رۆژنامەگەریی کوردی؛ لە نێوان شکۆی مێژوو و بەرپرسیارێتیی نیشتمانیدا

رۆژنامەگەریی کوردی؛ لە نێوان شکۆی مێژوو و بەرپرسیارێتیی نیشتمانیدا
رۆژنامەگەریی کوردی؛ لە نێوان شکۆی مێژوو و بەرپرسیارێتیی نیشتمانیدا

ئەمڕۆ کە یادی 128 ساڵەی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردیدا دەکەینەوە، بیرمان نەچێت ئەم یادە تەنیا یادکردنەوەی بەروارێکی مێژوویی نییە، بەڵکو رێز لەو کاروانە مەزنە دەگرین کە لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان بۆ یەکەمجار وشەی کوردیی کردە مەشخەڵی رووناکبیری و ناسنامەخوازی. لەم یادە شکۆدارەدا، گەرمترین پیرۆزبایی لە تەواوی خێزانی رۆژنامەگەریی کوردی دەکەین و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ هەموو ئەو قەڵەمە بوێرانە دەخوازین کە راستگۆیی و پیشەییبوون بە بنەمای کارەکانیان دەزانن.

گەیاندنی زانیاریی ورد و دروست، گەورەترین ئەرکی ئەخلاقیی سەر شانی هەر دەزگایەکی میدیاییە، چونکە کۆمەڵگەیەکی هۆشیار لەسەر بنەمای زانیاریی راست و بێگەرد بونیاد دەنرێت. پێویستە خێرایی لە گەیاندنی هەواڵدا نەبێتە قوربانی بۆ تێپەڕاندنی راستییەکان، بەڵکو دەبێت وردی و دڵنیایی لە سەرچاوەی زانیارییەکان هەمیشە لەپێشینەی کارەکان بن. بەم شێوەیە، میدیا دەبێتە پردێکی متمانەپێکراو بۆ گەیاندنی راستییەکان بە هاوڵاتیان و دوورکەوتنەوە لە هەر زانیارییەک کە مەیلی چەواشەکاریی تێدا بێت.

لای کەسمان شاراوە نییە کە پیرۆزیی ئەم پیشەیە لەوەدایە کە ببێتە دەنگی راستی و ئاوێنەی پاکی کۆمەڵگە، نەک بکرێتە ئامرازێک بۆ ململانێی تەسک و لێدان لە کەسایەتییەکان. پێویستە دەزگا میدیاییەکان بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن؛ چونکە ناوزڕاندن و بەکارهێنانی سەکۆ میدیاییەکان بۆ شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان لە پێناو بەرژەوەندیی تایبەتدا، گەورەترین مەترسییە کە نەک هەر زیان بە شکۆی پیشەکە دەگەیەنێت، بەڵکو دەبێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر تەبایی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی نیشتمانیی نیشتمانەکەمان. رۆژنامەگەریی راستەقینە دەبێت هەمیشە وەک قەڵغانێکی نیشتمانی کار بکات و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل لەسەروو هەموو شتێکەوە دابنێت.

هەروەها لە سایەی ئەو کەشە ئازادەی کە حکومەت بۆ کاری راگەیاندن فەراهەمی کردووە، ئەرکی ئەخلاقی و پیشەیی دەزگاکانە کە ئەم ئازادییە بۆ هۆشیارکردنەوە و بونیادنانی نیشتمان بەکاربهێنن، نەک بۆ لێکترازانی کۆمەڵگە. با ئەم یادە بکەینە وەرچەرخانێک بۆ گەڕانەوە بەرەو رۆژنامەگەرییەکی تەندروست کە تێیدا رێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ، پاراستنی زمان و کلتووری کوردی و پارێزگاری لە ئاسایشی نیشتمانی، هێڵە سوورەکان بن. با قەڵەمەکانمان تەنها بۆ راستی و ئاوەدانی بنووسن، تاوەکو هەمیشە وەک هێزێکی بونیادنەر و جێگەی متمانەی گەل بمێننەوە. رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی لە هەموومان پیرۆز بێت لە هەموو ئەو قەڵەمە بەرپرسیارانە کە نیشتمان و مرۆڤایەتی بە پیرۆزترین ئەرکی خۆیان دەزانن.