ئازاری لەدایکبوون

ئازاری لەدایکبوون
ئازاری لەدایکبوون

رووداوە خەمهەژێنەکانی ئەم رۆژانەی خزمانمان لە رۆژئاوای کوردستان، هەمووانی لە ناخەوە بریندار کرد. رەفتارە نامرۆڤی و داعشییەکانی چەکدارە تینووەکانی خوێنی ئەحمەد جۆلانی، کار و کردەوەگەلێکیان ئەنجام دا کە رووی بەعسییە رەفتار فاشیستەکانی عێراق و داعشە تیرۆریستە هاوڕێکانیانی سپی کردەوە!

ئەم مێشک ژەنگاویانە بە هەر ناوێکەوە بن و لە ژێر هەر ئایدیایەک و مەبەستێک و بە هەر پاساوێک شەڕمان لەگەڵ بکەن، خەڵکی سڤیلمان کۆمەڵکوژ بکەن، تاڵانمان بکەن، منداڵ و مێردمنداڵمان سەرببڕن، کچە شەڕڤانەکانمان بە دیل بگرن، سوکایەتی بە تەرمەکانیان بکەن، شکۆی میللی و ئاڵا و خاک و زێدمان بریندار بکەن... هەرچی لە سنووری دڕندایەتیی مێژووی مرۆڤایەتیی دیار و نادیار تێپەڕ دەبێت، لەم رۆژانەی رابردوودا خەڵکی ستەمدیدەی کورد و تەواوی جیهانی دەرەوەی کوردستان، شاهیدی بینینی ناشیرینترین دیمەنەکانی کوشتن و بەربەریەتیی ئەم تاقمە تینوو بە خوێنەی حاکمە نوێکەی شام و ئەحمەد جۆلانی بوون.

چی دەگوزەرێت؟ کورد لە کوێی سیناریۆ و رووداوە هەنووکەیییەکاندایە؟ چی باشە بیکەین و چی خراپە نەیكەین؟ گوتاری عەقڵانی چییە؟ چۆن لەنێو قەرەباڵغی و ژاوەژاوی (هونەری هیچ نەکردن) خۆمان رزگار بکەین؟

ئایا دوژمنی سەرەکیی ئێمە ئەحمەد شەرعەکان و سەددام حوسێنەکان و ئەوانی ترن، یان نەزانینی قووڵی ئێمەیە سەبارەت بە مێژووی نووسراومان؟ بە مانایەکی تر، ئارەزووی بەکۆمەڵی ئێمەیە بۆ نەزانی و خۆنەناسین، یان چی؟

وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە ئاسان نییە و لەم وتارەدا جێی نابێتەوە. بەڵام گرنگە بۆ ئەم دۆخەی ئێستا و بۆ پێشبینیکردنی رووداوگەلی دیکەی چاوەڕوانکراوی خراپتر یان کەمتر خراپ، کە کۆمەڵگاکەمان بە تەواوی هێز و پێکهاتەکانییەوە ئامادەیی تەواوی هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی داعشەکان. بە واتایەکی تر، لۆبیی کوردی لە تەواوی جیهاندا هاوتەریب لەگەڵ ورەی بەرزی سەنگەری بەرگری، چالاک بکرێت و جۆش و خرۆشی ئەو دوو سەنگەرەش تێکەڵ بە هەست و هاوسۆزی (کۆمەک و پشتیوانیی ماددی و مەعنەوی)ی تەواوی خەڵکی کوردستان بکرێت.

کوردانی رۆژئاوا نابێت بە تەنها جێبهێڵرێن. دەبێت کارێک بکەین هەموو کوردێک، هەموو مرۆڤێکی بەویژدان، لە سەنگەری جیاوازەوە هاوڕێ و هاوخەبات و هاوسۆزی پرسی کورد بن. جا چ لە کۆبانێ بێت، یان لە سلێمانی و سابڵاغ و سنە و ئامەد.

ئەمڕۆ سەرەتای قۆناغێکی ترە لە مێژووی خەباتی ئێمە بۆ ئامانجی باڵای ئازادی و سەربەخۆیی. ئەمڕۆ ئێمە نموونەیەکی زۆر جوانین بە بەراورد لەگەڵ دەوروبەرمان، لە گوتاری ژیاندۆستی و پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن، ئازادیی ژن و ئازادیی وشەدا نوێنەرایەتی دەکەین. دۆستی زۆرمان لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ دروست بووە، هەرچەندە تا ئێستا نەمانتوانیوە وەبەرهێنان بەو هێزە مرۆییە جیهانییە بکەین بۆ راستکردنەوەی هاوکێشەی هێز و شەڕی چارەنووس.

گرنگە پێش ئەوەی ناچار بە ملکەچی بین، بۆ ئازادی و ژیانێکی شکۆمەندانە یەک بگرین؛ یەک گوتار و یەک ئامانج. روو لە پرشنگی خۆری ئازادی، هەموومان پێکەوە بڕیاری کۆتاییهێنان بە مێژووی کۆیلایەتیی خۆمان بدەین.

ئەم رووداوانە سەرەتای لەدایکبوونێکی بە ئازاری دیکەیە، کە درەنگ یان زوو، دەمانخاتە سەر رێڕەوی راستی ئازادی و سەربەخۆیی. گرنگتر لە هەموو ئەم وتار و چالاکی و کۆمەککۆکردنەوە و هونەری لاواندنەوەی درامایی و کولتوری کڕووزانەوە، بریتییە لە دروستکردنی کەشێکی جددی بۆ دیالۆگێکی عەقڵانی.

ئیتر کاتی ئەوەیە قسە لەگەڵ یەکتردا بکەین، نەک لە میدیاکانەوە قسە لەسەر یەکتر بکەین.