ئێران: 700 ملیۆن دۆلارمان لە عێراق وەرگرتەوە
یەكسانە بە نزیكەی 15%ـی قەرزەكانی ئێران كە لەلای عێراقە
 
                        K24 - ھەولێر
وەزارەتی وزەی ئێران رایگەیاند، بڕی 700 ملیۆن دۆلاریان لە چوارچێوەی قەرزەكانیان لە عێراق وەرگرتووە.
رەزا ئەردەكانیان، وەزیری وزەی ئێران لە لێدوانكیدا رایگەیاند، تاران بڕی 700 ملیۆن دۆلاری لە بەغدا وەرگرتووە، كە یەكسانە بە نزیكەی 15%ـی قەرزەكانی ئێران كە لەلای عێراقە.
ئەردەكانیان ئاماژەی بەوەشدا، لە كاتی سەردانەكەی بۆ عێراق، چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنی عێراقی ئەنجامداوە و دەربارەی شایستەكانی ھەناردەی كارەبا و گاز بۆ عێراق توانیویانە بگەنە رێككەوتن.
ھاوكات بەگوێرەی راپۆرتی كۆمپانیای گازی ئێران، عێراق 5 ملیار دۆلار قەرزاری ئێرانە و لە ماوەی رابردووشدا وەزارەتی كارەبای عێراق ھۆشداری دا لەوەی كە ژمارەیەك لە شارەكانی عێراق كە بەغدای پایتەختیش لەخۆدەگرێت، بەھۆی كەمبوونەوەی ھەناردەی كارەبای ئێران بۆ وڵاتەكە، مەترسی بچڕانی كارەبایان لەسەر دروستبووە.
