زەهرا سەمەد
نووسەر
سەرۆک مەسعود بارزانی، یەکڕیزی نەتەوەیی و چارەسەریی نێودەوڵەتی بۆ کێشەی کورد لە سووریا
لە ناو سیستەمی سیاسیی ئاڵۆزی ناوچەکە و لەژێر فشاری دابەشبوونی جوگرافی و دەوڵەتانی داگیرکەر، پرسی یەکڕیزی نەتەوەیی کورد هەمیشە یەکێک بووە لە گرنگترین ئالنگارییە سیاسییەکان. لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆک مەسعود بارزانی وەک کەسایەتییەکی ستراتیژی و مێژوویی دەرکەوتووە کە هەوڵی داوە یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کورد وەک پڕۆژەیەکی سیاسی و نەتەوەیی پارێزراو بهێڵێتەوە.
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە قۆناغێكدا هاتووەتە مەیدانی سەرکردایەتی، كە كوردستان لە سەختترین قۆناغەكانی مێژوویی خۆیدا بووە، بەڵام بە هۆشیاری و ئارامگرتنی سیاسی، هەوڵی داوە هیوای یەکڕیزیی گەلی کورد زیندوو بهێڵێتەوە. لە سەرەتای سەرکردایەتییەوە، تێڕوانینێکی روون و دیاری هەبووە، لەگەڵ ئەوەی سەرکردەی باشووری كوردستانە، هەمیشە خۆی وەک سەرکردەی هەموو كوردان بینیوە. لە وتار، هەڵوێست و كارە سیاسییەكانیدا، بەردەوام دووبارەی كردووەتەوە كە كێشەی هەر پارچەیەك، كێشەی هەموو كوردستانە. هەمیشە هەوڵی داوە بەشی باشوور وەک قەڵای پاراستنی یەکڕیزی و پشتیوانی نەتەوەیی بەکاربهێندرێت، نەک وەک سنوورێکی سیاسی. ئەم تێڕوانینە بووە هۆی ئەوەی ناوی ئەو لە دڵی خەڵكی باكوور، رۆژئاڤا و رۆژهەڵاتیشدا شوێنی تایبەتی هەبێت.
لە دوای شەڕی ناوخۆی سووریا، کێشەی خاک، ناسنامە، گەڕانەوەی ئاوارەکان و مافی سیاسیی کورد لەو وڵاتەدا بووە یەکێک لە ئاڵنگارییە سەربەخۆ و نێودەوڵەتییەکان. زۆر جار، ئەم بابەتانە لە نێوان هێزە گەورەکاندا ون بوون یان وەک کارتی فشار بەکارهێنران. لێرەدا رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی وەک ناوەڕاستگیر و کەسایەتییەکی قبووڵکراو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، گرنگی تایبەتی پێدەدرێت.
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، سەرۆک مەسعود بارزانی رۆڵێکی کاریگەری گێڕاوە لە گەیاندنی دەنگی کورد بە جیهان. ئەو بە سیاسی و ستراتیژی، پرسی کوردی لە چوارچێوەی ماف، ئارامی ناوچەیی و هاوسەنگی نێودەوڵەتیدا ناساندووە. ئەم تێڕوانینە یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی کوردستان وەک هێزێکی سیاسی و هاوبەش لە جیهاندا ببیندرێت، نەک تەنیا وەک ناوچەیەکی شەڕ و ناکۆکی.
یەکێک لە هەنگاوە دیارەکانی ئەم قۆناغە، سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ئیتاڵیا بوو؛ سەردانێک کە لە دەرەوەدا وەک سەردانێکی فەرمی دەبینرێت، بەڵام لە ناوخۆدا هێمایەکی قووڵی دیپلۆماسیی و سیاسی هەیە. لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، سەرۆک بارزانی کێشەی کورد لە سووریا لە چوارچێوەی مافە مرۆڤایەتییەکان، یاسای نێودەوڵەتی و پاراستنی خاکی رەسەنی خەڵکەکە باس کرووە.
زانیارییەکی گرنگ و کەم باو ئەوەیە کە لەم سەردانەدا، جەختی تایبەتی لەسەر پرسی گۆڕینی دیمۆگرافی، دەستدرێژی لەسەر خاک و سامانی کورد و پێویستیی دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پاراستنی مافەکان کردووە. ئەم هەنگاوە بووە هۆی ئەوەی پرسی کورد لە سووریا لە ئاستی ئاساییی هێزە ناوچەییەکان بگوازرێتەوە بۆ ئاستی گفتوگۆی ئەوروپی.
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە ئەزموونی درێژی خەباتی نەتەوەییەوە فێری ئەوەمان دەکات کە دیپلۆماسی و هۆشیاری سیاسی کاریگەرترن لە هێزی چەک. ئەو نیشانی داوە کە دەتوانرێت پرسی کورد بە زمانێکی ئارام، زانستی و مافی ناسراوی نێودەوڵەتی بگەیەنرێت، بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی تێکچوون و شەڕی نوێ.
کەواتە، سەرۆک مەسعود بارزانی تەنیا سەرکردەیەكی سیاسی نییە، بەڵكو وەک بەردەوامی پێدەری میراتی شۆڕشیی بارزانی نەمر (مەلا مستەفا بارزانی)، هێمایەکی مێژووییە كە پەیوەندییەکی ستراتیژی نێوان خەبات و شۆڕشی رابردوو و ئامانجە سیاسییەكانی سەردەمی نوێی دروستكردووە. نیشانی داوە کە خەباتی نەتەوەیی تەنیا بە هێزی چەک نییە، بەڵکو بە دیپلۆماسی، رێککەوتن و هۆشیاری سیاسی بەردەوام دەبێت.
لە کۆتاییدا، سەرۆک مەسعود بارزانی وەک سەرکردەیەکی سیاسی، كۆكەرەوەی نەتەوەیی و دیپلۆماتێکی سەردەمی نوێ، هێزێكی گرنگە بۆ پاراستن و زیندوو هێشتنەوەی بیرۆكەی یەکڕیزی هەر چوار پارچەی كوردستان. رۆڵێکی کاریگەری هەیە لە بەیەکەوە بەستنی پەیوەندی نێوان خەباتی مێژوویی و چارەسەرییە سیاسییەکانی ئێستا. سەردانەکەی بۆ ئیتاڵیا بۆ پرسی خاک و مافەکانی کورد لە سووریا، نیشانەی ئەوەیە کە کێشەی کورد دەتوانرێت بە رێگای دیپلۆماسی، یاسا و پەیوەندیی نێودەوڵەتی چارەسەر بکرێت، نەک تەنیا بە شەڕ و پێکدادان.