سەرۆك بارزانی؛ كۆڵەكەی سەقامگیری و مەرجەعی بڕیار لە هاوكێشە دیپلۆماسییەكاندا

سەرۆك بارزانی؛ كۆڵەكەی سەقامگیری و مەرجەعی بڕیار لە هاوكێشە دیپلۆماسییەكاندا
سەرۆك بارزانی؛ كۆڵەكەی سەقامگیری و مەرجەعی بڕیار لە هاوكێشە دیپلۆماسییەكاندا

لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرۆك بارزانی خاوەنی پێگەیەكی بەهێزی دیبلۆماسی و سیاسییە، هەر ئەمەشە وایكردووە هەولێر تەنیا وەک پایتەختی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان نەناسرێت، بەڵکو بووەتە ناوەندێکی ستراتیژیی بڕیاردان و چەقی دیپلۆماسییەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. کۆبوونەوەی ئەم دواییەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا و ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی سەلماندەوە کە کلیلی چارەسەری کێشە ئاڵۆزەکانی ناوچەکە لە هەولێر و لە لای سەرۆک بارزانییە. ئەم دەستپێشخەرییانە ئەو سەردەمانەمان بەبیر دەهێننەوە کە هەمیشە کێشە گەورەکانی عێراق و ناوچەکە لە هەولێرەوە بەرەو کەناری ئارامی ئاڕاستە کراون.

ئەم جووڵە دیپلۆماسییە، تەنیا کۆبوونەوەیەکی پرۆتۆکۆڵی ئاسایی نییە، بەڵکو درێژکراوەی ئەو "هێزە نەرمە" و فەلسەفە سیاسییەیە کە مەلا مستەفا بارزانی بناغەکەی داڕشتووە؛ فەلسەفەیەک کە لەسەر بنەمای پێکەوەژیان، ڕەتکردنەوەی توندڕەوی و چەسپاندنی کلتووری ئاشتی و متمانە بونیاد نراوە. سەرۆک بارزانی وەک مەرجەعێکی باڵای نەتەوەیی، هەمیشە وەک پارێزەری پرۆسەی ئاشتی دەرکەوتووە؛ چ لە هەوڵەکانی بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوا، چ لە هاندانی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان تورکیا و پەکەکە و لە ئێستاشدا بۆ ڕاگرتنی شەڕو ماڵوێرانی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان،  ئەمەش پەیامێکی ڕوونە بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهان، کە کورد نەک هەر هەڕەشە نییە، بەڵکو کۆڵەکەی سەقامگیرییە و ئاشتیی ناوچەکە لە هەولێرو لای سەرۆك بارزانییەوە  تێپەڕ دەبێت.

دیپلۆماسییەتی بارزانی، جیاوازە لەو "تەکنیکە سیاسییە" کاتیی و فرتوفێڵە حزبییانەی هەندێک لایەنی ناوخۆیی پێی سەرقاڵن. ئەم قوتابخانە دیپلۆماسییە لەلایەن سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە وەک سیاسەتێکی نەگۆڕ و پڕ متمانە پەیڕەو دەکرێت. کاتێک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە ڕوو لە بەغدا دەکات بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان، ئەوە دەسەلمێنێت کە بڕوای تەواوی بە زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن هەیە. هەر ئەم متمانەیەشە وایکردووە سەرکردە عێراقییەکان وەک نوری مالیکی و دەسەڵاتدارانی تری بەغدا، بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگای حکومەتی نوێی عێراق ڕوو لە پیرمام بکەن؛ چونکە دەزانن "هێزی نەرمی" بارزانی  لەسەر بنەمای متمانە و سەنگینیی مێژوویی دروست بووە، نەک لەسەر گەلەکۆمەکی و شکاندنی بەڵێنەکان.

مێژووی گەلی کوردستان، چ لە ڕابردووی دوور و چ لە سەردەمی شەڕی داعش، گەواهیدەری ئەوەیە کە کورد هیچ کات بیر لە تۆڵەکردنەوە و داگیرکاری نەکردووەتەوە. کورد میللەتێکە شەڕی بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام هیچ کات ملی بۆ ژیانی سەرشۆڕی و ملکەچی نەداوە. ئەم هاوسەنگییە وردەی نێوان "ئاشتیخوازی" و "نەچەمانەوە"، ئەو هێزە مەعنەوییەیە کە هەولێری کردووەتە ناوەندێکی یەکلاکەرەوە.
لەکۆتاییدا، ئەم دەستپێشخەرییانەی سەرۆک بارزانی، نامەیەکی کراوەیە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکە؛ کە گەلی کورد زمانی توندوتیژی ڕەت دەکاتەوە و بڕوای بە دیالۆگی هەمەلایەنە هەیە. هەولێر ئەمڕۆ نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە بووەتە چەتری کۆکەرەوەی دەنگە جیاوازەکان و پارێزەری ئەو ئاسایشەی کە توندڕەوی و ململانێیە تەسەکەکان دەیانەوێت تێکی بدەن. ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە مێژوو دەیسەلمێنێت: هەولێر پایتەختی ئاشتی و بارزانیش مەرجەعی دیپلۆماسییەتی سەقامگیرییە لەناوچەكە و جیهان.