لە سووریای نوێ هەبوو، بەتایبەت لێکگەیشتن و پێنگاڤی گرنگ و ستراتیژی نرا لە پێناو سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری و مافی پێکهاتەکان لە بونیادنانەوەی وڵاتدا.
بەڵام بەداخەوە نەک گرێنتی پاراستنی مافی کورد نەدرا، بگرە هەوڵێک هەیە بۆ لەباربردنی خەونی کورد و شکاندنی ئیرادەی ئەو نەتەوەیەی پتر لە هەشت سەدەیە مێژووی هەیە و خاوەنی ئەو خاکەیە، قەڵای دیمەشق و قوتابخانە و شوێنەواری ئەو شارە و بوونی سووریا وەک ناوەندی بڕیار لەسەردەمی سوڵتان سەلاحەددین ناوچەکە، هێمای ئەو ڕاستیە دەردەخات کورد پێکهاتەیەکی نامۆو میوان نییە، بەڵکو نەتەوەیەکی خاوەن ماڵی سەر خاکی خۆیەتی دەیەوێ بەئازادی و کەرامەتەوە بژێت و شوناسی خۆی بپارێزێت، چونکە ئەم دیرۆکە لە چوارچێوە مێژوودا تەنیا چالاکیەکی ئاسایی نەبووە، بەڵکو گوزارشتە لە ڕەسەنایەتی نەتەوەیەک کە مێژووی ناوچەکەی نەخشاندووە.
لەسەر ئاستی ئایینیەکەش کورد نمونەیەکی سەرکەوتوو بووە لە خزمەتکردنی ئیسلام و توڕاسی ئیسلامی، خشتێکی جوانی هەیکەلی دینداری راستەقینە و جیهانی ئیسلامی بووە، لەگەشەپێدانی شارستانیەت و هەڵکەوتەی هەزارەها سەرکردە و زانای پایەبەرزی ئایینی و پاڵپشتی رێبازی زانستی و تەبلیغ و پەیڕەوی ئایینی و گەیاندنی پەیامی میانڕەوی و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان، قەت نەبووە کورد بە ناوی ئایین و نەتەوەوە ستەمی لە کەسێک کردبێ یان هەڕەشە و مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایش و کیانی لایەنێک و دەوڵەتێک، هەزار ساڵ پترە ڕۆڵی زانایانی کورد لە خزمەتی دین و ژینی گەلەکەمان ئەرێنی بووەو هەوڵی تەواویان داوە ڕەحمەتی ئیسلام پیشان بدەن و چوارچێوەیەکی دروست و زانستی دونیابینی و دینداری نەتەوەی کورد بگوازنەوە بۆ جیهانی ئیسلامی، کە لەناو کورددا ئایین نەک تەنها فاکتەری یەکڕیزی نەتەوەیی، بگرە هۆکاری ئاشتیخوازی بووە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
کەچی گەل و وڵاتی تر بەناوی ئیسلامەوە زوڵمی گەورەیان لە کورد کردووە و دەکەن و زیانی گەورەشیان پێ گەیاندووە، وێڕای پارچە پارچەکردنی کوردستان لەلایەن زلهێزانەوە، پرۆسەی ئەنفال و کیمیاباران و تەهجیرو تەعریب و تەرحیل و کوشتوبڕی زۆرو دروستکردنی لەمپەرو مەینەتی جۆراوجۆر لەوێرانکردنی شارو دێهات و گۆڕینی دیمۆگرافیا و سەپاندنی هێزو ڕێگەنەدان بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی و دەیان بەربەستی تر!
بەشێکی ئەو مێژووە تاڵەیە کورد لەگەڵی ژیاوە، بە مانایەکی تر کورد بەس بۆ ئەوەی بژێت دەریایەک خوێنی بۆ مافی خۆی و پارێزگاری لە بوونی خۆی ڕشتووە و هەزارەها ڕۆڵەی ئەو میللەتە بۆتە قوربانی ڕێی ڕزگاری کوردستان، کەچی نەک کەس بەناوی ئیسلامەوە بەجواب نەهات، بگرە زۆربەشیان ڕەوایەتیان دەدا بەو کردە وێرانکەر و شۆڤێنی و پاکتاویانەی بەرامبەر کورد کراوەو دەکرێت! خۆ ئەگەر چەند وڵات و لایەن و گروپێک هەڵوێستی جوان و موسڵمانەیان پیشان دابوایە و بە ویژدانەوە مامەڵەیان لەگەڵ کورد کردبا، ئێستا دەمانگوت بێکەس نین و ویژدانی مرۆڤایەتی بەرامبەرمان زیندووە و ئەوانە بە چاوی ئیسلامەوە سەیری میللەتان دەکەن و ئەوەی بۆ خۆیان پێیان خۆشە بۆ برای موسڵمانی خۆیان هەمان شتیان دەوێت! وەلێ بەداخەوە..
