سیاسی
مەلا عه‌بدوڵڵا شێرکاوەیی
مەلا عه‌بدوڵڵا شێرکاوەیی

نووسەر

لە ڕۆژئاڤا شەڕ و لە کوردستان چ باسە؟

لە ڕۆژئاڤا شەڕ و لە کوردستان چ باسە؟
لە ڕۆژئاڤا شەڕ و لە کوردستان چ باسە؟

بەداخەوە هێڕشەکانی سەر حەلەب لەو هەرێمەی خۆمان هەرای نایتەوە، دوو ئاراستەی جیاواز دروست بووە؛ یەکەمیان پێی وایە سوریا لەسەر هەقەو بە بیانووی بێ دینی نابێ دیفاع لە کورد بکرێت، لەکاتێکدا ئەمە شەڕی کوفرو ئیمان، کوردو عەرەب نیە، بەڵکو بەر لەهەر شتێک قەزیەیەکی ئینسانیە! خۆ ئەگەر شەڕی دین بێت ئەوە ئیسرائیل ئەولاترە تا حەلەب، لەراستیدا ئەمە ستەم و هێڕشێکی ناڕەوای سوپای سوریایە بۆ سەر کوردانی رۆژئاواو دوورخستنەوەو لاوازکردنی رۆڵی کوردە لە ناوچەکە، بەدڵنیاییەوە زۆربەی ئەوانەی دیفاع لەو ستەم و هێڕشانەی سەر کورد دەکەن، هەمان ئەو کەسانەن لەکاتی شەڕی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر کوردستان، لە پاڵپشتی کردنی پێشمەرگە نوقەیان نەبوو! هەندێکیشیان بەرهەمی ئەو شانە توندڕەو و فکرە نامۆیانەن، کە بونەتە بار بەسەر جیهانی ئیسلامییەوە.

دوومیان هەندێ لەوانەی بەناوی دەربڕینی پاڵپشتی بۆ کوردانی حەلەب، زیادەڕەوی دەکەن و تەڕو وشک بەیەکە دەسوتێنن و لەگەڵ ئیدانەکردنی هێڕەشەکانی ئەحمەد شەرع بۆ سەر حەلەب سوکایەتی بە ئیسلام و پیرۆزییەکانیش دەکەن، یان هەڵوێستە جوانەکان نادیدە دەگرن و لەسەر هەڵەی مەلایەک رۆڵی هەموو مەلایانی کوردستان سفر دەکەنەوە، لەکاتێکدا زۆرینەی مامۆستایانی ئایینی هەڵوێستی جوامێرانەیان بەرامبەر پرسە ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانییەکان پیشانداوەو لەسەرو هەمووشیانەوە هەر زوو یەکێتی زانایان وەک دامەزراوەیەکی فەرمی لە هەرێم لە پەیامێکدا هێڕشەکانی سەرکۆنە کردو پاڵپشتی زانایانی کوردی بۆ کوردانی رۆژئاوا دەربڕی، بە تەئکید ئەوەی دیندار بێت دەبێ پشتیوانی نەتەوەی خۆی بێت، ئەوەشی پشتیوانی گەلەکەی نەبێت دیندارێکی تەواو نیە.

مەلای کورد هیچ کات لە پاڵپشتی کردنی قەزیەی نەتەوەیی دوودڵ نەبووە، بگرە پارێزگاری کردنی خاک و نەتەوەی وەک بەشێک لەئایین سەیری کردووە، هەمیشە مزگەوت و مەلا و مینبەرو لەبەرەی گەل و نیشتمان بوونەو زۆرینەی کەڵە زاناو سەرکردەو ئەدیب و شاعیرانیش لەو مەیدانە ئەسپی خۆیان تاو داوە، چونکە ئەوەی حاڵی بووبێت لەدین دەزانێت بەرگری لە گەل و وڵات واجبێکی شەرعیە، ئەوەشی لە ژێر کاریگەری ئایدۆلۆژیاو تێگەیشتنی رووکەش و ڕواڵەتی نادروست بێت، بەلایەوە گرنگ نیە قەزیەی کوردی چی بەسەر دێت، ئەگەرنا چ ڕەوای هەقە پارچەیەکی کوردستان خوێنی لێ بچۆڕێت، کەچی لێرە قسە لەسەر ئەوە بێت داخۆ ئەوانە بەدینن یان بێ دین، وا بەربوینە گیانی یەکتر خەریکە دوژمنمان لەبیر دەچێتەوە، کە من دڵنیام ئەگەر کوردانی رۆژئاوا لەسەر بەرماڵیش بوونایە ئەوەی ئێستا بەرامبەریان کراوە هەر دەکراو چاوەڕوانکراو بوو، چونکە بەپێی تەجڕەبە دەرکەوتووە خاڵی سەرەکی دژایەتیکردنی گەلی کورد لەلایەن ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی ناوچەکە تەنها کورد بوونەو هیچ تر نا..!

ئەوەی گرنگە ئەرکی هەموو لایەکە لە چوارچێوەی هەستی نەتەوەیی پاڵپشتی یەکتر بکەین، نەک کوردستان بکەینە مەیدانی ململانێی نا لۆژیکی، گرنگە بە پابەندی لەو فەرمودەیە لەبەرەی دیفاع بین نەک پاساو و پینەو پەڕو، وەک پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێ: برای خۆت سەرخە چ زاڵم بێت چ مەزلوم، ئەگەر زاڵم بوو بیوەستێنەو ئەگەریش مەزلوم بوو دەستی بگرەو دیفاعی لێ بکە.

سەیر بکەن چمان کرد بۆ لێقەوماوان لە غەززە و عیراق؟ چەند پەنابەرو هاوڵاتی سوری لێرەن و بە ئاسایی ژیان دەکەن؟ تا دەگاتە کۆمەکی و هاوکاری کۆکردنەوە بۆ هەردوو بومەلەرزەکەی ئیران و تورکیا..؟ کەچی کەس نابینین بە هاواری ئێمەوە بێت و لانیکەم ئەوەی بۆ خۆی بەرەوا دەبینن بۆ کوردیش بەرەوای ببینن، تەنانەت لەناو سوریا زۆرێک لەوانەی دیندارو ریشدارن لەجیاتی داوای ئاگربەست فوو لە ئاگر دەکەن و رەوایەتی بەو ستەم و هێڕشکاریە دەدەن، بۆیە کاتی ئەوەیە واز لە گوتاری خۆکوژو هەڵوێستی پێچەوانە بینین، زۆر پێویستە لەپێناو پارێزگاری لە کوردو مافە ڕەواکانی یەکهەڵوێست بین، نەک سەرقاڵی شتی لاوەکی و کێشمەکێش و پەرتەوازەیی، (وَلَا تَنَازَعُوا فَتَفْشَلُوا وَتَذْهَبَ رِيحُكُمْ) الأنفال: 46.