بۆ "نوێنەرە خۆفرۆشەکانی" کورد لە بەغدا

"ھەندێ لە ئێوە بە باوەشی 2 تا 3 حزبدا تێپەڕیون تا بوونەتە ئەندامی پەرلەمان لە  بەغداد ھەر ئەمە باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە  ئێوە خاوەنی ھیچ پرەنسیپ و بەھایەك نین"

بۆ "نوێنەرە خۆفرۆشەکانی" کورد لە بەغدا
بۆ "نوێنەرە خۆفرۆشەکانی" کورد لە بەغدا

نەوەیەکی  بەناو سیاسی بێ مۆراڵ نوێنەرایەتی خەڵکی دەکەن لە پەرلەمانی بەغدا، کە بە خۆڵی بەر پێی مستەشارەکانی زەمانی سەددام نابن، چونکە مستەشارەکان لانی کەم ژیانی ھەزاران پێشمەرگە و فیراریان پاراست ئەو سەردەمە. 

ئەو خۆفرۆشانە بە ناوی نوێنەرانی خەڵکی ھەرێمەوە یەك سەدە خەبات و رووبارێک خوێنی نیشتمانیان بچووكکردوەتەوە بۆ ‌ مەسەلەی نان و مووچەی خەڵکەکەمان، ئەوان دەیانەوێت خەڵکەکەمان بە کڕنووشەوە ببەنەوە بۆ بەر پێی عەرەبەکان و ھەرێمی کوردستان لەبەر یەك ھەڵوەشێنن!

ئەوان  جاشایەتیان کردووەتە پرۆسەیەکی نۆرماڵ و مەسەلەی خەباتی نەتەوەکەمان بە فش و ھۆڕی قەومی ناودەبەن، ئەمانە دەستیان ھەیە لە جینۆساید و ئەنفالی  خەڵکەکەمان، بە دیوێکی دیكەدا ئەوان نەك ھەر رێگە دەدەن عەرەبی شۆڤێنیست درێژە بەسیاسەتی دوژمن کارانەی بدا، بەڵکو ھاوکاریشیان دەکەن و زانیارییان پێدەدەن کە چۆن خەڵکەکەمان برسی بکەن و شکۆیان بشکێنن، گەر  مەسەلە نان  و مووچە بێ، لاموایە ھیچ سەرکردەیەکی عێراقی و عەرەبی ھێندەی سەدام خەڵکەکەی تێروتۆخ نەکرد‌بوو، نەك تەنھا خەڵکانی عێراق، بەڵکو یارمەتی ھەموو عەرەبە ھەژارەکانی دنیای عەرەبیشی دەدا، بەڵام ئەوە ئێمەی کورد بووین لەو سەردەمەدا شکۆ و کەڕامەت لامان گەورەترین بەھا بوو، بۆیە دژی سەدام راپەڕین و نان و خوانه‌ رازاوەکانمان رەتدەکردەوە. کەچی ئێوە تازە دەتانەوەێت سەرشۆڕانە دیسانەوە خەڵکەکەمان ‌ بچەمێینەوە بۆ ژێردەستەی عەرەب و سیاسەتی مەڕی خۆشلەوەڕ لە پیادە بکەن. (پەندێکی کوردییە: گەر من مەڕ بم شوانەکەم ھەر کەسێك بێ با ببێت)، دەکرێ ھەر کەس لە ئێوە ئەو کەسایەتیە لەرزۆکە، خۆفرۆشە سەرشۆڕ ده‌بێ، کە زۆر ئاسان بچەمێتەوە لەبەردەم دوژمنەکانیدا، بەڵام خەڵکی ئێمە خوێن و قوربانیداوە و خاوەنی شکۆ و کەڕامەتە، مێژوو ئەو گەواھیە دەدات کە مەڕی خۆش لەوەڕ نییە و ‌ ژیانی  سەرشۆڕی و ژێردەستەیی قبوڵ نییە.

ھەندێ لە ئێوە بە باوەشی 2 تا 3 حزبدا تێپەڕیون تا بوونەتە ئەندامی پەرلەمان لە  بەغداد ھەر ئەمە باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە  ئێوە خاوەنی ھیچ پرەنسیپ و بەھایەكی ئەخڵاقی نین لەبەر ئەوەشە شایەنی ئەوە نین نوێنەرایەتی خەڵک بکەن. نەفرەت لەو بەرپرس و كەسانە عوقدەیەی کە تەنھا لەبەر تۆڵە کردنەوە لە ھاوڕێکانی شاخی  بێ پرەنسیپ و دەمڕووتی وەك ئێوەی کردە نوێنەری خەڵك! ئاخر خەڵکانی بێ پرەنسیپ و ئەخڵاق کەی شەھامەتی نوێنەرایەتی خەڵکی ھەیە؟ ئەوە ئێوەن کە بەلاتانەوە ئاسانە مەڕی خۆشلەوەڕی ئاخووڕەکانی عەبادی و کازمی و ئه‌وانی دیكە بن و ‌ دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان پیادە بکەنەوە، ئەوەی کێشەی مووچە و نانی بۆ خەڵکەکەمان دروستکرد لە بەغداد ئێوەن، یەکی بەیەکتانن ‌و دوو ھێندەی پارتی و یەکێتی تاوانبارن، چونکە وەك پێویست ئەرکی خۆتان بە جێ نەھێناوە.  کاتێ عەرەبە شۆڤێنیستەکان دەست بۆ شکۆ و کەڕامەتی خەڵکەکەمان درێژ دەکەن ئێوە نەك  بێدەنگن، بەڵکو ململانێی حزبی ناوخۆیی دەبەنە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و لەسەر مێزی دوژمنانی کورد ھەڵیدەڕێژن، ئەمە سەرەوخوار تێگەیشتنە لە سیاسەت، لە ململانێی حزبی، کاتێ کە ئیفلاسی لە ململانێی سیاسیدا و شتی زیاترت پێنیە بۆ خەڵکەکەت دەتەوێ بە جاشایەتی و خیانەت ببیتە رەقەم؟