ئێستا لە ئاست ئەو هێرشانەی سەر کورد لەحەلەب بەشێکی زاناو کەسایەتی ئایینی و بانگخوازو موسڵمانی سوریا، بەری چاویان لێڵ بووەو جاڕی جیهاد بەرامبەر کورد لێ دەدەن و بە وتنی (الله أکبر) پاڵپشتی کومەڵکوژی کورد دەکەن و ئەو ستەمە گەورەیە دەشەرعێنن بەرامبەر کوردانی رۆژئاڤا، وەک بڵێی کورد هەر موسڵمان نەبێت بەلایانەوە وا دەهۆڵی شەڕی بۆ دەژەنن! چ عەجەب ئەوانە چۆن لە ئیسلام حاڵی بوون و بە چ ویژدانێکەوە رێگە بە ماڵوێرانی و دەربەدەری و کوشتن و داگیرکاری و گۆڕینی دیمۆگرافیا دەدەن؟ مەگەر کورد موسڵمان نییە؟ پێکهاتەیەکی ڕەسەن و خاوەن مێژووی خۆی نییە لەم وڵاتە؟ لانیکەم مرۆڤ نییە و مافی ژیانی نییە؟ ئەی ئەو هەموو ئایەت و فەرموودانەی باس لە ماف و برایەتی و پێکەوەژیان و دادپەروەری و پاراستنی کەڕامەت و گیان و ماڵ و سامان و نەژاد دەکەن چ لێ دەکەن؟ چۆن وڵامی خوا دەدەنەوە تا فەتوای لەناوبردنی کورد دەربکەن؟ چۆن بەناوی سیاسەت و بەرژەوەندی، پاساو بۆ ستەم دەهێنرێتەوەو چاوپۆشی لێ دەکرێت؟ لە کاتێکدا لە ڕووی شەرع و ئەخلاق و مرۆییەوە کارێکی رەتکراوەو ناپەسندو تاوانەو بەدڵنیاییەوە ئیسلام بەرییە لەو هەڵسوکەوت و هەڵوێستە نادروستانە.
بۆ کەسێک کە بانگەشەی دیکتاتۆری و ب دینی و هەلپەرستی بکات، لێی چاوەڕوان دەکرێت ستەم و تاوانکاری ئەنجام بدات، بەڵام کەسێک خۆی بە خەلیفەی موسڵمانان و میراتگری پێغەمبەری ڕەحمەت بزانێ و نازناوی (شەرع) لەخۆی بنێت، نەک نەنگی و شوم و شەرمەزاری وپەڵەیەکی ڕەشە، بگرە کارەساتێکی مرۆیی هەرە مەزنە بێویژدانانە بەربیتە گیانی نەتەوەیەکی موسڵمان، کە داوای ژیان و ماف و کیان و خاکی خۆی دەکات و خوای باڵادەست ئەو مافەی پێداوە.
لەنێوان ئەو (شەرع)ە کە لە بەرگی ئایینی خۆی نمایش دەکات و عاتیفەی دینی بەکار دێنێت بۆ لێدان و کوشتن و هێرشکاری و نەهێشتنی کورد، لەگەڵ (شەرع)ی خوا -جل جلاله- کە هەموو ئەمانەی حەرام و مرۆڤەکانی بە یەکسانی خەڵق کردووەو دادپەروەریی کردووەتە بنەمای حوکمڕانی و ستەمی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە قەدەغە کردووەو ڕێزی لە مرۆڤ گرتووەو مافی هەمووانی پاراستووە، نێوانیان ئەرزو ئاسمانە!
ئەگەر ریش و دینداری ئەو، ڕووکەش و نمایش نییە، بۆ لەجیاتی شەڕ؛ بژاردەی ئاشتی پەیڕەو ناکات و بە یەک چاوو سەیری هاوڵاتیانی ناکات و پاڵپشتی داوا و مافی کوردی موسڵمان ناکات؟ ئەگەریش ئامانج دەوڵەتی خیلافەت و پابەندی دیندارییە چما لە (جبل الشیخ) کە خاکی سووریایە و ئیسرائیل داگیری کردووە نقەی لێوە نایەت!؟
ئەوەی ڕوو دەدات لە حەلەب تەنها پاککردنەوەی چەند گەڕەکێک نییە وەک دەڵێن، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گەمارۆی ناوچەکە و شەڕی کورد و تێکشکاندنی ئیرادەیە، لەبەر ئەوە بە نیسبەت کورد ویژدانی مرۆڤایەتی بەگشتی و وڵاتانی ئیسلامی و ئیقلیمی بەتایبەتی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە، لەوەی پاڵپشتیکردنی کورد تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتی و ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی گەورەیە بۆ هەموو ئەوانەی بانگەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری دەکەن.