سیاسی
مەلا عه‌بدوڵڵا شێرکاوەیی
مەلا عه‌بدوڵڵا شێرکاوەیی

نووسەر

ئیتر کاتی ئەوەیە "کوردانە" بیر بکەینەوە

ئیتر کاتی ئەوەیە "کوردانە" بیر بکەینەوە
ئیتر کاتی ئەوەیە "کوردانە" بیر بکەینەوە

بەکارهێنانی ئایین و زاراوەی ئیسلامی بۆ پەردەپۆشکردنی تاوان و ستەم و کاری نامرۆڤانە، بەتایبەت بەرامبەر هاووڵاتیانی ناو وڵاتی خۆت، بەر لە هەر لێکدانەوەیەکی تر گەورەترین تاوانە بەرامبەر خودی ئیسلام ئەنجام دەدرێت؛ چونکە ئیسلام ئامرازی شەڕ و کوشتار و خوێنڕشتن نییە، بەڵکو ئایینی ئاشتی و مرۆڤدۆستی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانە. ئایینێکە ڕاشکاوانە دەستدرێژی بۆ سەر خوێن و ماڵ و کەرامەتی مرۆڤی قەدەغە کردووە، تەنانەت لە کاتی جیهادیشدا ڕێگەی نەداوە ئافرەت و منداڵ بکوژرێن و شاربەدەر بکرێن، یان سوکایەتی بە کەزیی کیژۆڵەیەک بکرێت و لە بەهای مرۆڤبوونی کەم بکرێتەوە.

ئەوەی وەزارەتی ئەوقافی سووریا بەناوی دینەوە کردی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی کورد، هەمان ئەو ستەمە بوو کە سەدام بەناوی سوورەتی ئەنفالەوە بەسەر گەلی کوردی موسڵماندا هێنای و پتر لە ١٨٠ هەزار کەسی ئەنفال و کیمیاباران کرد. ئاخر بەکارهێنانی چەمکی ئایینی (فتوحات) کە لە سیاقی فەرموودە و قۆناغێکی دیاریکراودا بۆ بێباوەڕ و دووڕووەکانی مەککە بەکارهاتووە ــ کە تا سەر ئێسقان دژی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) بوون ــ بە چ لۆژیکێک ڕەوایە بەرامبەر هاووڵاتیانی کوردی موسڵمان بەکار بهێندرێتەوە؟ ئەمە ناڕاستەوخۆ کافراندنی گەلی کورد و دوورخستنەوەی کوردە لە دین و حوکمدانێکی کوێرانەیە، کە لە ئیسلامدا باجێکی قورسی هەیە. خۆیان دەڵێن شەڕەکە سیاسییە، ئەی چ عەجەب ئایین و مزگەوت و منارە و زاراوەی ئیسلامی وەک مەکینەی گڕدانی ئاگری فیتنە بەکاردێنن و بۆیاخی کاری دڕندانەی خۆیانی پێ دەکەن؟ ئەمە لە ڕووی ئەخلاقی و شەرعییەوە کارێکی ناڕەوایە، ئەمە لێدانە لە دین نەک دینداری بێت! ناشیرینکردنی ئیسلام و تەکبیر و فتوحات و ئایەتی قورئانە لەژێر دروشمی دینداریی ئایدیۆلۆژی و بەرژەوەندیخوازی! ئیسلام ئەمانەتە بەر لەوەی تەبلیغ بێت؛ ئەوانە چۆن لە خوا ناترسن وا غەدر لە ئیسلام دەکەن و ئەو ئەمانەتە گەورەیە لەبەرچاوی جیهان نابووت و ناشیرین دەکەن؟ ناهەقی نییە بڵێین بە نیسبەت ئەو بەناو موسڵمانانەی لە بەرگی داعشی و نمایشی ڕیشپۆشیدا بۆ گەوجاندنی خەڵک دین بۆ کارەسات و لێدان و ماڵوێرانی بەکار دێنن، کورد گەلێکی موسڵمانی عەیار بیست و چوارە.