حکومەتی ھەرێمی كوردستان ھەر چیەك و ھەر چۆنێك بن یەك بەیەکتان شەریکن لەگەڵی، چونکە ئەوە ئێوەشن بەشدار لەو حکومەتەدا، گۆڕانکاری لە حکومەتی ھەرێمدا لە دەرەوەی ھەرێم نییە، بەڵکو لەناو خودی ھەرێمدایە،  واز لە کرووزانەوە و پاڕانەوە بێنن ، دەبێت خەڵکی سیاسی جورئەتی ئەوە بکات کە پەنجەی ھەڵە  بۆ سەرکردەکانی خۆی درێژ  بکات ئینجا مافی ئەوەی ھەیە باس لە ھەڵەی ئەوانی دیكە بکات.

ئێوە کاتێ حەشدی وەحشی لاشەی پێشمەرگەی دەھاڕی لە کەرکووك و لە ناوچە جێناکۆکەکان سووكایه‌تیان به‌ ژنی کورد کرد و دەیان ھەزار لە خەڵکەکەمانیان ئاوارەکرد، لە پەرلەمانی بەغدا نەك دەنگتان لێوە نه‌هات، بەڵکو دەچوون بەسەر قۆنەرەکانی عەبادیدا دەکەوتن و پاکانەی ئەوەتان دەکرد کە باوەڕتان بە سەربەخۆیی كوردستان نییە، بەڵام کاتێك گەنجەکانی نیشتمان بەدەستی جاشەکانی سوپای پاسداران شەھید دەکرێن ناڕەزایی دەردەبڕن دژی ھەرێمی کوردستان، نمایشی ناڕەزایەتی رێکدەخەن لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام کاتێك عێراق 600 خۆپیشاندەری خۆی کوشت ئێوە پشتگیری سوڵتەی عێراق بوون و نقەتان لێوە نەھات، ئەمە جاشایەتی و خۆفرۆشی ئێوە دەردەخات، ‌گەنجی خۆپیشاندەری ئێمە خاوەنی چەك نییە ئەوەی گەنجی ئێمە دەکوژێ  ئێوەن، بەرپرسەکانتانن کە سەر بە ژووری عەمەلیاتی سوپای پاسدارانن.

ئێوە مشەخۆرن بەسەر ژیانی گەنجەکانی نیشتمانەوە و ژیانی ئەوانتان کردووەتە قوربانی ململانێی رقی حزبی،  ئێوە ‌ خۆفرۆش و نیشتمان و خەڵك فرۆشن، گەر کێشەی کورد لاتان تەنھا نان و مووچەیە، بڕۆن بەسەر قۆنەرەکانی نەوەکانی سەددامدا بکەون و لێیان بپاڕێنەوە تا بێنەوە عێراقتان بۆ بکەنەوە بە عێراقەکەی جاران، چونکە  نەوەکانی سەددام لە سەددامی باوکیانەوە فێربوون چۆن خزمەتی خەڵکەکەیان دەکەن و موڵکی گشتیش داگیر نەکەن.   کە نە کازمی، نە عەبادی و نە مالیکی نە بێحورمەت و  نە ئێوە بە تۆزی بەرپێی قۆنەرەکانیشیان نابن. 

بەڵام ئەوەی  ئێمەی خەڵکی سلێمانی پێ پەروەردە کراوە کە شەق ھەڵدان بوو لەو نان و خوانە ژێردەستەییەی کە کەڕامەت و شکۆمان بشکێنێت.  ئێوەی خۆفرۆش و جاش بە 100 ساڵی تریش نابنە کەسانی سیاسی وا تا نوێنەرایەتی خەڵك و نیشتمان بکەن، ئێوە دەبێت دەیان خولتان بۆ بکرێتەوە لەسەر ئەوەی کە نوێنەرایەتی خەڵك چییە و چۆنە، کە سیاسەت چییە و چۆنە، کەس نییە نکۆڵی لە گەندەڵی  و دزی بەشێك لە بەرپرسەکانی کورد بکات، بەڵام ھەرگیز بەنرخی گۆڕینەوەی خوێن بە نان نییە.