کاتێک پایتەختەکان خۆیان دەدەن بەدەستەوە

وێنە، دیمەشق
وێنە، دیمەشق

ئەو وەرچەرخانە سیاسی و سەربازییە گەورەیەی ئێستا لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت، تەنیا زنجیرەیەک لە ڕووداوی کت‌وپڕ نییە، بەڵکو دەرئەنجامێکی حەتمیی پشتگوێخستنی ئەو پێشبینی و ستراتیژییە نەتەوەییانەیە کە سەرۆک مەسعود بارزانی ساڵانێک پێش ئێستا وەک نەخشەڕێگایەک بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد خستییە ڕوو. وەک ڕابەرێکی نەتەوەیی کە خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە پاراستنی شکۆی گەلەکەی، بارزانی لە سەرەتای تەقینەوەی قەیرانی سووریاوە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە، بە وردی لە هاوکێشە ئاڵۆزە نێودەوڵەتییەکان گەیشتبوو.

بارزانی دەیزانی کە زلهێزەکان لە کاتی تەنگانە و گۆڕانکارییە گەورەکاندا هەموو پشتگیرییەکی کورد دەکەن بۆ ئەوەی پلان و مەرامەکانیان سەربکەوێت، کەچی کاتێک پایتەختەکانی دیمەشق، تاران، ئەنقەرە و بەغدا تەسلیمی زلهێزەکان دەبن، ئەو کات تەنیا مامەڵە لەگەڵ "پایتەختەکان" دەکەن نەک ئەو شارە پەراوێزخراوانەی کە لە هاوکێشە دیپلۆماسییەکاندا پێگەیەکی جێگیریان نییە. ئەوەتا نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا دەڵێت: "چیتر پێویستمان بە هەسەدە نییە"، هەر ئەمە ئەو وتەیەم بەبیر دەهێنێتەوە کە دەڵێت: (چیاکان چارەنووسی پایتەختەکان دیاری ناکەن)، کە مەبەست لێی ئەوەیە هەرگیز شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی داگیراوی کوردستاندا ناتوانن چارەنووسی پایتەختەکانی ئەو وڵاتانە دیاری بکەن کە کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە.

لەسەر ئەم بنەمایە سەرۆک بارزانی زۆر هەوڵی دا لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەکانی (هەولێر و دهۆک)ـەوە، گوتارێکی یەکگرتوو و مۆدێرن بۆ کوردانی ڕۆژئاوا دروست بکات کە لەگەڵ هەلومەرجی ناوچەکە بگونجێت و خۆی بۆ ئەو گۆڕانکارییە نوێیانە ئامادە بکات کە لە ناوچەکە و ئەو وڵاتەدا دێنە پێشەوە. بەداخەوە لەو کاتەدا بیرکردنەوەی تەسک و پەنابردن بۆ تاقیکردنەوەی ئایدۆلۆژی و ململانێی حزبی، ڕێگربوون لەوەی لە پەیامە دووربینەکانی بارزانی تێبگەن. ئەگەر ئەو کاتە کوردانی ڕۆژئاوا پشتیان بە سیاسەتە حەکیمانەکەی جەنابی سەرۆک ببەستایە، ئێستا نەک هەر لە مەترسیی داگیرکاری و ئاوارەیی نەدەبوون، بەڵکو وەک کارەکتەرێکی سەرەکی و داڕێژەری سیاسەتی وڵاتانی ناوچەکە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا.

دیپلۆماسییەتی بارزانی هەمیشە لە خزمەت دۆزی ڕەوای کورددا بووە لە هەر چوار پارچەی کوردستان. لە سەرجەم سەردانەکانیدا بۆ ڕۆما و دیداری لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، سەرۆک بارزانی مافەکانی کوردانی ڕۆژئاوای وەک ئەولەویەت خستە ڕوو. هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەژێر ڕاسپاردە و فەرمانی جەنابی سەرۆکدا، لە سەکۆ جیهانییەکانی وەک "داڤۆس"، بەردەوام جەختی لەسەر پاراستنی کوردانی ڕۆژئاوا کردووەتەوە و داوای فشاری نێودەوڵەتی و هاوکاریی کردووە. ئەمە ئەوە دەردەخات کە هەولێر تەنیا پایتەختێکی سیاسی و ئابووریی هەرێمی نییە، بەڵکو مەرجەعێکی نەتەوەییە وا دەکات لە ڕۆژە تاریکەکاندا ببێتە تیشکی ئومێد بۆ هەمووان.

ڕاستییەکی تاڵ هەیە کە دەبێت کوردانی ڕۆژئاوا و هەموو لایەنەکان لێی تێبگەن: کاتێک زلهێزەکان بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق یەک دەگرێتەوە و جۆلانی تەسلیمی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەبێت، ئیتر مافەکانی کورد بۆ ئەو زلهێزانە زەروور نییە و دەیکەنە قوربانی. مێژوو سەلماندوویەتی کە ناتوانرێت پشت بە هۆزەکان یان هاوپەیمانییە کاتییەکان ببەسترێت کە مێژوویان پڕە لە خیانەت. تەنیا کەسێک کە لە ڕۆژە تەنگانەکاندا دەرگای بۆ لێقەوماوان کردووەتەوە، سەرۆک بارزانی بووە. هەروەک چۆن هەولێر بووەتە پەناگەی ئێزیدییەکان، مەسیحییەکان و تەنانەت ملیۆنێک ئاوارەی عەرەبی سوننە و شیعە، ئێستاش بارزانی بە هەموو توانای خۆیەوە کار دەکات بۆ بەهاناوەچوونی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا.

هەر حزب و لایەنێک کە ڕێنمایی و خوێندنەوەکانی مەرجەعی باڵا فەرامۆش بکات، ڕووبەڕووی گەورەترین شکست دەبێتەوە. گرفتەکە لەوەدایە هەندێک نەیاری ناوخۆیی بۆ ململانێی حزبی، هێرش دەکەنە سەر ئەم مەرجەعە و ئەو هەقیقەتەیان لەیاد کردووە کە تەنیا دوژمنانی کوردستان سوود لەم لاوازکردنە دەبینن. بارزانی بەردەوام جەخت دەکاتەوە کە "هێز لە یەکگرتندایە" و ئەگەر کورد لە ناوخۆدا تەبا و یەکگرتوو نەبێت، هیچ دۆستێکی جیهانی نابێت؛ ئەمەش وتە بەناوبانگەکەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوومان بیر دەهێنێتەوە کە بارزانی ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر بڕوامان بە خۆمان نەبێت، هەروەها بۆ هەموو فیداكارییەك ئامادە نەبین، كەس ناتوانێت هیچمان بۆ بكات، هەولێر ئەمڕۆ لە ژێر سایەی ئەم رابەرەدا، نەک هەر پایتەختی ئارامی و پێکەوەژیانە، بەڵکو ئەو چەترە نەتەوەییەیە کە تەنیا لە ژێر سایەی ئەودا کورد دەتوانێت ناسنامە و شکۆ و مافەکانی بپارێزێت. كاتی ئەوە هاتووە هەمووان بگەڕێنەوە سەر ئەو ڕێگا ڕاستەی كە بارزانی وەك تروسكاییەك بۆ ڕزگاری نیشانمان خەباتی بۆ دەكات.