زەهرا سەمەد
نووسەر
شیکارییەک بۆ پاڵنەرەکانی تاوان لە تەمەنی مێردمنداڵیدا
رووداوە دڵتەزێنەکەی ئەم دواییانە، کە تێیدا دوو مێردمنداڵ دەستدرێژی دەکەنە سەر منداڵێکی سێ ساڵان، تەنیا تاوانێکی ئاسایی نییە، بەڵکو زەنگێکی مەترسیداری ئاگادارکردنەوەیە بۆ هەموو کۆمەڵگە. کاتێک تاوانبار خۆی هێشتا لە تەمەنی گەشەکردندایە، دەبێت بپرسین: چی وای لەم نەوەیە کردووە لە تەمەنێکی ئاوا پێشوەختەدا بگەنە ئەم ئاستە لە لادانی رەفتاری و سێکسی؟ ئەم بابەتە یەکێکە لە هەستیارترین و مەترسیدارترین ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییانەی کە پێویستی بە راوەستان و شیکارییەکی قووڵ هەیە. ئەم رووداوە، نیشانەی بوونی درزێکی گەورەیە لە سێکتەرە پەروەردەیی، خێزانی و کۆمەڵایەتییەکاندا.
لێرەدا شیکارییەک بۆ پاڵنەرە سەرەکەییەکانی ئەم جۆرە لادانە مەترسیدارانە دەخەینەڕوو:
1- تەکنۆلۆژیای بێ سانسۆر: باڵقبوونی دەروونی و جەستەیی پێشوەختە
مۆبایل و ئایپاد لەم سەردەمەدا بوونەتە چەکێکی دووسەر. کاتێک منداڵ بەبێ چاودێری و سانسۆر دەخرێتە بەردەم شاشەکان، دەروازەی بۆ دەکرێتەوە بۆ جیهانێک کە پڕە لە دیمەنی توندوتیژی و سێکسی کە گونجاو نین لەگەڵ تەمەنیاندا. بینینی بەردەوامی ئەم دیمەنانە دەبێتە هۆی چالاکبوونی پێشوەختەی هۆڕمۆنەکان و باڵقبوونی دەروونی و جەستەیی پێش کاتی خۆی. دووبارەبوونەوەی دیمەنە نەشیاوەکان لەسەر شاشە، وادەکات تاوان و لادانی سێکسی لە مێشکی مێردمنداڵدا وەک کارێکی ئاسایی یان تاقیکردنەوەیەکی سەرکێشانە دەربکەوێت، بێ ئەوەی درک بە قەبارەی زیانەکانی بکات.
2- متمانەی کوێرانە بە دەوروبەر و فەرامۆشکردنی منداڵ
یەکێک لە گەورەترین ئەو کەڵە چەوتییە کۆمەڵایەتییانەی کەم تا زۆر لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە، دروستکردنی متمانەی رەها و پێشوەختەیە بە خزم، دۆست و دراوسێ. دایک و باوک بەو پەڕی متمانەوە منداڵەکانیان لە کۆڵان یان لە ماڵی دراوسێ و خزم جێدەهێڵن بە ناوی یاری کردنەوە. نازانن منداڵەکەیان لە دەرەوەی ماڵ خەریکی چییە، هاوڕێی کێیە و لە کاتی یاریکردندا خەریکی چ جۆرە رەفتارێکە. ئەم کاتە بەتاڵە و دووربوون لە چاوی باوان، ژینگەیەکی ئارام دروست دەکات و زۆرجار دەبێتە سەرەتایەک بۆ ئەوەی مێردمنداڵان و منداڵان پێکەوە تاقیکردنەوەی مەترسیدار و هەڵەی گەورە بکەن کە دواجار کارەساتی جەرگبڕی لێ دەکەوێتەوە.
3- نەبوون یان فەرامۆشکردنی دەسەڵاتی پەروەردەیی و نازی بێ سنوور
زۆرێک لە دایک و باوکان بە ناوی خۆشەویستییەوە، هەموو داواکارییەکی منداڵ جێبەجێ دەکەن. پێدانی مۆبایل و ئایپاد تەنیا بۆ ئەوەی منداڵەکە بێدەنگ بێت یان سەرقاڵ بێت، گەورەترین خیانەتی پەروەردەیییە. چونکە کاتێک منداڵ فێر دەبێت کە هیچ "نا"یەک لە ژیانیدا نییە، هەست دەکات خاوەنی هەموو شتێکە و مافی هەیە دەستدرێژی بکاتە سەر سنووری کەسانی دیکەش. دایک و باوک نازانن منداڵەکەیان سەیری چی دەکات، بۆیە ئەم گۆشەگیریی دیجیتاڵییە منداڵ بەرەو تاریکی دەبات.
4- تێکچوونی سنوورەکانی ناو ماڵ و ژینگەی خێزانی
پەروەردە لە چاو لێکردنەوە دەستپێدەکات. یەکێک لە مەترسیدارترین هەڵەکانی دایک و باوکان، نەپاراستنی تایبەتمەندیی پەیوەندیی هاوسەرگیرییە لەبەردەم منداڵاندا. مانەوەی منداڵ یان مێردمنداڵ لە هەمان ژووری خەوتنی دایک و باوکدا، یان ئەنجامدانی سەرجێیی لە شوێنێکدا کە منداڵ لێی بێدارە، هۆشیارییەکی سێکسی شێواو و پێشوەختە لە مێشکی منداڵدا دروست دەکات.
لەوەش خراپتر بوونی پاشخانی توندوتیژییە. کاتێک ژینگەی خێزانەکە خۆی بەستراوەتەوە بە بیرۆکەی توندڕەوی یان توندوتیژی (وەک بوونی مێژووی باوک لەناو گرووپە چەکدارە توندڕەوەکانی وەک داعش)، ئەمە ژینگەیەکی لەبارتر دروستدەکات بۆ ئەوەی منداڵەکە چەمکی رێزگرتن لە مرۆڤ و یاسا لەدەست بدات.
بە کورتی و بە پوختی، ئەم تاوانە دەرئەنجامی راستەوخۆی متمانەی کوێرانەی خێزانەکانە بە دەوروبەر، هەروەها جێهێشتنی منداڵە لەبەردەم شاشەکان و فەرامۆشکردنی ئەرکی سەرەکی باوانە. بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارەساتانە، پێویستە خێزانەکان چەمکی متمانە رێکبخەنەوە، چاودێری توند بخەنە سەر کاتی یاری و هاتوچۆی منداڵەکانیان، سنوور دابنێن بۆ بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا، ژووری خەوتنی منداڵان جیابکەنەوە و پەروەردەیان بکەن لەسەر بنەمای بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان. بەبێ ئەم گۆڕانکارییانە، باجی فەرامۆشکردنی منداڵ زۆر قورس دەبێت.