خۆشبەختانە هۆشیاریی کورد و دیندارانی کوردستان لەپاڵ هەموو هەوڵەکاندا هاتنە دەنگ و بەرپەچی ئەو شێواندن و فەتوا سەقەتەی ئەوقافی سووریایان دایەوە. ئەمە دەنگدانەوەیەکی گەورەی خستە ناو جیهانی ئیسلامی و بانگخوازە ئیسلامییەکان و ناوەندە ئایینییەکانی سووریا، کە پەڵەیەکی ڕەشە بۆ دامەزراوەی ئایینیی سووریا و ئاماژەیەکی نامۆشە بۆ وڵاتێک کە بانگەشەی موسڵمانێتی بکات؛ چونکە ئەم هەنگاوە بە هەموو پێوەرێک پێچەوانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە. ئەم دەنگدانەوەیە وای کرد دوای دوو ڕۆژ ئەوقافی سووریا بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و بەیانێکی تر دەربکات و پاساو بۆ کارە قێزەونەکەی پێشتریان بهێننەوە.

ئەوەی مەبەستمە لەم وتارەدا ئەوەیە؛ با هەموو دوژمنانی کورد دڵنیابن لەوەی کورد هەرچییەکی بەسەر بێت، واز لە دۆزی ڕەوای خۆی ناهێنێت و دەستبەرداری شوناس و مافی خۆی نابێت. ئەوەی لە ڕۆژاوا ڕوویدا هەستی هەموو کوردانی دنیای کۆکردەوە و ئازار و دەنگی کوردی بە هەموو جیهان گەیاند. ئێستا لە هەموو کات زیاتر کورد لەسەر پرسە نەتەوەییەکەی یەکهەڵوێست و پشتیوانی یەکترە؛ ئەمە ئومێدێکی گەورە و پێشوەچوونێکی تازەیە لە ئاراستەی هزری نەتەوەیی میللەتی کورد، کە بە هەموو جیاوازییەکانەوە لەسەر بەهاناوەچوونی هاواری کوردانی ڕۆژاوا، دلێرانە هاتنە مەیدان و هاودەنگ بوون.

گرنگە عاقڵانە هەنگاو بنێین و واز لە ڕق و کینە و ململانێی ناوخۆیی بهێنین؛ چ ئەوانەی بە بیانووی هەستی دینداری ڕەخنە لە نادیندارێک دەگرن، یان ئەوانەی بە پاساوی نەتەوەیی لە ئایین دەدەن. بێ‌ئاگا لەوەی ئایین هانی بەرگری لە گەل و نیشتمان دەدات و هەستی نەتەوەپەروەری بە بەشێک لە دینداری دادەنێت. ئەرکی هەمووانە لە ئاست پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بین و بە ئیرادەیەکی گشتییەوە لە ئاسۆ بڕوانین.

کورد وەک گەلێکی موسڵمان ئاشتیانە ئیسلامی وەرگرتووە و لەم چوارچێوەیەدا ئینسانیانەش بیر دەکاتەوە، بۆیە هیچ کات ئایینی پیرۆزی ئیسلامی بۆ لێدان و چەواشەکردن و ستەم و قەتڵوعامی کەس بەکار نەهێناوە. ئەگەرچی بەناوی ئیسلامەوە ناهەقیی گەورە بەرامبەر کورد کراوە، تەنانەت قەت خێر و خۆشی لە عەرەبی شۆڤێنی و تورک و فارس و ڕژێمە شیعی و سوننییەکان نەبینیوە، وڵاتانی زلهێزی دیکەی دنیاش هەر لێ گەڕێ؛ هەموویان بەرژەوەندیی خۆیان بەلاوە گرنگە و بە قەزیەی کوردی ناگۆڕنەوە. کە کار گەیشتە سەر مافی نەتەوەی کوردیش، هەمووان دەبنەوە یەک و وەک دڕک لە پێی کورد ڕادەچن و ڕەحم بە کورد ناکەن.

بە کورتی تێگەیشتین چی دەگوزەرێت و چۆن دەگوزەرێت، بەڵام لەم قۆناغەدا ناتوانرێت کورد بە بێدەنگی قەتڵوعام بکرێت؛ دەنگی کورد دەنگدانەوەی هەیە لە جیهاندا و کاردانەوە دروست دەکات. کەواتە سەردەم سەردەمی ئەوەیە "کوردانە" بیر بکەینەوە و خۆمان دۆستی خۆمان بین، یەکگرتن و تەبایی نێو ماڵی خۆمان بکەینە هەوێنی ئومێدی ئایندە و چیتر بە دروشمی بێ‌ناوەڕۆکی عەرەبی موسڵمان و بانگەشەی گەلانی دیموکراسیخواز نەخەڵەتێین.