د. سامان عومەر حەمەد
نووسەر
پرسی کورد ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکگرتوویی و پشتیوانیی ناوخۆیی هەیە
هێرشە بێبەزەییانەکانی ئەم دواییەی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، نیگەرانییەکی زۆری دروست کردووە. جێگەی سەرسوڕمانە کە بۆچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگە! جارێکی دیکە وتەی "کورد جگە لە چیاکان دۆستی نییە"مان بیر خرایەوە، چونکە گەلی کورد لە هەندێک قۆناغی هەستیاری مێژووییدا و دوای بێهەڵوێستیی نێودەوڵەتی، بەتەنیا دەمێنێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کورد مێژوویەکی درێژی لە تێکۆشان بۆ خۆبەڕێوەبەری، پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و مافی مرۆڤ هەیە.
لەم شەڕ و ئاڵۆزییەدا، سەرکردایەتیی کورد، بەدیاریکراوی سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕۆڵێکی گرنگی لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەریی هێرشەکان، پاراستنی ناسنامەی کوردی و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی خۆبەڕێوەبەری لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گێڕاوە. لەپێناو ئەم ئامانجەدا، سەرکردایەتیی کورد لە هەولێری پایتەخت، وەک ناوەندێکی نەتەوەیی و نیشتمانی، بێوچان کار دەکات بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ دۆزی کورد. لەگەڵ ئەوەشدا، تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە مێژووییە پێویستی بە یەکگرتوویی کورد و پشتیوانیی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی هەیە.
بەداخەوە هەندێک میدیا و لایەنی سیاسیی خۆجێیی لە باشووری کوردستان، هێشتا درک بەو مەترسییە نەتەوەیی و جیۆپۆڵەتیکییە ناکەن و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان لەسەرووی بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەبینن. ئەوان لەبری زیادکردنی خشتێک بۆ پەرژینی نێوماڵی کورد، تواناکانی خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە، هێرشکردنە سەر سەرکردایەتیی هەولێر و لاوازکردنی دۆزی کورد لە ڕۆژئاوا. تەنانەت دژایەتی و ڕق و قینەیان گەیشتووەتە ئاستێک، کە هەموو هەوڵ و هەنگاوێکی حەکیمانە، بە بیرکردنەوەی تەسک و کورتبینیی خۆیان بە "پیلان و سیناریۆ" لەقەڵەم دەدەن.
لە هەمان کاتدا، سەرکردایەتیی کورد بە چڕی لە هەوڵی کۆکردنەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتیدان. کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، هەروەها بەشداریکردنی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، ئامانج لێیان کۆکردنەوەی پشتگیریی جیهانییە بۆ گەلی کورد. جێگەی خۆشحاڵییە کورد لە سەرتاسەری جیهان لەڕووی هاوسۆزی بۆ خوشک و براکانیان لە ڕۆژئاوا یەکگرتوون، بەڵام کارەساتە کە هەندێک میدیا و گرووپ بێ گوێدانە هەستیاریی دۆخەکە وەک ئامرازی دوژمن کار دەکەن و زانیاریی هەڵە و ڕق و قینە بڵاو دەکەنەوە. ئەمە لەکاتێکدایە سەڕەڕای زوڵم و توندوتیژیی سوپای عەرەبیی سووریا، سەرجەم میدیای عەرەبیی سوننە بە شانازییەوە پشتگیریی هێرش و پەلامارەکانی ئەم سوپایە دەکەن.
بۆیە کاتی ئەوە هاتووە سەرجەم جیاوازی و ناکۆکییەکان وەلابنرێن و بۆ ئامانجێکی هاوبەش کار بکرێت، کە ئەویش پاراستنی ماف و ناسنامەی کوردییە، بەتایبەت پرسی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە هەموو ساتێک زیاتر پێویستی بەم پاڵپشتی و یەکگرتووییە هەیە. زەروورەتێکی هەنووکەییە کە هەموو سەرکردە و پارتەکان وەک ئەرکێکی نەتەوەیی کار بکەن بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد.
لە کۆتاییدا، گەلی کورد لە قۆناغێکی مێژووییدایە؛ دەکرێت لەبری بەکارهێنانی دەسەڵات و هەژموونی سیاسیی لایەنەکان بۆ سڕینەوەی یەکتری، لەپێناو ماف و مانەوەی ناسنامەی کوردی بجەنگن و بە یەکگرتوویی پشتیوانی لە هەوڵەکانی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بکرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە.