ئەڵماس عەزۆ
نووسەر
پڕۆژەی ئی پسوولە وەک وەچەرخانێکی دیجیتاڵی لە خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا
لە چوارچێەوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مۆدێرنکردنی دامەزراوەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی دیجیتالی پڕۆژەی( ئی )پسوولە وەک چارەسەرێکی ستراتیژی بۆ تێپەراندنی سیستەمە کلاسیکییەکانی پارەدان دەرکەوتووە، ئەم سەکۆیە تەنیا ئامرازێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو وەڵامێکی کردەییە بۆ کۆتاییهێنان بەو گرفتانەی کە ساڵانێکە هاووڵاتیان و فەرمانگەکان پێوەی دەناڵێنن، پڕۆژەی ( ئی )پسوولە وەک یەکێک لە دەستپێشخەرییە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانجی سەرەکی مۆدێرنکردنی سیستەمی کۆکردنەوەی داهات و ئاسانکارییە بۆ هاووڵاتیان، ئەم سەکۆیە تەنیا گۆڕینی شێوازی پارەدان نییە،بەڵکو هەنگاوێکە بۆ بنبڕکردنی ئەو گرفتە کارگێری و داراییانەی کە سالانێکە لە سیستەمی کاشدا بوونیان هەیە.
١-چارەسەرکردنی ئاستەنگە کارگێڕییەکان:
سیستەمی ئێستای پارەدان بە کاش چەندین گرفتی بۆ حکومەت و هاوڵاتی دروست کردووە کە ( ئی )پسوولە چارەسەریان دەکات:
· کۆتاییهێنان بە نۆرەگرتن و قەرەباڵغی:کەمکردنەوەی فشار لەسەر فەرمانگەکان و ڕزگار کردنی هاوڵاتی لە ماندووبوون.
· خێراکردنی پڕۆسەی دارایی:پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات بۆ حکومەت خێراتر و شەفافتر دەکات.
· کەمکردنەوەی تێچوو: کەمکردنەوەی تێچووی بەرزی بەڕێوەبردنی کارەکان و چاپکردنی پسوولەی کاغەزییەکان.
· پەرەپێدانی کلتوری پارەدانی مۆدێرن:کۆتاییهێنان بە مامەڵەی کاش و هاندانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی کارت و جزدانە ئەلیکترۆنییەکان، کە ئەمەش نیشانەی پێشکەوتنی ئابووری هەر وڵاتێکە .
٢- تایبەتمەندییە ستراتیژییەکان بۆ متمانەی هاوڵاتی.
بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە سەرکەوتوو بێت چەند ڕەهەندێکی گرنگی تێدا ڕەچاو کراوە کە متمانەی تەواو بە هاوڵاتی دەبەخشێت.
· پەسەندکراوی فەرمی: سەکۆکە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە دانپێدانراوە ئەمەش شەرعیەت و پارێزراویەکی تەواوی پێ دەبەخشێت.واتا ئەمە تەنیا ئەپڵیکەیشنێکی بازەرگانی نییە، بەلکۆ سەکۆی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق پەرەی پێدراوە، ئەمەش گەرەنتی بەردەوامی و پارێزراوی دەکات.
· سفر تێچوو: هێچ بڕە پارەیەکی زیادە ناخرێتە سەر پسوولەکان ئەمەش هاندەرێکی سەرەکییە بۆ بەکارهێنانی لەلایەن خەڵکەوە.
· سەربەخۆیی لە پارەدان:سیستەمەکە بە هیچ شێوەیەک بە ئۆتۆماتیکی پارە لە هەژماری هاوڵاتی نابڕێت، پارەدان تەنیا بە ڕەزامەندی و دەستپیشخەری هاوڵاتی خۆی دەبێت.
· نەرمی لە پارەدان:توانای پارەدان بەشێوەی قیست یان بەشێک لە بڕی پسوولەکە هاوکارییەکی گەورەی باری دارایی هاوڵاتیان دەکات.
٣- ئاسایشی زانیاری و بەدواداچوون:
( ئی )پسوولە سیستەمێکی وردی بەدواچوون دابین دەکات کە تێیدا هاوڵاتی دەتوانێت مێژووی هەموو پارەدانەکانی ببینیت، ئەمەش شەفافیەت دروست دەکات و ڕێگری دەکات لە هەر هەڵەیەک کە لە سیستەمە کاغەزییەکاندا ئەگەری ڕوودانیان هەبوو، هەروەها هاوڵاتیان لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە ئاگاداری وەردەگرن دەربارەی نوێترین پسوولەکان و بڕی قەرزەکانیانن، ئەمەش ڕێگری دەکات لە کەڵەکەبوونی قەرز.
ئەنجام
پڕۆژەی ( ئی )پسوولە بەدیلێکی سەردەمیانە و فەرمییە کە هاوسەنگییەکی تەواوی لە نێوان بەرژەوەندی حکومەت لە کۆکردنەوەی داهات و ئاسودەیی هاوڵاتی لە ڕاییکردنی کارەکانیدا دروست کردووە، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی کاریگەرە بەرەو حکومەتی ئەلیکترۆنی و هەنگاوێکی بوێرانەیە بۆ تێپەراندنی سیستەمە کلاسیکییەکان و گەیشتن بە ئاستی ئەو وڵاتە پێشکەوتووانەی کە تەکنەلۆژیا دەکەنە بنەمای خزمەتکردنی هاوڵاتی و شەفافیەتی دارایی.دەکرێت بڵێین ئەم پڕۆژەیە متمانەیەکی بەهێز لە نێوان حکومەت و هاوڵاتیدا دروست دەکات و دەبێتە هۆی ڕێکخستنەوەی وردی داهاتە گشتییەکان لە ڕیگەی سیستەمێکی دیجیتاڵی پارێزراو. سەرکەوتنی ئەم دەستپێشخەرییە وەک بەردی بناغەی حکومەتی ئەلیکترۆنی دادەنرێت کە دەرگایەکی نوێ بەرەو مۆدێرنکردنی هەموو سێکترە کارگێڕییەکان و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری هەرێم دەکاتەوە.